زۆنی سەوز لەبەردەم وەرچەرخانێکی سیاسیدا

بەرزانی حەمەخورشید
13:33 - 2023-06-23

‎زۆنی سەوز لەبەردەم وەرچەرخانێکی سیاسیدا

‎بەرزانی حەمەخورشید*

‎تاکی کورد لە باشوری کوردستان بەتایبەت ئەو توێژەی کە تێکەڵ بە کایەی سیاسی دەبێت و دەخوازێت لە ڕوانگەی پرانسیپە نیشتمانی و نەتەوەییەکەوە قسەیەک لە کایەی گشتی کۆمەڵگا بکات، لێی چاوەڕواندەکرێت بە ئامانجی درککردن و تێگەیشتن لە بنەمای ململانێی ئەو سی ساڵەی نێوان دوو هێزە باڵادەستە حوکمڕانەکەی کوردستان لە پێشینەی مێژوویی ئەو ململانێ موزمینەی نێوانیان بە ئاگابێت و بە دیقەتەوە لە بنەڕەت و ژێرخانی ململانێکە بڕوانێ، بەو ئامانجەی تێگەیشتنێکی دروست و واقیعی لا بەرهەمبێت و لەوێوە بتوانێ لە ڕوانگەی خەمە نیشتمانی و نەتەوەییەکەوە مامەڵەیەکی سروشتی و واقیعیانە لەگەڵ قۆناغی ئێستای توندبونەوەی ململانێکەدا بکات و هاوکات هەڵوێستێکی عەقڵانی و بەرپرسانە لەهەمبەریدا بخاتە ڕوو...
‎لەو پێشەکیە کورتەوە گەر سەرنجێک لەو مێژووە دوور و نزیکە بدەین، ئەوەمان لا ڕووندەبێتەوە کە هەر لە سەرەتاوە پارتی بە حوکمی ماهیەت و بونیاتی فیکرە سیاسیەکەی هەمیشە هێزەکانی دەرەوەی خۆی وەک قەوارەیەکی نامۆ و نەیار بینیوە و لەو ساتەوەختانەی کە باسکی سیاسی ئەو هێزانە ڕوو لە ئەستوربون و هەڵکشانی نفوز بوبن ئەم وەک مەترسی و هەڕەشەیەکی وجودی هەڵوێستی لێگرتون، و دوور لە تۆلەرانسی سیاسی نەیتوانیوە پەیوەندیەکی دروست و سەقامگیریان لەگەڵدا بونیاتبنێت، بۆیە دەبینین تۆماری ڕابردووی ئەو پەیوەندیە گەلێک قۆناغی بەریەککەوتن و پێکدادانی لەخۆگرتووە، و ساتەوەختەکانی پێکەوە هەڵکردن و قبوڵکردنی ئەوانی دیکە ساتەوەختی کورت مەودا و کورتە نەفەسن لە مێژووی سیاسی ئەو حیزبەدا.
‎سەرنجدان لە قۆناغی حوکمڕانی و دەسەڵاتی دوای ڕاپەڕینیش شاهیدی گەلێک ساتەوەختی بارگرژی و توندبونەوەی ململانێن، بەڵام ئیدی ئەو ململانێیە پێدەنێتە قۆناغی شەڕی ئابوری و قایمکردنی پێگەی خۆی لە هاوکێشەی سیاسی و ئەمنی و ئابووری کوردستانی باشوردا کە گۆشەیەکی هەستیار و ڕووبەرێکی جیۆسیاسی پڕ بایەخی هێزە ئیقلیمی و زلهێزەکانی دونیایە، بۆیە هەرچەندە ململانێکانی دوای ڕاپەڕین دەچنە فۆرمێکی ئارام و قۆڵبادانی نەرمەوە، بەڵام هەوڵدانی بێ سنوور بۆ ڕامکردن و قۆرخکردنی جومگە سەرەکیەکانی هەردوو دامەزراوەی پەرلەمان و حکومەت هێدی هێدی دەبنە سیمایەکی تەڵخ و لەکەداری ئەزمونی سیاسی کوردستان، بەردەوامبوونی هەوڵی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی سێ دەیەی ڕابردووی(پارتی)بۆ سنوردارکردنی پێگە و نفوز و کەنارخستنی هێزەکانی بەشداربووی دەسەڵات لە دامەزراوەکانی هەرێم و عێراق لە دوا بەریەککەوتن و پێکدادانی هەنگاوەکانی تایبەت بە داڕشتن و دەنگدان بە بودجەی فیدراڵی عیراق ئیدی ئەو ململانێیە دەباتە قۆناغێکی جیاواز لە ئاستی ڕەهەندە ئابوری و یاساییەکەدا و چاوەڕانی ئەوەشی لێدەکرێت دەرەنجام سروشتی پەیوەندیەکانی نێوانیان لەمەودوا لە نێو دامەزراوەکانی هەرێم و پەیوەندیەکانیان بە دامەزراوەکانی حکومەت و پەرلەمانی عیراق گۆڕانکاری ڕیشەیی بەسەردابێت.

‎مامەڵەی نادادپەرەوەرانە:

‎ هەرچەندە لە پێگە فەرمیەکانی(یەکێتی)یەوە چەندینجار ئاماژەی پێدراوە، ژێرخانی توندبونەوەی بەریەککەوتن و قۆڵبادانی دوا گێمی ململانێکە دەرەنجامی نادادپەروەرییە لە دابەشکردنی داهاتی نەوت و داهاتە گومرگیەکان و ئەو بڕە پارەیەی کە لە بەغداد وەردەگیرا بۆ دابەشکردنی موچەی فەرمانبەران، بەڵام لە سۆنگەی ژێرخانی ململانێی موزمینی  نێوانیانەوە ئەوەش دەرهاویشتەیەکی دیکەی هاوکێشە لاسەنگە(ئابوری.. سیاسی)یەکەی نێوانیانە بەڵام لە ساتەوەخت و ئاست و ڕەهەندێکی دیکەدا.
‎جوڵەی چالاک و بەردەوامی شەش مانگی ڕابردووی گروپی سەرکردایەتی و فراکسیۆنی  یەکێتی ئەوەمان پێدەڵێت کە  سەرکردایەتی یەکێتیش ئیدی ئەوەی بۆ یەکلابوبێتەوە کە دۆخی خراپی دەرامەتی خەڵک و پوکانەوەی بازاڕ و پەککەوتنی پرۆژە خزمەتگوزاریەکانی زۆنەکە زیانی زیاتر لە پێگە و هەژمونە سیاسیەکەی دەدات و بەردەوامبونی دۆخەکەش لەبەردەم ئەگەری سەرکێشاندایە بۆ تێکچونی سەقامگیری و سەرهەڵدانی پشێوی کۆمەڵایەتی و سیاسی. بۆیە پاش بێبەرهەمبونی سەرجەم هەوڵەکان لەگەڵ حکومەتی هەرێمدا، یەکێتی ناچاربوو بۆ ڕێگرتن لە قوڵبونەوەی قەیرانەکە و بۆ دۆزینەوەی دەرچەی چارەسەر ڕوو لە بەغداد بکات و لەڕێی میکانیزم و ڕێوشوێنە دەستوری و یاساییەکانەوە چارەسەری کێشە و قەیرانەکە بکات.

‎کۆتایی چوارچێوە و عورفێکی سیاسی:

‎ناوەڕۆکی مادەی چواردەی بودجەی فیدراڵی عیراق گەر بۆ یەکێتی لە ڕواڵەتدا ئاماژەیەکی ڕوونبێت بە کاڵبوونەوەی متمانە بە پارتی، بەڵام ئاماژەیەکی ڕوونتری دەقەکە، پەیامێکی ئاشکرایە کە چیدیکە ئەو هێزە ئامادەنییە ڕۆڵی برابچوک و شەریکی پلە دووی دەسەڵاتی هەرێم وازی بکات، ئەمەش مانای قڵپکردنەوەی سەرلەبەری هاوکێشە لاسەنگەکەی نێوانیانە، مانای ڕەتکردنەوەی ئەو میکانیزم و ئەو مۆدێلەیە کە زەبر و جەبری گۆڕانکاریەکانی سێ دەیەی ڕابردووی هەرێم و عیراق  هاوکێشەی لاسەنگی نێوانیانی شەتەکداوە، بەڵام لای پارتی ئەم هەنگاوەی یەکێتی واتە بەزاندنی هێڵی سوور و مانای دەرچونە لە چوارچێوەی تەقلیدی شەراکەت و لێدانە لە عورفی سیاسی سی ساڵ لە قایلبوون و ڕازیبون بەو پلە و پێگەیەی کە ئەم بۆی دیاریکردووە، و دەستکاریکردنی ئەو چوارچێوەیە و ڕەخنەکردنی ئەو عورفە سیاسیەش تابۆیەکی سیاسی و ئەخلاقییە و وەک خیانەتی نیشتمانی و نەتەوەیی بۆ یەکێتی ئەژمار دەکرێت، هەر بۆیە لە دوا ڕۆژی گفتوگۆکان و دەنگدان بە بڕگەکانی بودجەوە سەر لەنوێ هێرش و پەلاماردانی پارتی تا ڕادەی تەخوین، و لە بەرامبەردا دیفاع و پاسا و ئەرگومێنتەکانی یەکێتی فەزای ڕاگەیاندنەکانی هەردوولای تەنیەوە، و پێدەچێت شێوازی نەرم و فۆرمی موجامەلەی ڕابردوو بۆ لەمەودوا جێگا بۆ زمانی زبر و ڕادیکاڵ چۆڵبکات.

‎وەرچەرخانێکی سیاسی :


‎هەرچەندە هێشتا زووە بۆ بەدیارکەوتنی ئاسەواری دەرەنجامی قۆڵبادانەکەی نێوانیان، بەڵام چاودێرانی دۆخەکە دەکرێت نیگەرانی قوڵ و توڕەبوونی بێئەندازەی پارتی وا شرۆڤەبکەن کە ئەو هێزە بە حوکمی ئەزمونی ململانێکان تا دوا ساتی ئامادەسازی و دەنگدان بە بڕگەکانی بودجە لە چاوەڕوانیی ئەوەدا بووە کە "سەرکردایەتی یەکێتی بچێتە ژێرباری فشار و ئیغرائاتەکان و پاشەکشە لە بەزاندنی تابۆ و جێهێشتنی عورفی نێوانیان بکات"، و ئەوەی ڕوودەدات جگە لە مناوەرەیەکی تەقلیدی هیچی دیکە نیە، لێرەوە دەکرێت چاودێری بەئاگا بەو شرۆڤەیە بگات کە "پێدەچێت پارتی وەک پێویست نەیتوانیوە درک بەو ڕاستیە بکات کە سەرباری غیابی ڕەوانشاد( مام جەلال)، هەنوکە یەکێتی لە سێبەری سەرکردایەتیەکی نوێدا قۆناغی نەخواستراوی پشێوی ناوماڵ و بڕیاری سیاسی بەڕێکردووە و سەرگەرمی خۆڕێکخستنەوەیە و  سەرەتای نەهجێکی سیاسی نوێ پەیڕەودەکات کە چاوەڕوانە لە پارتی وەک شەریکێکی پلەیەک و هاوشانی خۆی مامەڵەی بکات".
‎بۆیە شرۆڤەی ئەوەی ڕوویدا بێپەروایی سیاسی و حیسابنەکردنی دووربینانەی پارتی بوو بۆ وجودی ئێستای یەکێتی کە لە بەرامبەر حینکەی سیاسی و لێبڕانی سەرکردایەتی یەکێتیدا دوا بەریەککەوتنیان بە دانانی خاڵی کۆتایی یاریەکەی نێوانیان تەواو بوو.
‎لە ئێستادا هەرچەندە ئاسەواری دابڕانەکە بەدەرنەکەوتووە، بەڵام ئەوەی کە چیتر دۆخەکە ناگەڕێتەوە پێش قۆناغی مادەی چواردەی بودجە بۆچونێکی واقیعیە، و بێگومان دەبێت سەرکردایەتی یەکێتی بەرچاوڕوونیەکی وای لا گەڵاڵەبوبێت کە هەنگاوێکی لەو جۆرە بۆ ڕکابەرە مێژووییەکەی چەند بە ئازارە و لە هەمبەریدا پەرچەکردارەکانی دەبێت تا کوێ سەربکات؟ و هاوکات لە بەرامبەریدا چ پەرچەپلانێکی هەیە و کامە نەخشەڕێگای لە هەگبەدایە بۆ سەرپێخستنی پێداویستیەکانی قۆناغی ئایندەی حکومڕانی؟ کامە پڕۆژە و بەرنامەی بۆ چاکسازی بۆ ڕێکخستنەوە و گەشەپێدانی دامودەزگا ئیداریەکانی لانیکەم زۆنی قەڵەمڕەوی خۆی هەیە؟.

*نوسەر دانیشتوی ئەڵمانیایە

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP