کەسوکاری سەربەرزی ئەنفالکراوان بێهیوایی و بێمتمانەییان گەشتەئاستێک تا ئەو ڕادەیەی ڕێگە نەدرێت دڵنەواییان بکرێت و لەپرسەیاندا بەشداری بکرێت، ڕەنگە ئەم بابەتە هەفتەیەک بێت و کۆتایی بێت، بەڵام پێویستە لەلایەن ئەم کابینەیەی حکومەتەوە بەجدی وەربگیرێت شەرمی شکۆی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان و ئەوئاگرەی لەناخیاندا دەگڕێت بیانگرێت، خوێن و ڕۆحی فڕیوی کەسوکاریانە بووەتە مایەی ڕێزلێگرتنیان و مەدالیای قوربانیدان بە بەرۆکی ئەم کابینەیەی حکومەتەوە لە ئاستی عيراق و جیهان، کە بەگومڕاییەوە هێز و دامەزراوەکانی حکومەت و سەرمایە و سیاسەتیان خستووەتە خزمەتی ناعەدالەتی و سزای سنورێک کە زریکەی مناڵی بێتاوان و گەنجی قۆڵبەستکراو و ژنی شۆڕشگێڕ و پێشمەرگە و سەرکردەی لەداردراو ئاوازی خەمەکانیەتی، ڕونە پروشکی ئەم نادادی و بێ خزمەتییە کەسوکاری ئەو شەهید و ئەنفالکراوانە و پاشان چین و توێژەکانی تر دەگرێتەوە.
زۆرترین تاوانەکانی بەعس لە سنووری گەرمیان و لە زۆنی سەوزدا ئەنجامدران، زۆرترین وارس و کەسوکاری سەربەرزیان لەم سنوورەی ئەم هەرێمەدان، ڕوونە یەکێتيی نیشتمانيی کوردستان و تیمەکەی لەحکومەت بەهۆی ناعەدالەتی لە خزمەتگوزاری و خزمەت نەکردنی چین و توێژەکانی زۆنەکەی و ئیفلیجکردنی سەدان پرۆژە بەمەبەست و سنووردارکردنی دەسەڵاتەکانی ، ناچێتە کۆبونەوەکانی حکومەت و جاڕی ستۆپی داوە.
بڕیارە تاکلایەنەکانی ئەم کابینەیەی حکومەت و کۆشش و هەوڵەکانی تیمی یەکێتی و بێباکی دەسەڵات لە ئاست داواو دەنگی ناڕەزایی چین و توێژەکانی ئێرە وایکرد سەرۆکی یەکێتيی نیشمانيی کوردستان پابەندبێت بە سازشکردن لەپێناو باشترکردنی گوزەرانی خەڵک، دەستپێشخەریکرد بۆ دانیشتن و گفتوگۆ بەئسوڵی "لەبری هەنگاوێک سێ هەنگاو"
لەمیدیا و دیدار و کۆبونەوەکانیشدا لە بەغدا و هەرێم لەگەڵ حکومەت و حزبەکانی تر زۆر بەڕوونی دەستی لەسەر داواکانی خەڵکی قوربانیدەری ئەم سنوورە داناوە چونکە بێ خزمەتی و ناعەدالەتی و بەتاڵانبردنی نەوت و بڕیارە تاکلایەنەکان لە خزمەتی یەک حزب و دەستە لە حکومەت بووەتە ئەولەویەتی کارەکانی، کە دواجار داوای خەڵکی ئەم سنورەن تێیدا کەسوکاری شەهیدان و قوربانیانی ئەنفال هەن.
سەرنجتان بۆ چەند قسەیەک ڕادەکێشم کە بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتيی نیشتمانيی کوردستان لە کۆڕبەندی هەولێردا بەوپەڕی ڕاشكاویەوە بە دەسەڵات و لایەنەکانی تری لەحکومەت و ڕای گشتی لە وەڵامی پرسیارێکدا لەسەر ئەم دۆخەی حکومڕانی وتی"غەدر لە مامۆستا دەکرێت غەدر لە کەسوکاری شەهیدان دەکرێت غەدر لەم زۆنە دەکرێت، پرۆژەکانی ئێمەیە وەستاوە خەستەخانةکانی ئێمەیە دەرمانی بۆ ناچێت مووچەی هێزە ئەمنییەکانی ئێمەیە بڕاوە موئەسەساتی حکومەت بەکارئەهێنرێت بۆ شکاندن و بچوکكرنەوەی لایەنێکی تر" بەڕاشکاوی بە حکومەت و ئامادەبووانی کۆڕبەندەکەی هەولێری وت "ئێمە کێشەی سیاسیمان نیە کێشەی خزمەتمان هەیە"
بۆیە گرنگە خەڵکی هەرێمی کوردستان و بە تایبەت زۆنی سەوز کە زۆرترین کەسوکاری شەهید و قوربانیانی ئەنفالی تێدایە وەک ڕۆژی ڕووناک بزانن یەکێتيی نیشتمانيی کوردستان هەمان ڕاز و داوای ئەوانی هەیە، زوتر لەهەر لایەنێکی تر هەستی بە بەرپرسیارێتی کردووە لەئاست داوا و خەمی کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان و ئەنفالکراون و چین و توێژە جیاجیاکانی ئەم سنوورە و بەوپەڕی ڕاستگۆیی و بوێریەوە بە گیانی حزبە تێکۆشەرەکەی لەپێناو خەڵکە تێکۆشەرەکەی کۆشش بۆ هاوسەنگی دەسەڵات و خزمەت دەکات بۆ بەرز هێشتنەوەی شکۆی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان و زیندانیانی سیاسی و کەمئەندامانی سەنگەر و سەرجەم چین و توێژەکان.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP