دۆخی ڕۆشنبیری لە کەرکوک!

هێدى گه‌ڵاڵى
14:15 - 2022-12-06

 

لە هەر کوێیەکی دنیا بێت کایەی ڕۆشنبیری پەیوەندیدارە بە ئاستی هۆشیاری تاکەکانی کۆمەڵگا بەو پێوەرهی تاکو تاک ڕۆشنبیر نەبێ کومەڵگا ڕۆشنبیر نابێت! واتە بەرز و نزمی  ئاستی ڕۆشنبیری کۆمەڵگا لە هەر شارێک یا نەتەوەیەک یا وڵاتێکدا بەستراوەتەوە بە ئاستی ڕۆشنبیری تاکەکانی ئەو کۆمەڵگا و شار و نەتەوەیە!
 دۆخی ڕۆشنبیری لە کەرکوک بەو پێیەی دانیشتوانەکەی پێکهاتووە لە نەتەوە و  ئاینزای جیاواز کە ( کورد _ عەرەب _ تورکمان _ کلدو ئاشووری) ن ؛ تا ڕادەیەک  وەستاو و لە بۆتە دراوە و پێشکەوتن بە خۆیەوە نابینێت . هەرچەندە  جەماوەر و خەڵکەکەی تەنانەت ڕۆشنبیرانی شارەکەش لە ژیانکردن و پەیوەستبوونیان بە شار وەک یەک هاوژیان و هاوئامانج بن، بەڵام لە بیرکردنەوەو ڕۆشنبیریبوونی تاکەکانی هەر یەک لەو نەتەوە و ئاینزا جیاوازانە لە یەکتر جیاواز دەرکەوتن.  ئەوەی وایکردووە کە جیاوازەکانیان لە رووی ڕۆشنبیریدا دەربکەوێ جیاوازی زمان و کلتوورەکەیانە، چونکە تاکە شارێکە چوار زمانی جیاواز لە یەکتری تێیدا بەکار دێت هەروەک لە پەیڕەوکردن و جێبەجێکردنی هەندێ تەقسی کۆمەڵایەتی و ئاینی و نەریتدا جیاوازیەکان تۆختر دەبنەوە. 
شاری کەرکوک بە هەرچوار پێکهاتەکەیەوە نزیکەی ٥٠٠ نوسەری هەیە و ئەو نوسەرانەش دابەشبوونەتە سەر هەر چوار پێکهاتەکە هەرچەندە لەسەر ئاستی تاکە کەسی و گروپدا هەوڵ و کارکردن هەیە بەوەی کە ڕۆشنبیران و نوسەرانی ئەو شارە کۆبکەنەوە و بە پراکتیکیش جێبەجێ کراوە کە کۆڕ و سیمیناری ڕۆشنبیری و ئەدەبی دەکرێت بەڵام ئەگەر تەماشای هەر کۆڕ و سیمینارێک بکەین دەبینین لە کۆی ئەو لەشکرە ڕۆشنبیر و نوسەرانە ئاستی بەشداربوون لە کۆڕ و کۆبوونەوە ئەدەبی و ڕۆشنبیرییەکان زۆر نزمە! 
پێموایە جوڵە و زۆری و کەمی نووسەرانی بەشداربووی مەراسیمە ئەدەبی و رۆشنبیرییەکانی ئەو شارە لە ڕۆشنبیرانی نەتەوەیەک بۆ نەتەوەیەکی تر دەگۆڕێت ! ئاستی بەشداربووانی نوسەران و ڕۆشنبیرانی عەرەب لەگەڵ تورکمان جیاوازی هەیە هی کورد لەگەڵ هەریەک لەو نەتەوانەدا جیاوازی هەیە. ئەو جیاوازی بەشداربووانە بە پلەی یەکەم هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ خودی ڕۆشنبیران و نووسەران خۆیان چونکە بە ئاشکرا دژایەتی و حزبایەتی و  بەخیلی بەیەکتر بردن لەناویاندا بەدی دەکرێت بە تایبەتیش لە ناو ڕۆشنبیران و نووسەرانی کورد، ئەو دژایەتی کردنی یەکتر زیاتر دەبینرێت! هەرچەندە نەدەبوو ئەو جۆرە بیرکردنەوەو ڕەفتارانە لەناو توێژی ڕۆشنبیران و نووسەران و قەڵەم بەدەستاندا هەبێت، بەڵام تا دێت زەقتر دەبێتەوە و کەسیان ئەویتر ناخوێنێتەوە و چاویان بە کارو بەرهەمەکانی یەکتر هەڵنایە. بەگشتی جوڵەی ڕۆشنبیری و ئەدەبی و هونەری لە کەرکوک لە سووڕی متبووندایە ئەگەرچی لەسەر ئاستی تاکە کەس و گروپدا کاری ئامادەکاری و بەشداری بوون کراوە و هەوڵیش دراوە برەو بە بواری ڕۆشنبیری و هونەری و ئەدەبی لەو شارە بدرێت، بەڵام بە شێوەی ڕئژەیی نەک سەرتاسەری.
ئەگەر بەشێک لە کەمتەرخەمی و پاشەکشێ کردنی ڕەوتی ڕۆشنبیری گشتی ڕۆشنبیران و نوسەران و خۆیان بن ئەوە بەشەکەی دیکە هۆکارەکەی ئەو کەش و دۆخه سەربازییەیە کە بە سیمای شارەوە بە زەقی دیارە و سیمای شارستانی و ژیانی مەدەنیانە دەشێوێنێت! لەو سۆنگەیەوە ئێستای کەرکوک لە رووی بەڕێوەبردنەوە بە بەراورد بە دەوڵەمەندیەکەی کە شارێکە ژێر زەمینەکەی پڕە لە نەوت و غاز  پەراوێز خراوە بەوەی کە پڕۆژەی دروستکردنی ڕێگاوبان و فراوانکردنی شەقام و جوانکردنی سەنتراڵی شار کاری پێویستی بۆ نەکراوە. هەروەها جوانی و ستاتیکا و  ئەندازەیی نابینین لە دەروازەکانیدا لە جیاتی ئەوە سیمایەکی بە بازگە  تەنراو و تاسە دروستکراو نادیدە دەبینین. دەتوانین بڵێین لە دێیەکی گەورە دەچێت نەک شار!!! دیارە ڕۆشنبیرانی ئەو شارەش بە هۆی بوونی حوکمی سەربازی لەو شارە ڕەخنەو دەنگیان ناگاتە بەرپرسە ئیداری و کارگێڕیەکانی شارەکە تەنانەت ئەگەر دەنگیشیان پێیان بگات ئەوە گوێیان لێناگیرێت چونکە لە هەموو دەستەڵاتە یەک لەدوا یەکەکانی خۆجێیەتیدا کەرکوک وەک پارێزگایەکی کێشە لەسەر بووەتە قوربانی و ململانێی سیاسەتی ئەوسا و ئێستای لایەنە سیاسیەکان بە چاودێری وڵاتە ئیقلیمی و دەرەکیەکان!!


Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP