مێژووی دیاردەی سەرتاشین

توانا عوسمان
20:50 - 2023-04-19

تەمەنی سەرو ڕیشتاشین نزیکەی 60 هەزار ساڵە، ئاماژە هەڵکۆڵدراوەکانی سەر دیواری ئەشکەوتەکان "فەڕەنسا" پیاوی سەرو ڕیش تاشراومان پیشان ئەدەن، سەرو ڕیش بە لەتە بەردی ئۆپسیدیان و سەدەفی تیژی دەریایی تاشراوە.

دوای دروستبونی شارستانیەت، لەسەردەمی بابلیەکان و یۆنانی کۆنەوە کەپێنج هەزارساڵێکە بەڵگەی سەرتاشینمان هەیە هەم وەک سزا هەم وەک جیاکاری.

کۆیلەکان سەریان ئەتاشرا تا لەخاوەنەکانیان جیابکرێنەوە، پیاوە ئاینیەکانی پەرستاگاکانی بابل سەریان ئەتاشی تا وەک موخڵسی خودا دەرکەون.

قژ بەشێکی گرنگی شکڵە، جۆری ستایڵەکەی شێوەی مرۆڤ زۆر ئەگۆڕێت، بۆیە مرۆڤ وەک بەشێک لەئیرادەی گۆڕانکاری خۆ بەخۆی مامەڵەی لەگەڵ ئەکات، لێسەندنەوەی ئەم ئیرادەیەش بەسەرتاشینی بەزۆر جۆرێکە لەتێکشکاندنی ئیرادەی کەسەکە.
قژ و ستایڵەکەی تەعبیر لەویستی مرۆڤەکە ئەکا، بەشێکە لەکاراکتەرەکە، بۆیە تاشینی زەوتکردنی بەشێکە لەسەربەخۆیی کاراکتەرەکە.

پیاوە هندۆسیەکان خۆیان سەری ئەتاشن تا ملکەچێتی خۆیان بۆ خودا پیشانبدەن، هەروەها بوزیەکان، ئەم خۆ داماڵینە جۆرێکە لەدەستبەردابونی کاراکتەرایزی خۆت بۆ خودا، ئەمەش پەڕینەوەی هەیە بۆ ناو ئیسلام هەندێک پیاو دوای حەج و عەمرە سەری خۆیان ئەتاشن.

تەنانەت لەچککردن و داپۆشینی قژی ئافرەت بەزۆر لەشارستانیەتی ئاشوری و بەشێکە لەئاینەکاندا دەگەڕێتەوە بۆ زەوتکردنی ئازادی ستایڵکردنی قژ و ئیرادەی ئازادی ئافرەتان لەلایەن پیاوە ئاینیەکانەوە بەمەبەستی کۆنتڕۆڵ.

لەسەردەمی ئیمپراتۆریەکاندا کلتوری سەرتاشین لەناو سوپادا بڵاوبۆوتەوە، ئێستاش ئەم دیاردەیە لەناو زۆر سوپادا باوە، بەشێک سوپاکانی جیهان بەزۆر سەری سەربازەکانیان تاشیوە، هەرچەندە سەرتاشینی سوپا لەشارشتانیەتی میسڕی کۆندا بۆ پاکوتەمیزی و بەبیانوی ئەسپێ ی قژ بوە، بەڵام مانەوەی ئەم بیانوە لەسەردەمی هاوچەرخدا لاوازە، بۆیە تەفسیرەکە ئەوەیە مەبەست لەسەرتاشینی سوپا ناچارکارکردنی سەربازە بەگوێڕایەڵی و زەوتکردنی ئیرادەیەتی بۆ ئەوەی ببێت کەرەستەیەکی جەنگی بەدەست فەرماندەکانیەوە.

سەرتاشین بەزۆر ئازاری جەستەیی نیە، ئاسەوارەکەشی زوو ئەڕوا و قژ دێتەوە، بەڵام ئازارێکی دەرونی بەرزی هەیەو برین لەرۆحدا بەجێئەهێڵێ، یەکێکە لەسزا کۆنەکانی مرۆڤایەتی و ئێستاش لەزۆر کۆمەڵگەدا ماوە بەنمونە بەڕازیل و هندستان.

ئەمەی ئەم ماوەیە لەکوردستان ئەبینێرێت نیشانەی مانەوەی نەرێت و بەها کۆن و نائینسانیەکانە لەهەست و نەستی بەشێک لە مرۆڤی ئێمەدا.

لەم بوارەدا شتێک کەدڵخۆشم ئەکات فیدباک و توڕەیی خەڵکە لەکۆمێنتدا کەزۆرینەی ڕەها دژی ئەم دیاردەیەن، ئەوەشی پێویستە مامەڵەیەکی توندی دەستگاکانە لەگەڵ ئەنجامدەراندا.

تێبینی: وێنەکە ساڵی 1944 ژمارەیەک پیاو سەری ئافرەتێک ئەتاشن کەتۆمەتبارە بەهاوکاریکردنی داگیرکەرانی نازی.. فەڕەنسا.
لە واڵی نووسەرەوە وەرگیراوە

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP