گرتەیەك نییە لە فیلمێكی سۆڤێتی كە دڵخۆشی لادێنیشینانی كۆمارەكانی ئاسیای ناوەڕاست بەسەركەوتنی بەلشەفیكەكان بگێڕێتەوە. دیكۆمێنتارییەكی تەلەفزیۆنی ئەڵمانی نییە كە دوو فەرسەخ لەولاترەوە كامێرەمان و تیمی زانایان لە كابینە سەفارییەكەی خۆیاندا چای سەوز و كۆنیاكی سووریان بۆ قەرەبووی هیلاكی وێنەگرتن ئامادەكردبێت.
هیچی ئەمانە نین. ئەمە وێنەی كامێرای پێشمەرگەیەكە بۆ ئەلبومی شەخسی هاودەمەكەی. وێنەی ڕاماڵینی جەنەراڵی زستانی كوردستانە . بەشێنەیی بەفری سارد و سپێتی شاخ دیمەنی ناوازەی چێژ و سەفەر و سەرچڵی ناو سروشتن، بەڵام لە تەنگانەی شۆڕش و سەنگەری بەرامبەرەكی بەعسدا، چاوەڕوانی غەزەبی باهۆز و.. گۆران وتەنی (فەزای لاموتەناهی) تەقویمی زستانە. وایە کە دەزانی كەی هاتووە، بەس نازانی كەی دەڕوا و كەی خۆری بەتین كەمێكی لێ دەتوێنێتەوە و هەڕەشەی تەبیعەت ڕام دەكات؟
زستانێكی سارد بەڕێوەیە کە دەیان سرودی تیپی شەهید كارزان و هەڕەشەی فەرهاد سەنگاوی لە دار و بەرد، دەیان ڕۆمانی شۆڕشگێڕی لە چەشنی (ئاسنیشمان ئاودا) و چەندەها كتێبی (ئەی تەكبیر)ی مامۆستا سەیفەدین و مامۆستا لینین و (جەنگی گەل) بەشیان ناكا و هێشتاش هیتری گەرەكە.
زستانی سڕەگرتنە بۆ ڕۆمانی دەگمەن، سەڕەگرتنە بۆ نۆبەتی چا لێنان و نۆرەی حەرەسیاتی ناچاری كە یان كەمینی دوژمن، یان كەمپینی لاقرتێ لە ژیانی وردە بۆرژوازی شارلستۆن لەپێ، باوێشكیان بە ئاگا دێنێتەوە.
زستانی ڕاماڵینی تەپكی سپی سەربان و سەر ڕێگا و بێڵِ ڕاوەشاندنە لە هەرەسی بەفری زۆر و زەوەند ، زستانێكە نەبێتەوە.
لە ڕاماڵینی یادەوەری تا خەیاڵكردنی جوان بۆ ڕاماڵینی یەكجارەكی سوپای داگیركەر، گشتی لە گرتەیەكی ڕۆژژمێری پێشمەرگەو ئەلبوومی قاچاخی دەربازبوو لە دەستی ڕۆژگار هەن.
میرزا خۆت لێ نەگۆڕێ ،..ئەمانە بە نووسین چەند سەنعەت و ساختومانێكی ئاسانە،..ڵێ ئەمانە بە واقیعی شەختەی ژیانی پێشمەرگایەتی چەند سەختە؟! .
قەت بەهەدەری مەدەن.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP