لێدوانەکەی وتەبێژی حکومەتی ھەرێم دژی ئاسایشی نەتەوەیی کوردستان بوو

سالار مه‌حمود
17:27 - 2023-04-08

رووداوەکانی دادگای فەرەنساو خستنە خوارەوەی کۆپتەرەکان و پەلاماری جندریس لەنەورۆزو درۆنی سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی یەک ئامانجن
تورکیا مانگێکی تر ئەچێتە ھەڵبژاردنەوەو ئەگەری دۆڕانی ئەردۆغان زۆرە. لە ئێستاوە شەڕێک ئەخوڵقێنێ بۆ مانەوەو دروستکردنی دۆخی نائاسایی بۆ دەستبەردار نەبوونی دەسەڵات. 
ئەمریکا لە تورکیا نیگەرانە، تورکیاش لە وەک ھەمیشە لە کورد نیگەرانە، ئەم جارە کورد لە تورکیا پارسەنگی ھێز ئەگۆڕێ بۆیە ئەردۆغان تووشی ھستریا بووە.
لەم پرسەدا ئەرکی کورد لەوەدا چڕ ئەبێتەوە گەر پشتیوانی ھەدەپە نەکات بەلای کەمەوە با پشتیوانی ئەردۆغان نەبێ!
ھەر لێدوانێک بچێتە خانەی خزمەت کردن بە ئەردۆغان خیانەتە.
تورکیا درۆنی دژی ئابوری ھەرێم و دەزگایەکی مەدەنی بەکارھێناوە کە فڕۆکەخانەیە.
ھەروەھا فیتنەیەکی زیاتری دروست کرد لەناوەوەی خۆمان.
لێدوانەکەی وتەبێژی حکومەتی کوردستان دژی ئاسایشی نەتەوەیی کوردستان بوو، ئاوی کردە ئاشی داگیرکەرانی کوردستانەوە.
حکومەتی ھەرێم لەناو دەیان قەیران و کێشەدا یاسایی و ئیداریدا چەقیوە، بەرگەی بەکارھێنان ناگرێ بۆ مەرامی نانیشتمانی و نا نەتەوەیی.
ھەر لێدوانێک بۆ مەرامی کەسی و حزبی بدرێت جۆرێکە لە خزمەتکردنی ئەجندای داگیرکەران. کوردستان یەکە، ھیچ دەڤەرێک تاپۆ نیە لەسەر لایەک، ھەڕەشە لەسەر سلێمانی تەنیا ھەڕەشە نیە لەسەر پارێزگایەک بەڵکو شەڕی ئیرادەیە. دژایەتیکردنی ھەموو کوردێکی ئازادیخوازە.
رۆژئاوای کوردستانیش قەوارەیەکی دانپیانراوەو لەپەرلەمانی کوردستان ناسێنراوەو بەدەنگی ھەموو لایەنەکان ئیعترافی پێ کراوە. دژایەتی کردنی لەیاسا لادانە.
مێژوو ئەم لێدوان و قسانەی ھەموان ئەنوسێتەوە، 
لەم تەنگژەی کە دروستکرا ھەر لێدوانێک بچێتە خزمەت داگیرکەرانەوە خیانەتە. 
ئەم تێکچڕانە پەیوەندیدارە بە نزیکبونەوەی ھەڵبژاردن لە تورکیا.

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP