ئەودیوی بۆردوومانەکەی سلێمانی

بەرهەم لەتیف
19:12 - 2023-04-09

ئەودیوی بۆردوومانەکەی سلێمانی
بەرهەم لەتیف

بۆردوومانکردنی فڕۆکەخانەی سلێمانی پێشهاتێکی شۆکهێنەر نییە بەنیسبەت ئەوانەی خوێندنەوەیان بۆ هەلومەرجی سیاسیی و سەربازیی ئەمدواییەی ناوچەکە هەیە، بەتایبەتیش کاتێک گۆڕانکاریی بنەڕەتیی چاوەڕوانی ناوەندێکی چەقبەستووی ئیمپریالیزمیی وەک تورکیا دەکات، لەمەوە تێدەگەین ئەم ڕووداوە یەکەم و کۆتا نابێت تا ئەوکاتەی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی تورکیا یەکلادەبێتەوە.

لەم قۆناغەدا هاتنەپێشەوەیەکی نوێ بۆ دۆزی کورد هەیە، بەتایبەتیش دوای ئەو زنجیرە شەڕەی سێ ساڵە لە ناوچە سنوورییەکان دەکرێت و لە سەرجەمیان تورکیا بە دەستی بەتاڵ لێی دەرچووە، لێرەوە جارێکی دیکە ئەو ڕاستییە دووپات دەبێتەوە، کە شەڕ بژاردەی چارەسەر نییە.

هەربۆیە بڕیاری ڕاگرتنی چالاکی لەلایەن کەجەکەوە، پێشوازییەکی نێودەوڵەتیی بۆ دروستبووە کە ئەمریکا لەمەدا بەشێوەیەکی باڵا هاتووەتە پێشەوە. بەشێوەیەک داوایان لە کەجەکە کردووە تا هەڵبژاردنەکانی ١٤ی ئایار درێژە بەو بڕیارەی بدات، کەجەکەش لەزاری بەسێ هۆزاتی هاوسەرۆکەوە ئەمەی پەسەند کرد.

ئێستا هەلومەرجێکی نوێی چارەسەریی دروستبووە، ئەمریکا دەیەوێت هەنگاوێک بەم ئاقارەدا بنێت، بەڵام رووسیا کە تائێستا سێ ملیار دۆلاری بۆ بردنەوەی ئەردۆغان تەرخانکردووە، نایەوێت ئەم هەنگاوە سەربگرێت، تورکیاش بێگومان نەک بەدەمەوەهاتنی نییە، بەڵکو بەپێچەوانەوە دەیەوێت بەر لە هەڵبژاردن شەڕێکی دیکە بکات و دەستکەوتێک تۆماربکات، بۆ ئەوەی شکستی هەشت ساڵی ڕابردووی پێ پەردەپۆش بکات.

بۆ ئەمەش هەوڵیدا هێرشێکی نوێ بۆ سەر ڕۆژئاوا بکات، بەڵام نە لە واشنتۆن و نە لە مۆسکۆش گڵۆپی سەوزی وەرنەگرت، هەربۆیە تائێستا ئەم پیلانەی سەری نەگرتووە.

هەربۆیە دەیەوێت ڕێگە لەو دەرفەتە نوێیەش بگرێت کە ئێستا بۆ گەلی کورد هاتووەتە پێشەوە، بێگومان لەسەر ئاستی جیهان ئەمریکا و فەرەنسا و لەسەر ئاستی ناوخۆش یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پشتیوانی ئەم پرۆسەیە دەکەن، هەربۆیە بۆردوومانەکەی تورکیا تەنها بۆ سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی نەبوو، بەڵکو هێزەکانی ئەمریکای کردە ئامانج، کە بارەگاکەیان تەنها ١٠٠ مەتر لە شوێنی هێرشەکەوە دووربوو، ئەمەش بێگومان بێ وەڵامی ئەمریکا نابێت.

هاتنی ڕێزدار مەزڵوم عەبدی بۆ سلێمانی و کۆبوونەوەکانیشیان لەژێر سەرپەرشتیی ڕاستەوخۆی ئەمریکا بووە، واتە بەئامانجگرتنی هاوپەیمانێکی ستراتیژیی ئەمریکا، ڕاستەوخۆ لێدانە لە بەرژەوەندییەکانی واشنتۆن، بۆیە ئەمریکا ئێستا تورکیا بە مەترسی بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی لە سوریا دەبینێت.

ڕۆڵی یەکێتی لەم پرۆسەیەدا..

یەکێتی تائێستا بەشێکە لەو پرۆسە نوێیەی بۆ چارەسەریی هاتووەتە پێشەوە، سەردانەکەی بەڕێز بافڵ تاڵەبانی بۆ ڕۆژئاوای کوردستان و پەیامەکەی بۆ نەورۆزی ئامەد و یارمەتییەکانی بۆ ڕۆژئاوا بەشێکن لە پاکێجی ئەو پرۆسەیە، کە ئەمەش بەدەر لە تەرەفگیریی بە هەڵوێستی نیشتمانییانە دابنرێن، کە لەو پێناوەشدا ئێستا تورکیا بە گەمارۆدانی فڕۆکەخانەی سلێمانی و بەئامانجگرتنی سەقامگیریی سلێمانی پاداشتی دەکات، لەمەشدا پارتی و بنەماڵەی بارزانی بوونەتە سوورەی بەر لەشکری تورکیا.

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP