هەڵبژاردن بەپینەو پەڕۆ ناکرێت

حەسەن بێگەڵاسی
12:01 - 2023-03-28


لەئێستادا پرسی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی  کوردستان بۆتە ڕۆژەڤ و بابەتێکی گەرمی هەنوکەیی نێوان لایەنە سیاسیەکان و نێردەو دیبلۆماسیەتی وڵاتانی زلهێزو دۆستەکانی کورد ، بەڵام لێرەدا دەکرێ بپرسم، ئایا هەڵبژاردنەکان بەچ شێواز و میکانیزمێک پێویستە بەڕێوە بچن؟ ئایا هەڵبژاردنەکان یەک بازنەیی دەبن یاخود فرەبازنەیی؟  ئایا یاسای هەڵبژاردنەکان هەموار دەکرێتەوە یاخود نا؟ 
بەڵێ هەموو ئەم پرسیارانەو چەندان پرسیاری تریش ئێستا لەهزری مرۆڤی کوردا بونیان هەیە.  

وەلێ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وەک حزبێکی سۆشیال  هەمیشە لەگەڵ هەڵبژاردن دابووە لەوادەی خۆیدا و ئامادەیی تەواوی هەیە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان، بەڵام یەکێتیی دەیەوێت یاسای هەڵبژاردنەکان هەموار بکرێتەوە و چارەسەرێکی گونجاویش بۆ پرسی کەمە نەتەوایەتیەکان بەپێی شوێن و جوگرافیا دیاری بکرێت٠

 

ئەگەرنا هەڵبژاردن هیچ لەواقیع و دۆخی هەرێمی کوردستان ناگۆڕێت بەڵکو بە پێچەوانەوە ئاڵنگاریەکان قورسترو ئاڵۆزتر دەکات ، لەو دەلاقەوە دەبێ ڕێکەوتن لەنێوان لایەنەسیاسیەکان بکرێت بۆ گەیشتن بەئەنجامێک کە ببێتە ڕەزامەندی هەمولایەک نەوەکو تەنیا پارتێکی سیاسی خاوەن بڕیاربێت و لەبەرژەوەندی خۆی بڕیار بدات  ٠ 

 هەمدیسان هەڵبژاردنێک ئەنجام بدرێت  لەوبەرگە تەقلیدیەی هەڵبژاردنەکانی ڕابردوودا نەبێت ، بەڵکو هەڵبژاردنێکی پاک و بەدور لەگزیکاری بێت بەجۆرێک کەببێتە جێگای ڕەزامەندی هەمولایەک لەناوخۆی هەرێم و دۆستەکانمان لەدەرەوە ، چونکە  یەکێتیی  هەم و خەمی دابینکردنی خۆشگوزەرانی و ژیانێکی کامەرانتر و پاراستنی ئەمن و ئاسایشە بۆ کۆمەڵگەی کوردی ،نەوەکو کات کوشتن و پینەوپەڕۆکردنی کێشەکان لەبەردیدەی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و لەواقیعدا جەهەنەمێک بۆ خەڵک دروست بکەیت  .

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP