راپۆرتی ورە
ستران عەبدوڵلا
وێنەکان؛ لە وێستگەکانی شۆرشی نوێوە
———-
دەوڵەتێکی رەنجی فەرهادی و بە ساحیبە و تا ئەبەد دەمانەوێ. .... مێژوویەکی کەڵەگەتەو هیچی لێ کەم نییە ئەوە نەبێ هەمیشە رووت لە پێشەوە بێ ، زیاتر بڕۆی و زووتر بگەی. وەکو هی دوێنێیە، بۆ دوا رۆژیش بێت.
دەوڵەتێکی مفت و بێ ساحیب نییە تا ئێوە بیبەن و دەستی بەسەردا بگرن . دەوڵەتێکی بێ ساحیب نییە لەسەرە رێ فڕێدرابێ کە جەردە تەماعی تێبکەن و یەک بینە بیخۆن . ئەمە ماڵ و موڵکی نەتەوەیەکە بە خوێن و سووێ ، خۆی و نمەکییەوە هاتۆتە بەرهەم و خاوەنی هەیە کە خاوەندارێتی لێ دەکات.
هەزاران شەهید و سەدان هەزار پێشمەرگە و تێکۆشەر و رێکخستن و ڕێنیشاندەری هەیە کە پەرۆشی سەرکەوتن و سەرخستنی کاروانەکەین .
دەوڵەتێکی خەزینی شۆرش و بزاوتە و بە ساحیبە ، داستانی هەیە، نەبەردی تۆمارە، نووسراوی هەیە و کتێب و دەفتەر وجەریدەی چاپ و بڵاوە.
مەسیرەیەکی دوور و درێژە ..تا خوێنی گەرەک بوو خوێنی بۆ دا و تا مەرەکەبی خواست بەیان و بەلاغ و دەربڕینی بۆ کرد . تا دەنگ و پەنجەمۆر و شایەتی دیموکراسی و جموجۆڵی ئازادی ویست کەمی نەنواند.
جا ئەوە رابرد و گوزەشت بەڵگە و شوێنەواری دیارە و ئێ بۆ ئێستا و داهاتوش سەروەت و سامانێکی گەورەی ورە و هێزی یەدەکە بۆ سبەینێنێش وەک توببی شەعبی گیا و دەرمانی سەد دەرد و بەڵایە.
چونکە لە بنەچەیەکی رەسەنە وەک ژیلەمۆ گەشاوەیە و دەبوژێتەوە.
ئەرێ دەوران هەبووە خەفە کراوە و خەفەتی دراوەتێ و خەفەتی خواردووە، بەڵام هەروا ماوە ئەگەرچی بە گوێرەی زەمان کە باوی نەماوە ئیتر(ماو ی) نەماوە فەقەت هەر لە خزمەتی میللەت لەسەر پێ وەستیاوە.
مودەتێکی کەم بە ناوی دیموکراسی لیبڕاڵ و خوردە بورژوا و خوردە تەحەموڵ ، بە نازناوی گۆڕانکاری و مۆدێلی نوێ و مۆدی تازەوە ویستیان قۆڵبەستی بکەن، بەڵام چونکە خواکرد و خۆکرد و خۆکوردە هەروا خۆراگر مایەوە.
بێ غەلوغەش بە یاری دیموکراسی و شەڕی سیاسی رازی بوو، ....وازی و بازی پاکی کردو پاشقولی لە ئانەپانەی هەڵبژاردن نەگرت و فێڵ و دزی و گزی نەکرد. پشووی شۆڕشگێرانەی کورت و سەبری شۆرشگێرانەی ئەیوبی بوو. یەکێتیی شەهیدان و حزبی مانەوە و پێداگری بوو، وەک مام جەلال خۆشمەشرەب وخۆش موژدە و خۆش قسەبوو. لە گۆرەپانی پاک و رزگاری خۆی پێشبڕکێی سپی کرد و بە چەکی سپی شەرێکی پاکژی کرد .
ئینجا ئێستا ئەم دەوڵەتە مایەدار و مایە دەوڵەمەندە ساز و ئامادەیە، حەزی لە زۆرانبازی تازەیە… کێ دێتە سەر ڕێ بۆ پەکخستن و دوا خستن با لاچێ و کێ دێتە کۆڕی خەبات و حازری کۆشانە با بەخێر بێت. زمان حاڵی ئەم نۆبەتەی وەک یەک لە سێکوچکەی بابان، مستەفا بەگی کوردی دەڵێ:
هەر وەکوو کێوی دەماوەندێ ،سەرم پڕ شۆڕشە
قەت تەمی هیجران و خەم ، ساتێ لە دەوری ناڕەوێ.
گەردنی کوردی لە کێوی بێستوون، مەحکەمترە
چونکە چەند ساڵە لە ژێر باری غەمایە، نانەوێ
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP