ماڵێك لە شوشە

چۆلی ئەسعەد
17:17 - 2023-03-26

هەرێمی کوردستان، لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوودا کەوتۆتە بەر سەرنج و لە ئاستی دەرەوەدا های لایت کراوە، لە راپۆرتەکانی (جنین پلاسخارت) نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عيراق لە بەردەم ئەنجومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بە بوونی گەندەڵی، بەرتەسککردنەوەی ئازادییەکان، دەستوەردان لە کاروباری دادگاکان، سپیکردنەوەی پارە و خراب بەکارهێنانی سامانی گشتی، تەنانەت دواخستنی هەڵبژاردن و یەکخستنی پێشمەرگە و دوو ئیدارەیی ڕانەگەیەنراو کردووە، چەند جارێکیش لە رێکخراوی مافی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان (هیومان رایتس وۆچ) ئاماژەی بە دۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستان کردووە.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاش لە ڕاپۆرتێکدا پەردەی لەسەر گرفتەکانی هەرێمی کوردستان هەڵدایەوە و هەمان ئەو حەکایەتانەی دووپاتکردوە کە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان چەند ساڵە بڵاوی دەکەنەوە، دواجار گۆڤاری (فۆرێن پۆلیسی)ی ئەمریکایی لە نووسینێکدا ژیان لە هەرێمی کوردستانی خستە نێوان بەرداشی بەراوردەوە تاوەکو بەراوردێک لە نێوان ژیانی تاکێکی ئاسایی لەلایەک و خۆشبەختیی دەستەبژێری دەسەڵاتدار و کەسوکارەکەیان بکات، نووسەری ڕاپۆرتەکە بە چاوی خۆی ئەو نادادیانە دەگێڕێتەوە و بەرجەستەی کردوون، بڕوای وایە ئەم هەرێمی کوردستانە، کە ساڵانێکە وەک بەهەشتێک دەخرێتە بەرچاوی دونیای دەرەوە و لە ناو ئۆتۆمبێلی جام ڕەشەوە بۆ میوان و دۆستەکانی دەسەڵات و بیانییەکان نمایشدەکرێت و هەرچی تەلاری بەرز و کۆشکی شاهانەی بازرگانەکانی نەوت و خاک و شەقامی شوشەیی هەیە لەبەردەمیان ڕادەخرێن، ئەوا ئێستا ئەو هەرێمە، کە پلانەکە وایە هەروا ڕێبکات و ڕۆژگار تێپەڕێنێت، بە وتەی نووسەری گۆڤارە ئەمریکاییەکە بەرەو داڕمان دەچێت.

 نووسەرەکە تەنانەت رەخنەی زۆریش لە بەرپرسە رۆژئاواییەکان دەگرێت، چونکە وەک دەڵێت؛ کاتێک شاندیان دەچێتە هەرێمی کوردستان تەنها ئەو کەسانە دەبینن کە لە خۆشگوزەرانیدا دەژین و چاویان بە چین و توێژەکانی دیکە ناکەوێت، نووسیویەتی: ئەم جیاکارییە زۆرجار لەلایەن دیپلۆماتکار و سەردانکەرانی ڕۆژئاواوە چاوپۆشیان لێدەکرێت، کە هەمیشە هاوشانی بەرپرسە حزبییەکانن و سەرکردە بازرگانەکان و خوێندەواری زانکۆ ئەهلییەکان دەبینن.
 ڕاپۆرتەکانی ئەم ماوەیەی ئەمریکاییەکان بە جۆرێک بوون نەیانهێشت نەورۆزەکەمان ئاگرەکەی دامرکێتەوە، سەڕەرای ئەوەی لە نامەی پیرۆزبایی سەرکردەکاندا و لە هاتنی مانگی ڕەمەزاندا دەیانخواست، وەک هەمیشە و لە هەر بۆنه‌یه‌كی نیشتمانی، ئاینی، كۆمه‌ڵایه‌تی، تەنانەت لە ئاهەنگی کردنەوەی قوتابخانە و مزگەوت و نەخۆشخانە و دەرمانخانە و بەنزینخانە و دانانی بەردی بناغەی کارگەی چلورە و نانە قەیسی و دەستپێکردنی پرۆژەیەی شەقامێکی تەواو نەکراویشدا هیوای ساڵ و ئایندەیەکی خۆشتر و ئاشتەوایی و کۆتایی نەهامەتییەکان و .... بێت، ئەمجارە بایەکە بە خواستی ئەوان هەڵی نەکرد، ڕاپۆرت باران کراین، سەرەرای وەک هەمیشە ڕاپۆرتەکان ڕەتدەکەنەوە و بە نائینسافانە ناوی دەبەن و پێیانوایە ئەوانەی ئەو ڕاپۆرتانە دەنووسن چاویان بە گەشەی ئابووری (نازانم کامە) هەرێم هەڵنایەت.
 
بەرپرسانی ئەم هەرێمە، ناچن لەو گەنجانە بپرسن دۆخی هەرێم چۆنە، کە چاوەڕێی دەرفەتێکن ئەم هەرێمە بەجێبهێڵن و ئێستا وا لەناو بارهەڵگرێکدان لە سەفەری کۆچدا، یان چاوەڕێی قاچاخچییەکن لەدەریا بیانپەڕێنێتەوە، یان دەیانجار ڕەفزیان وەرگرتووە و هەر کۆڵنادەن، یان لە هەوڵی ڕازیکردنی باوکیاندان تا خانووەکەیان بۆ بفرۆشێت و ڕێگای نادیار بگرنە بەر، ئەو ڕێگایەی ناڕوونییەکەی بەباشتر دەزانن لە مانەوە.
بۆ ئەوەی باشتر وەڵامی ڕاپۆرتی ڕێکخراوە مرۆییەکانی پێ بدەنەوە.. هەموو سکاڵا ناوخۆییەکان، ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان نابنه‌ ئامرازێک ئه‌م ده‌سه‌ڵاتدارانه‌ی هه‌رێم ناچاربکات كه‌مێك به‌ خۆیاندا بچنه‌وه، لە بری ئەوە خەریکی ئامادەکارین بۆ ڕاپۆرتی داهاتووی ڕەخنەگرتن لە دۆخی ناوخۆیی هەرێم.. ئەم ماڵە کە لە شوشەیە لەم سەردەمی پێشکەوتنی تەکنەلۆژیایەدا، لەم سەردەمی سۆشیالمیدیایەدا، لەبەردەم ئەو دەرگا کراوەیەی دۆست و نەیاراندا، هەموو شتێکی لەبەرچاوە، هیچی شاراوەی نییە، خۆتان هێندەتان بەرد تێگرتووە بەرگەی بەردی غەریب ناگرێ.


*رۆژنامەنووس و مامۆستای زانكۆ

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP