حکومەتی تاکباڵ و یەکماڵ !!

بێستون عه‌لی بنگردی
23:08 - 2023-05-01

‎لەنەریتی حوکمڕانیدا، بەتایبەت حکومەتە هاوبەشەکانی دونیا، هەمیشە کابینەکە لەسەرخواست و لەبەرنامەیەکی هاوبەشی لایەنە بەشداربوەکان پێکدێت، بەڵام لەهەرێمی کوردستاندا، بەتایبەت لەکابینەی نۆھەمدا حکومەت حکومەتی تاک بڕیارو تاکباڵەو هەرچی حساباتی سیاسی وحوکمڕانێتییە بۆ لایەنە پێکهێنەرەکانی تر ناکرێت!!

‎دوای ئەوەی تیمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەشداری کردنیان لەکۆبونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیراندا هەڵپەسارد، ئەو فەزایە لەبری چارەسەر، پارتی و تیمەکەی بەسەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانیشەوە ئەوەندەی تر ئیستغلالیان کرد، یان بەواتایەکی تر، تا جێگری سەرۆک وەزیران و تیمەکەی لەکۆبوونەوەکان بوون، بەشکڵ لەحکومەت دەچوو، بەڵام لەناوەڕۆکدا پڕبوو لەکێشە.
‎کێشەی ململانێی ناو ئەنجومەنی وەزیران و ناو وەزارەتەکان، شۆڕدەبوەوە تا بچوکترین فەرمانگە، چونکە ئەو عەقڵیەت و بیر کردنەوەیەی ئەمڕۆ حوکمڕانی پێدەکرێت، هیچ جۆرە سازانێک قبوڵ ناکات و ئەوەی وترا نەدەبوو ڕەتبکرێتەوە!!
‎ئەمە سازان نیە، ترازانە، لەهیچ وڵات و سیستمێکی حوکمڕانیدا  شتی وا عەجیب نەکراوە، با پارتی ئەو واقعە بزانێت کە لێکترازانی لایەنەکان لەزەرەری گەلی کوردە بەتایبەت خودی پارتی، چونکە ئەم لێکترازانەو ئەو تاک جەمسەرییە تاکۆتایی بەمجۆرەێ ئێستا  ناتوانرێت بەردەوامبێت، بەگەمارۆدانی سلێمانی و هەڵەبجەو ئیدارە سەربەخۆکان، پارتی هیچ دەسکەوتێک بەدەست ناهێنێت.
‎پارتی ئێستا هەموو هەوڵی بۆ ئەوەیە دۆخەکە ھەروەک ئێستا بەناسەقامیگریی بەردەوامبێت، نایەوێت کێشەو داواکاریەکانی خەڵک چارەسەر بکرێت، هەرچەندە ئێستا هەوڵ هەیە بۆ ڕازیکردنی تیمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ ناو کۆبونەوەکان، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون، چونکە چۆن هاتووە پارتی دەیەوێت هەروا بڕوات!!
‎لەئێستادا پارتی حکومڕانی ناکات، بەڵکو پەیڕەوی سیاسەتێک دەکات کەنەخشەڕێگاکەی لەدەرەوە بۆدانراوە، تاکە ئامانجیش  تێکدانی ئاسایش و ئارامی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئەم هەرێمەیە، تا وەک مزراح بەئارەزووی خۆی دۆخەکان بسوڕێنێت و چی بوێت مەیسەری بکات..
‎پارتی ئەم هەرێمە بەرەو داڕمان دەبات و هیچ کەسێکیش قازانج لەم هەنگاوانەی ناکات بەتایبەتی خودی پارتی، چونکە یەکێتی کەویستی شتێک بەئیرادەوە بکات، ئەوا بەجۆرێک هەنگاو دەنێت کە دەرئەنجامەکەی مفاجەئەیەک بێت دۆست و دوژمن سارسام بکات.

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP