دەركەوتنی جێگرەوە

عوسمان باپیر
15:06 - 2023-01-19

دەركەوتنی جێگرەوە
عوسمان باپیر / سەنگەسەر

سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە كوڕی بەڕێز (مسعود بارزانی)سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان و ئامۆزای سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەڕێز ( نێچرڤان بارزانی)ە.لەوەتەی بوەتە سەرۆكی حكومەتی هەرێم تێكەڵەیەكی لەدەسەڵات دروست كردووە هیچ ڕۆڵێكی بۆ سەرۆكی پارتی و سەرۆكی هەرێمی كوردستان نەهێشتوەتەوەو لەجیاتی حزب و حكومەت و سەرۆكایەتی هەرێم قسەدەكات و بڕیار دەدات..
دەبێت هۆكار چی بێت؟
جاران كە گرفتێك هەبوایە لەنێوان پارتی و یەكێتی یاخود پارتی و لایەنە سیاسیەكانی تر، سەرۆكی پارتی مەكتەبی سیاسی ڕادەسپارد كە دانوستان ڕێكبخەن و چارەسەری كێشەكە بكەن، لەئێستادا نە سەرۆك نە مەكتەبی سیاسی هیچ ڕۆڵێكیان نەماوە ئەوەی لای پارتی ڕوو دەدات تەنها و تەنها سەرۆكی حكومەتی خاوەن( دەسەڵاتێكی زۆر) یەكلایی دەكاتەوە.
یاخود سەرۆكایەتی هەرێم دەبووە نێوەندگیرو كۆبوونەوەی فراوانی لایەنەكانی ڕێكدەخست و بەگفتوگۆو ڕاگۆڕینەوە نەیاندەهێشت كێشەكە گەورە ببێت، ئەگەر چارەسەریش نەكرایە دەیانوەستاندو نەیاندەهێشت زیانەكان گەورەببن، بەڵام ئێستا ئەو دەزگایەش لەقاڵب دراوەو هیچ ڕۆڵێكی نەماوە.
لە ئێستادا كە ماوەیەكی زۆرە یەكێتی بەرەسمی بەپارتی ڕاگەیاندووە كە نادادپەروەری و گرفتی خزمەتگوزاری زۆر لەسنوری سلێمانی و هەڵەبجەو ڕاپەڕین و گەرمیان هەیەو هۆكاری ئەوەش دیاریکراوە كە سەرۆكی حكومەتی هەرێم جیاكاری و ناوچەگەری ئەنجام دەدات بەڵام نەسەرۆكی پارتی نەمەكتەبی سیاسیەكەی نە سەرۆكایەتی هەرێمیش هیچ هەڵوێستێكیان نیە ئەمەش جێی سەرسوڕمانە؟
ئەم پرسیارانە ئاراستەی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان و سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان دەكەم، ئایا لەكایەكانی بەڕێوەبردنی وڵات ھیچ ڕۆڵێكتان ماوە؟؟
چونکە چیتر حزبەكانیش كە كێشەیەكیان هەبوو ڕوتان تێناكەن و ڕەخنەشتان لێناگرن و بەشێوازێكی تر مامەڵە لەگەڵ دۆخەكە دەكەن، چونكە خەڵكی ئەم هەرێمە ماندوو بوون.

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP