یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان بۆ؟

ھاوڕێ رواندزی
20:15 - 2023-05-27

سەرۆک مام جەلال : یەکێتیی لەم ڕاستییە باش گەیشتبوو کە خەباتی سیاسی لەدەرەوەی وڵات تەواوکەر و سەرخەر و پێشخەری خەباتی شۆرشگێرانەی ناوەوەی وڵاتە. 

سەرۆک مام جەلال : یەکێتیی بۆ دوژمنایەتی کردنی ھیچ حزبێک دروست نەبوو

مام جەلال : قەلەم و کلاشینکۆف ھەردوکیان دوو چەکەکەی یەکێتیی بوو لەخەباتەکەیدا 

مام جەلال : ئێمە بەڵێنەکەی خۆمان بەجێھێنا

مام جەلال : ئێمە تاقیکردنەوەکەمان وای دەرخستوە کە ھەمیشە لەگەشەکردن و گۆڕان و پێشکەوتندا بوینە

مام جەلال : یەکێتیی شکست و تەسلیم بونی قبوڵ نەکرد

مام جەلال : ھیچ حزبێکیش لەتەئریخی کورددا ئەوەی بەدی نەھێناوە کە یەکێتیی بەدیھێناوە

مام جەلال : یەکێتیی ئەو ھێزەیە کە ھەردەمێنێ ، گەشەدەکات ، پێشدەکەوێ .

یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان بۆ ؟ ئەمە ئەو پرسیارەیە کە سەرۆک مام جەلال وەڵامدەداتەوە و بەوردی و بەپوختی باس لەزەرورەتی دامەزراندنی یەکێتی دەکات .
پرسیار و وەڵامەکەشی لەساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستانە، پێشتر ڤیدیۆکەم دەستکەوتبوو کردبوم بە فاسیلەی تەلەفزیۆنی ، پێم گرنگ بوو بۆ  مێژوو  ، لە ساڵیادی ئەمساڵی دامەزراندنی یەکێتی بیکەمە نوسین و بیخەمە بەردیدی خوێنەران لەبەر گرنگی بابەتەکە ،  بەدیاری کراویش دەستم نەکەوت کە ساڵیادی چەند ساڵەی دامەزراندنی یەکێتییە جەنابی مام جەلال وەڵامی پرسیاری یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان بۆ ؟ دەداتەوە.

سەرۆک مام جەلال دەڵێت یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان بۆ ؟ لەوەڵامدا وا ئاماژەی پێدەکات کە یەکێتیی پێی باش بوو ، پێی ڕاست بوو کەھەوڵبدات عەتف و لایەنگری و پشتیوانی دەوڵەتە گەورەکانی دونیا بۆ خەڵکی کوردستان ڕابکێشێت ، یەکێتیی لەم ڕاستییە باش گەیشتبوو کە خەباتی سیاسی لەدەرەوەی وڵات تەواوکەر و سەرخەر و پێشخەری خەباتی شۆرشگێرانەی ناوەوەی وڵاتە. 
ھەروەک ھەڤاڵ مام جەلال ھەر لەوەڵامی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان بۆ ؟ لەو کورتە ڤیدیۆیەدا دەڵێت دەبێ بڵێین چونکە کۆمەڵی کوردستان چینی جیاجیا و بیروباوەڕی سیاسی جیاجیا و فکری جیا جیای تێدابوو تەنھا  رێکخستنی وەکو یەکێتیی دەیتوانی ئەمانە کۆبکاتەوە و لەناوخۆیدا یەکیانبخاو سازیاندا بۆ خەبات و ھەڵسانەوەی شۆڕشی نوێ .
سەرۆک مام جەلال ئاماژە بەئەوەش دەکات کە یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان بۆ دوژمنایەتی کردنی ھیچ حزبێک دروست نەبوو ، یەکێتیی بەنیازی دوژمنایەتی و ململانێی ناحەزانە لەگەڵ ھیچ حزبێک نەبوو. 
بۆ خەباتی چەکداریش سەرۆک مامجەلال دەڵێت دیارە یەکێتیی لەسەرەتاوە باوەڕی بەوە ھەبوو کەخەباتی چەکداری شەرتێکی مان و گەشەکردن و پێشکەوتنی یەکێتی خۆیەتی ، قەلەم و چەک ، قەلەم و کلاشینکۆف ھەردوکیان دوو چەکەکەی یەکێتیی بوو لەخەباتەکەیدا .
لەبارەی بەجێھێنانی بەلێنەکانیش لەکاتی دامەزراندنی یەکێتیی ھەڤاڵ مام جەلال بەگرنگیەوە باسی دەکات و دەڵێت گرنگە بیڵێم لێرەدا ئەوەیە کە ئێمە بەڵێنەکەی خۆمان بەجێھێنا ، ھەر لەسەرەتاوە شان بەشانی خەباتی چەکداری باوەڕمان بەخەباتی سیاسی ، فکری ، ڕاگەیاندن ھەبوو بۆیە گرینگیماندا بەدەرچواندنی نامیلکە، بەیاننامە پاشان رۆژنامە .
بۆ خاسیەتەکانی یەکێتیشی مام جەلال تیشک دەخاتە سەر ئەوەی کە یەکێتیی یەکێک لەخاسیەتەکانی ئەوە بوو کە باوەڕی بەگەشەکردن و خۆنوێکردنەوە و خۆسازدان و چاکسازی ھەبوە لەناوخۆیدا ، ئێمە تاقیکردنەوەکەمان وای دەرخستوە کە ھەمیشە لەگەشەکردن و گۆڕان و پێشکەوتندا بوینە ، ھەر دەورەو لەگەڵ زەمانی خۆی نەوعێک لەدروشم و نەوعێک لەرێباز و تاکتێکی ھێناوەتە پێشەوە و بەکارمان ھێناوە .
گرنگیسازدانی ڕاپەرین لەکوردستاندا مام جەلال بەوردی باسی دەکات دەڵێت یەکێتیی کەوتە بیرکردنەوە لەسازدانی ڕاپەرین لەناو کۆمەڵانی خەڵکی کوردستاندا، کەسیش ناتوانێ ئینکاری ئەو راستیە بکات کە بەرابەرایەتی یەکێتیی و سەرکردەکانی یەکێتیی بوو کەشارەکانی ڕانیە و قەڵادزە و سلێمانی و دەوروبەری و ھەولێر و کەرکوک رزگارکرا ، تەنانەت لەڕاپەرینی بادینانیش یەکێتیی و شانەکانی یەکێتیی دەورێکی گرنگیان ھەبوو ، جا دەمەوێ بڵێم کە ئەو شێوەی داھێنان و خەباتە بەدەستپێشخەری یەکێتیی بوو.
مام جەلال دەشڵێت یەکەم جارە حزبێکی سیاسی کوردستان ئاخیر خێر دەردەچێت ، نەک ئەنجامەکەی شکست و دەربەدەریە ، بەڵکو ئەنجامەکەی سەرکەوتنی گرنگە لەناوچەیەکی گرنگی کوردستاندا ، ئەنجامەکەی ھەڵبژاردنی پەرلەمان بوو ،داھێنانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان و رێگا کردنەوە بوو بۆ گەشەپێدانی ئابووری و سیاسی .
بۆ شکستیش ، مام جەلال وا وێنای دەکات کە یەکێتیی شکست و تەسلیم بونی قبوڵ نەکرد ، بۆیە یەکێتیی دەستەبەری سەرکەوتنەکانمان بوە و ھیچ حزبێکیش لەتەئریخی کورددا ئەوەی بەدی نەھێناوە کە یەکێتیی بەدیھێناوە و بۆمان ھەیە بەسەربەرزی بچنە سەر گۆڕی شەھیدەکانمان کڕنۆش بەرین بۆ گیانی پاکیان و پێیان بڵێن خوێنی گەشتان بەفیرۆ و بەخۆڕایی نەچوە ، سەیری دەستکەوتەکانی یەکێتی بکەن کە بۆ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان ھێنایە دی .
سەرۆک مام جەلال بۆ داھاتوی یەکێتییش دەڵێت یەکێتیی ئەو ھێزەیە کە ھەردەمێنێ ، گەشەدەکات ، پێشدەکەوێ .

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP