یەكێتی ئەندازیاری راپەڕینە

محه‌مه‌د كه‌ريم
21:01 - 2021-03-10

قسەیەك هەیە دەڵێت: حەقیقەت هەرچۆنێك بیگێڕیتەوە، هەر حەقیقەتە. بەندە دەمەوێت ئەوەشی بخەمەسەر، درۆش هەرچۆنێك بیڕازێنیتەوە، هەر درۆیە و نابێت بە حەقیقەت. لێرەوە وەك ئاگادارێكی حەقیقەتەكانی بەرنامەی راپەڕین دەمەوێت حیكایەتی راپەڕین وەكو خۆی بگێڕمەوە بەبێ هیچ رتوش و زیاد و كەمێك. واتە وەك ئەوەی هەبووە نەك وەك ئەوەی هەندێك كەس و لایەن بۆ بەرژەوەندی خۆیان بە لاڕێیدا دەبەن.

سەرەتای مانگی حوزەیرانی 1990 كە هێشتا هیچ ئاماژەیەك لە ئارادا نەبوو بۆ ئەوەی هێزەكانی عیراق پەلاماری كوێت بدەن و داگیری بكەن. یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەستیكرد بە رێكخستنەوەی هێزەكانی خۆی لە مەڵبەندی یەك و دوو و سێ، كە یەكەمیان لە دزڵی و دووەمیان لە بلەكێ و سێیەمیان لە قاسمەڕەش و زەڵێ بوو. هێزەكانی پێشمەرگەی یەكێتی كە زیاتر لە سێ هەزار پێشمەرگە بوون، لەسەر شێوەی بەتالیۆن كران بە سێ گروپەوە.

 یەكەم/ پارتیزانەكان، لەو پێشمەرگانە پێك دەهات كە زیاتر سەڵت بوون و ئامادەییان تێدابوو، لە سنووری ئێرانەوە بێنە ئەمدیو و بەشێوەی پارتیزانیی خەبات بكەن. دووەم: هێزی دووەم، لەو پێشمەرگانە پێك دەهات كە لەبارەگاكان بوون لە هەرسێ مەڵبەندەكە. سێیەم: هێزی سێیەم لەو پێشمەرگانە پێك دەهات كە لە ئۆردوگاكانی سەرسنوور و شارۆچكەكان دەژیان. پاشان زۆربەی پارتیزانەكان هاتنەوە ناوچەكانی كوردستان و خەباتی پارتیزانییان دەستپێكرد، وەكو گەرمیان، قەرەداخ، سەرتەكی بەمۆ، شارباژێڕ، دۆڵی جافەتی، ناوچەكانی سنووری پارێزگای هەولێر.

(2/8/1990) هێزەكانی عیراق پەلاماری كوێت یان داو داگیریان كرد. ئەمەش ئەو ژەهرە بوو كە سەدام حسێن خواردییەوە و ئەمریكای تووڕە كرد و وردە وردە كەوتە دروستكردنی هاوپەیمانییەكی نێودەوڵەتی دژی عیراق سەرەنجام هاوپەیمانییەكی نێودەوڵەتیی لە (34) دەوڵەت پێكهێنا و رەزامەندیی ئەنجومەنی ئاسایشی بۆ وەرگرت بۆ لێدانی هێزەكانی عیراق لە كوێت و دەرپەڕاندنیان، پڕۆسە سەربازییەكە ناونرا گەردەلوولی بیابان و لە (17/1/1991) یەكەم گورزی سەربازیی هێزی هاوپەیمانان لە عیراق درا و هەتا (28/2/1991) بەردەوام بوو. لەم ماوەیەدا حكومەتی عیراق نوێنەری خۆی نارد بۆ ئەوەی لەگەڵ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستاندا گفتوگۆ بكات لەسەر داواكارییەكانی كورد لە عیراق. دوای ئەوەی مەكتەبی سیاسی هەڤاڵ مام جەلال یان ئاگاداركردەوە، كە ئەو كاتە مام لە دەرەوە بوو، مام بە نامەیەك وەڵامی دایەوە كە پێویست ناكات وەڵامی نوێنەری حكومەتی عیراق بدەنەوە. چونكە ئەمریكا و بەریتانیا و زۆربەی وڵاتە گرنگەكانی دنیا سەرقاڵی خۆئامادەكردنن بۆ لێدانی عیراق.

ئینجا مەكتەبی سیاسیی یەكێتی بە رێنمایی مام جەلال و هیمەتی بێوێنەی كاك نەوشیروان كەوتە خۆئامادەكردن بۆ داڕشتنی بەرنامەی راپەڕین. پارتی دیموكراتی كوردستانی داوەت كرد بۆ قاسمەڕەش و دوای چەند دیدارێك بە ئامادەبوونی كاك مەسعود بارزانی و لێپرسراوانی ئەو كاتەی حزبەكانی تری بەرەی كوردستانی بەرنامەی راپەڕینی داڕشت.

ئینجا مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان  دەستیانكرد بە ئامادەكردنی هێزەكانی یەكێتی بۆ هاتنەخوارەوە و چوونە ناو خەڵك و سازدانی راپەڕین. بۆ ئەم مەبەستە پێداویستی سەربازیی و لۆجستیان بۆ هێزەكان ئامادەكرد و چەندان كۆبوونەوەیان لەگەڵ هێزەكان كرد كە لە حاڵەتی چوونە خوارەوە و دەستپێكردنی راپەڕیندا چۆن رەفتار بكەن و چۆن موڵك و ماڵی دەوڵەت و خەڵك بپارێزن، هەروەها چۆن خۆیان لە شەڕی كورد بەكورد بپارێزن و وزەو توانای هێزی پێشمەرگە بەو شەڕەوە بە هەدەر نەدەن و لە جیاتی ئەوە داوا لە هێزە كوردەكانی سەر بەحكومەت بكەن، تفەنگەكانیان رووبەڕووی حكومەتی عیراق بكەنەوە و هاوكار و پشتیوانی پێشمەرگە بن بۆ ئەم مەبەستە لێبووردنی گشتیش دەرکرا، هەروەها بە ناوی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە چەند نامەیەك بۆ سەرۆك جاشەكان و مستەشارەكان و ئەو كەسانە نووسرا  كە خاوەنی نفوز بوون و  دەیانتوانی رۆڵی باش ببینن.

لە رادیۆی دەنگی گەلی كوردستانیشەوە دەستكرا بە ئامادەكاریی بۆ راپەڕین و بڵاوكردنەوەی ئەو پەیامانەی كە پێویست بوون بۆ ئامادەكردنی خەڵك  و خۆسازدان بۆ راپەڕین. ئیتر ئەم رادیۆیە رۆڵی مێژوویی خۆی گێڕا و بانگی راپەڕینی بە گوێی هەموو خەڵكی كوردستاندا دا. لەلایەكی تریشەوە یەكێتی هێزەكانی خۆی بەسەر چەند میحوەرێكدا دابەشكرد و هەر میحوەرێكیش ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی بەرپرسی بوو و دەستكرا بەناردی نامەكان بۆ ئەو كەسانەی پێشان باسكران. واتە بەرلەوەی سەرۆكی ئەمریكا لە (28/2/1991)دا هێرش بۆ سەر هێزەكانی عیراق رابگرێت، یەكێتی هەموو ئامادەكارییەكی كردبوو، هەر ئەوەندەی مابوو، لە سەعاتی سفردا دەست بكات بە ناردنە خوارەوەی هێزەكانی بۆ ئەوەی پەیوەندی بە مەفرەزە پارتیزانەكانەوە بكەن. هەر لە بەرنامەكەدا رۆژی (7/3) وەكو رۆژی دەستپێكی راپەڕین لە سلێمانی دەستنیشان كرابوو.

 

راستە زۆربەی كار و بارەكان بە ناوی بەرەی كوردستانییەوە دەكران، بەڵام یەكێتی هێزی سەرەكی بەرەی كوردستانی بوو، هەم بەرنامەی ساسی و هەم بەرنامەی عەسكەری خۆی هەبوو، زۆرترین پێشمەرگەی مونەزەم و ئامادەشی هەبوو.

كەواتە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ئەندازیاری راپەڕینە و كەس ناتوانێت نكۆڵی لەم راستییە حاشا هەڵنەگرە بكات. ئەم حەقیقەتەش هەرچۆنێك بگێڕدرێتەوە هەر رۆڵی مێژوویی یەكێتی وەكو ئەندازیاری راپەرین دووپات دەكاتەوە.             

*سەرنووسەری کوردستانی نوێ

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP