بوکی شۆرشەکان یان سیحربازە شەڕانگێزەکەی درامای عێراق؟

ستران عەبدولڵا
22:18 - 2021-02-08

 
ساڵی ١٩٦٣ بەعس یەکەم کەتنی خۆی بۆ دەستوەردان لە ژیانی عێراقییەکان دەستپێکرد. ھەشتی شوبات عەروسی سەوراتی لەسەر شانی حەرەس قەومی گواستەوە. شانەی ھەڵگرت و ئاوێنەی دایە دەست گەلی عێراق .

 

زەماوەندەکە وەک ناونیشانی شانۆگەرییەکەی لۆرکا زەماوەندی خوێنین بوو. فاشیزم ئاو لەیەک سەرچاوە دەخۆنەوە و بۆ یەکتری دەستتێننەوە. فرانکۆ لە ئیسپانیا و فرانکۆکانی بەرگ خاکی لە عێراق شیوعییەکانیان بردە قەسابخانە و لەپەنا موزاکەرە لەگەڵ کورد شۆرشی ئەیلولیان غافلگیرکرد تا رێگە بۆ تاوانەکانی حوزەیران و حامیەکەی سلێمانی و تەعریبی یەکەم خۆش بکەن .

 

ھۆزەکانی عەرەب دەیانگوت احنا البدو وین العدو ؟ 
بەو نەفەسە فاشیستەوە ھیچیان تیا نەھێڵایەوە تا زەماوەند وەرنەگێرێ بۆ شین و ماتەم. لە تەموزی ساڵی ١٩٦٨ بەعس ئەوەندە سوێندەی بە خوا و قورئان خوارد گوایە ھەڵەی حەرەس قەومی دوبارە ناکاتەوە بەڵام لە قادسییەی دووەمەوە تا ئوم ئەلمعارک تۆمارەکە دووبارە خوێن و خەڵتەی شۆڤێنیزمە و نابڕێتەوە . لە سوریاش ھێشتا بەعس بووکی شۆرش دەگوازێتەوە و تەنانەت تەقەی جۆشیشیان گوناھو کەرنەڤاڵە وەک بەختیار عەلی دەڵێ. 

 

بەعس ھەم رەوتی خوێن و ھەم خەڵاتی بێ عاری عێراقییەکانە وەختێک بێ باک دەبن لەبەردەم ئەزموون و تاقیکردنەوەی دووبارەی تایفەگەری و شۆڤێنیدا و ئامادەن ھەردەم دووبارەی بکەنەوە. عێراق خۆی گەمەی بێگانە بوو و لە حوکمی بەعسیشەوە سیحری لێکراوە. دەستیان لێ وەشاندووە و پێویستی بەوەیە ترس و بیمی دەربکرێت

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP