لە هەرکوێبیت کوردبە

ھەستیار مارف ئاغا
20:54 - 2023-07-30

ھەستیار مارف ئاغا
کوردبوون بە مانای داکۆکیکردن لە مافە ڕەواکانی گەلی کورد و شانازیکردن بە ناسنامەی خۆتەوەیە، ئەمەش ساناترین مافە، ئێمە دایم پەرۆشیبین.
گەلی کورد هەمیشە دژی رەگەزپەرستی وەستاوەتەوە، هەرچەندە بە درێژايی مێژوو لە لایەن ڕەگەزپەرستانەوە چەوساوەتەوە و مافی زەوتکراوە و خاکمان دابەشکراوە.
زۆر جار لە لایەن هەندێک تاکی کوردەوە رەخنەمان هەبووە بەرامبەر بە نەتەوەکانی تر، ئەمەش بەهۆی ئەوەوە بووە کە کورد هەمیشە لە بندەست نراوە و سەرکوت کراوە و ئازادی لێ قەدەغەکراوە، بە پاساوی جۆراو جۆری بێبنەما ناسنامە و نیشتمانی لێداگیرکراوە.
لە هەرکوێبوویت کوردبە بەو مانایە نا کە رەگەزپەرست بیت، بۆ نموونە سەرۆک مام جەلال هەمیشە دژی رەگەزپەرستی بووە، لە هەمان کاتدا دژی رەگەزپەرستان و بێگانە و داگیرکەران خەباتی کردوە و میللەتی کوردی بە دونیا ناساندووە و هەموو تەمەنی خۆی تەرخانکرد بۆ سەرخستنی دۆزی ڕەوای گەلەکەی، بێپشوودان.
لە کوردستان بین یاخود بەغداد دەبێت کوردبین واتە لە خەمی کۆمەڵانی خەلکی خۆماندابین و داکۆکی بکەین لە بەدەستهێنای شایستە داراییەکانینان، بۆ بەرژەوەندی کەسی خودمان هەوڵنەدەین ملکەچ نەکەین بۆ پارە و پۆست.
هەمیشە ئەوەمان لە بیرنەچیت کە ئێمە میللەتێکین زوڵممان لێکراوە و ئەنفال و کیمیاباران کراوین و قەرەبوو نەکراوینەتەوە و تاکو ئێستاش هەندێک ناوچەمان داگیرکراون و خاکمان تورەکەبێژکراوە، بۆیە مافی خۆمان بەسەر دەوڵەتی عیراقەوە هەیە و کەس خێرمان پێناکات، لە ئازادکردن و دامەزراندنی عیراقی کۆن و نوێدا، پێشینەکانمان رەنجیان داوە، دەبێت حکومەتی عیراق سوپاسمانبکات کە سەرەڕای قاتوقڕکردنمان لە لایەن ڕژێمەکانی پێشووی عیراقەوە کورد هێشتا لە نەتەوەکانی دیکەی عێراق زیاتر موکوڕترە بۆ بونیاتنان و ئاوەدانکردنەوەی عیراق و بۆ پاراستنی حکومەتەکەی هەوڵیداوە.
ئێمە میللەتێکین دڵسافین و هەستی لێبووردنمان زیاترە لە تۆڵەسەندنەوە بۆیە پێویست دەکات لە ناوخۆشدا بەهەمان شیوە لێبووردنمان هەبێت و یەکتر قبوڵبکەین و یەکگرتووبین، ئەگینا دەبین بە پەندی زەمانە و دوژمنانمان بە ئاسانی پەرت پەرتمان دەکەن و دیسانەوە هەرچی نەگبەتی هەیە بەسەرماندا دەیهێنن.
دۆزینەوەی چارەسەر بۆ تەنگژەکان، بەردەوامی گفتوگۆکان، دۆستایەتی و یەکترقبوڵکردن و پێکەوەکارکردن گرنگە بۆ ئێمەی کورد، چونکە  دوژمنمان زۆرە و نەیارانمان هەمیشە بە یەک چاو تەماشامان دەکەن و هەرکات بۆیان بلوێت تەڕ و وشکمان پێکەوە دەسوتێنن بۆیە دەبێت هەمیشە لە ئاست چاوەڕوانییەکانی خەڵکدابین و دایم هەواڵی ئاشتی و ئاوادەنی و خۆشگوزەرانی بدەین و ڕەشبین نەبین.

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP