بیرکردنەوە بەدەنگی بەرز

محسن ئۆسمان
20:26 - 2021-03-22

بیرکردنەوە بەدەنگی بەرز

کاتی مرۆڤ توانی لە هزری قەهرەمانی رزگارکەر دەرباز بێت، ئەو کاتە بنەمایەک بۆ بیرکردنەوە بەدەنگی بەرز دروستبووە. بەتایبەتی لەم سەردەمە، کە جیهان بە "گوندێکی بچووک/ ماکلوهان ــ McLuhan/ 1968" بەناوکرا. راستە گوندێکی بچووکە، بەڵام گەردوونێکە لە پرسیاری ئۆنتۆلۆژی، کە عەقڵێکی تیم نەبێت، دۆزینەوەی وەڵام یەکجار قورسە.
دروستبوونی "گروپ، پارت و کۆربەند"، جۆرێک لە رەنگدانەوە و وەڵامدانەوەی پرسیاری ئۆنتۆلۆژی ژیانی گلۆباڵە. هەر خەبات و تێکۆشانی ئەڵقەی هزری جارانی کۆمەڵەی رەنجدەرانی کوردستان، هەستکردنێکی پێشوەختی سەردەمی خۆیی بووە.
ئێستاش دروستبوونی ئەم جۆرە گروپانە "نوێبوونە و..."، رەنگدانەوەی عەقڵانی پرسگرێکی/ ئیشکالیەتی رەوشی ئێستای کوردستان و ناوچەکەیە. لە بەرئەوە، بەشداری و ئەکتیڤبوونی ئەم گروپە، بەهەموو کەموکۆڕیەک، جۆرێک لە بەشداری وژدانی و گەرمکردنی گیانی یەکێتی وەک هزرە.
بەتێگەیشتنی من، دەبێت بەشێک لە گلەی بکەینە هێزێکی پۆزیتیڤ بۆ گەشەپێدانی هزری سیاسی یەکێتی، با هەموومان بۆ بەهێزکردنی یەکێتی "هەڤسەرۆک" بین. بەراستی، بەهەموو پێوەرێک، لاوازبوونی یەکێتی، کەواتە لاوازبوونی بزۆتنەوەی نەتەوەیی کوردی لە هەرچوار پارچەی کوردستانە.
تکایە با بەدەنگی بەرز بیر بکەینەوە و هەست بەبەرپرسیارەتی مێژووی ئەم قۆناغە بکەین، چونکە ئێمە لە بەردەم دوو گۆڕانکاری گەورەی ناوچەکەین، "رۆژهەڵاتی ناوەراست" بۆ "رۆژهەڵاتی ناوەراستی مەزن" و هەروەها قۆناغی "دوای کۆرۆنا". دەبێت هزرمەند و زانای کورد، بیر لە پرۆژەیەک بکات، کە لە ئاستی ئەم دوو گۆڕانکاریانە بێت.
سلاڤ و گولاڤ...
 
محسن ئۆسمان
دهۆک، 2021.03.22

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP