مایکل رۆبن رەخنەی توند لە مەسرور بارزانی دەگرێت

مایكل رۆبن
08:52 - 2023-08-21

مایكل رۆبن شرۆڤەكاری سیاسی، وتارێكی سەبارەت بە بارودۆخی هەرێمی كوردستان نووسیوە و رەخنەی توند لە مەسرور بارزانی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم دەگرێت و دەڵێت، "ئەگەر مەسرور بارزانی راستگۆ بوایە، پێویستی نەدەکرد لە رۆژنامەنووسان بترسێت، بەڵام مەسرور بارزانی لەراستگۆیی تۆقیوە و پەنا دەباتە بەر گرتنی رۆژنامەنووسان".


رۆبن: کوردەکان دەڵێن مەسرور بارزانی چی بۆکردوین؟
مایكل رۆبن، شرۆڤەکاری سیاسییە، لەوتارەكەیدا بەناونیشانی (رۆژەكانی كۆتایی بارزانی وەك رابەری كوردی ) کە لەپێگەی (19FortyFive)ـی ئەمەریكی بڵاویكردۆتەوە دەڵێت: "بەڕاستی پێویستە مەسرور بارزانی هەست بە مەترسی وناجێگیری بكات، چونكە ئێستا كوردستانی عیراق پارێزراو نییە و نەسەقامگیرە، وەك ئەوە نییە کە مەسرور بارزانی بانگەشەی بۆ دەكات".

رۆبن ئاماژە بەوە دەكات: "لە چەند هەفتەی رابردوودا مەسرور بارزانی هەوڵی پتەوكردنی پێگەی خۆی و پاراستنی ناوبانگی خۆیدا لەرێگەی نمایشکردنی فیلمێكەوە، بەڵام كوردەكان بەردەوام پرسیاری ئەوە دەكەن كە مەسرور بارزانی چی بۆیان كردووە؟".


مەسرور بارزانی شكستی هێناوە لە حکومڕانیدا
مایكل رۆبن دەشڵێت: "داوام لەژمارەیەك دیبلۆماتكار و بەرپرسانی رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی كوردستان و خوێندكاران و تەنانەت بەشێك لەبەرپرسانی حزبەكەی مەسرور بارزانیش كردووە كە هەڵسەنگاندنێك بۆ فەرمانڕەوایەتی مەسرور بارزانی بكەن، بەڵام ئەنجامەكان باش نەبوون جێگەی رەزامەندی نەبوو". ئاماژەی بەوەشداوە: مەسرور بارزانی لەهەژماری خۆی لەتیوتەر دەڵێت "كوردستانێكی بەهێزتر بونیات دەنێین"، بەڵام لەبەرانبەردا كۆدەنگییەك هەیە پێی وایە مەسرور بارزانی شكستی هێناوە لە حکومڕانیدا.

رۆبن هۆكاری شكستی مەسرور بارزانی بۆ چەند خاڵێك دەگێرێتەوە: "هەوڵەكانی بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی بوونە هۆكاری لەدەستدانی پانتاییەكی زۆری ناوچەكانی كوردستان لەبەرژەوەندی حكومەتی فیدراڵی عیراق و لەدەستدانی هەندێ كێڵگەی نەوتی پڕقازانج لەباكووری عیراق، هەروەها رەتكردنەوەی ئەو پێشنیارەی كۆشكی سپی بۆ پشتیوانی لە ریفراندۆم لەبەرانبەر دواخستنی ریفراندۆمەكە بۆ ماوەی دوو ساڵ، ئەگەر مەسرور بارزانی هەڵسوكەوتی سەرشێتانەی نەكردایە بێگومان ئێستا كوردستانی عیراق سەربەخۆ دەبوو".


رۆبن: لە ساڵی 2003ـەوە پارتی ئەوندە لاواز نەبووە لە بەغدا
خراپ ئیدارەدان و چاوچنۆكی و زیادەڕۆیی مەسرور بارزانی وایكرد تەواوی مەلەفی نەوت وگازی كوردستانی عیڕاق رادەستی بەغدا بكات.

مایكل رۆبن نووسیویشیەتی: "لەساڵی 2003ـەوە پارتی دیموكراتی كوردستان لە لاوازترین پێگەی خۆیدایە لەبەغدا". دەشڵێت: " گەندەڵی لەكوردستان بەربڵاوەو تەنانەت لەعیڕاقیش خراپترە، بەجۆرێك گەندەڵی گەیشتۆتە ئاستێك لەبری ئەوەی مەسرور بارزانی دوبەیەكی نوێ دروستبكات، خەریكە ئەریتیریایەكی نوێ دروست دەكات، گەنجانی كورد و زۆرێك لەو خوێندەوارانەی دەرفەتی كاریان نیە لەسیستمێكی گەندەڵدا، ئێستا ژیانی خۆیان خستۆتە مەترسییەوە بەرانبەر بازرگانانی مرۆڤ و بەرەو ئەوروپا سەری خۆیان هەڵدەگرن تەنانەت زۆریان لە رێگەی هاتو نەهات گیانیان لەدەستدەدەن".


مەسرور بارزانی لە راستگۆیی تۆقیوە و رۆژنامەنووسان دەستگیر دەکات
رۆبن ئاماژەی بەوەشداوە: "ئەگەر مەسرور بارزانی لەبانگەشەكەی راستگۆبوایە، پێویستی بە ترس لە رۆژنامەنوسانی هەرێم نەبوو، بەڵام بارزانی لەراستگۆیی تۆقیوە و پەنا دەباتە بەر گرتنی رۆژنامەنوسان".
رۆبن تەئكید دەكاتەوە كە ئێستا پێشمەرگە لە لاوازترین بارودۆخی دایە و هەژمونی كوردی لەپاشەكشەدایە بەراورد بە رابردوو، مەسرور بارزانیش بێدەنگی هەڵبژاردووە لەكوشتنی خەڵكی سڤیل لەلایەن توركیاوە لەخاكی كوردستان.
سه‌رچاوه‌/ پێگەی 19FortyFive

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP