کەسێکی کاریزما یان ناوەندێکی بڕیاردەر؟

محسن ئۆسمان
20:44 - 2021-04-02

کەسێکی کاریزما یان ناوەندێکی بڕیاردەر؟

بە گشتی رۆژهەڵاتی ناوەراست، لە ژێر هەژمۆنی عەقلیەتی قەبیلە دەژیت، ئیتر تاکو کار لە سەر عەقڵی قەبیلە بۆ عەقڵی مەدەنی نەکرێت، مەحاڵە سوود لە کەلەکەبوونی ئەزموون بکرێت. هەروەها کارکردن لە رزگاربوونی هەژمۆنی عەقڵیەتی ئابۆری پویرە/ غەنیمە، بۆ ئابۆری باج و سیاستەماتیک بکرێت.
دەبێت یەکێتی بیر لە پرۆژەی هزری، پێش پرۆژەی سیاسی بکات، ئەمەش رێگای خۆنیاسین خۆش دەکات، ئەوجا ئەوی بەرامبەر بناسێت. لە ئەنجامدا بیرکردنەوەی میکانیزم و ئامرازی ململانێ لە گەڵ لایەنە سیاسیەکانی تر بکات.
دیارە پارتی چۆن کار و مامڵە لە گەڵ پارتەکانی سونی و شیعی دەکات، ئەمە رێگا لەوە ناگرێت، کە یەکێتی چۆن بیر بکاتەوە، چۆن سیاسەت و کوالسیۆن لە گەڵ لایەن و پارتەکانی سونە و شیعە بکات. راستە بە پێی ئەزموونی پارتی و باشوور، پارتی هەمیشە ئامادەیە و خاوەن پرۆژەیە، کە چۆن سوود لە دەرفەت وەربگرێت و مامڵە لە گەڵ لایەنە سیاسی ناوخۆ و دەرەوە بکات، بەڵام ئایا یەکێتی هیچ پلانی هەنۆکەی و ستراتیژی هەیە؟ بە راستی دەبێت یەکەم جار یەکێتی سەقامگیر بێت، بۆ ئەوەی بتوانێت بیر لە پرۆژەکانی هزری و سیاسی ئەمڕۆ و دوارۆژ بکات، چونکە ئەم رەوشە قەلەقەی یەکێتی تێیدا دەژیت، ئاست و بەرهەمی خەباتی کادیران کەم و لاواز دەکات. لە بەرئەوە، یەکێتی پێویستی بە دروستکردنی سەنتراڵێکی خاڵە هاوبەشەکانە، چونکە پارتی بوونەوەرێکە بە ئاسانی پێناسە ناکرێت. هەروەها مامڵەکردن لە گەڵ پارتی، پێویستی بە نەفەسێکی درێژ و پرۆسێسێکی عەقڵانی پلاندارێژە.
بە کورتی، ئێستا یەکێتی بەرامبەر دوریانێکە، کە دەبێت کار لە دروستکردنی کەسێکی خاوەن کاریزما بکات، یانیش بیر لە دروستکردنی ناوەندێکی زیندی بریاردان بکاتەوە. لەم کاتەدا، یەکێتی دەتوانێت لە ئاستی سۆرانەوەی ناو بزنێکدا، بچێتە قۆناغ و ئاسۆیێکی رۆشن و فروانتر.

محسن ئۆسمان
دهۆک، 2021.04.02

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP