مامۆستای هیوا

ستران عەبدولڵا
10:03 - 2023-05-16

خەرامان
-19-
مامۆستای هیوا


مامۆستا نییە، بەڵام وانەی لێبوردەیی و دەرسی خوێندەواری گوتۆتەوە. پێشمەرگەی خەباتی کوردایەتی و پێشمەرگەی خەباتی رۆشنایی و خوێندەوارییشە..زەینی گشت مناڵەکانی لەسەر حەرف و زانست و پێگەیاندن کردۆتەوە و کێوماڵی داهاتووی گشت مناڵەکانی گوندەکەی کردووە و بۆ ئەمان و ئایندەش چەکی شەرەفی هەر پێ بووە. خەباتی پێشمەرگایەتی کاک هیوا عەلی لە شارباژێری کوردایەتی بۆ ئەو رۆژەی رزگاری لە هەشتاکانی سەدەی رابردوو بووە، بەڵام خەباتی تەختەی ڕەش و تەباشیری مەدرەسەی قاچاخی بۆ دوا رۆژی گەل بووە.
داخۆ کام لەم خوێندکارە ژیکەڵانەی مامۆستا هیوا پێگەیین و کێ بۆتە ئەندازیار و مامۆستا و پێشمەرگە و کامیان مامۆستاکەیان لە
بیر ماوە؟
رەنگە مامۆستا خۆشی ناوی خوێندکارەکانی بیر نەمابێ و ئەدگاریشیان نەناسێتەوە. بەڵام مەعلومە خوێندکارەکان خۆیان مامۆستا هیوایان لە بیر ماوە.
دەبێ یاداشتەکانی مامۆستا چی تێدا نووسرابێ و داخۆ ئەلبومی وێنەکانی بەشی کورتە چیرۆک یان نۆڤلێتێکی سادەیان تێدا مابێ؟.
لەم بەرواری یەکێتیی مامۆستایانی مەزندا شانازییە بڵێین ئەم شۆڕشە هەر تۆماری ڤیدیۆیی تەق و تۆقی نەبەردی پێشمەرگانە نییە، وردیلە شتی گەورەی وای تێدایە کە تانک و تۆپی دوژمن دەرەقەتی نایە. بەدەست ناگیرێ و بە بە پەڕەشوتی سەربازی کێوماڵ ناکرێ. کێ دەتوانێ حەرف و دێر و دەفتەر ڕام بکا و کێ پێی دەکرێ پێشمەرگەیەک ببەزێنێ کە لەپی ئایندە دەخوێنێتەوە؟
(هیوا) هەر ناو نییە، هیوا ناوەڕۆکیشە، ئەو چەکە و ئەو قەڵەمیشە ، ئەو دوانەی خەباتی هاوژینە و منداڵەکانیش خەریتەی نیشتمانی رزگاریین
مامۆستای پێشمەرگە و پێشمەرگەی مامۆستا ، ئەی کاک هیوا عەلی ،.. شەوت خۆش ئەگەر لە شەوی و بەیانیت باش ئەگەر بەخەبەر دەبیت

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP