New Title

ستران عەبدولڵا
09:17 - 2023-08-23

با ناوی لە چاپی تازەی 
قاموسی ئەعلامی عوسمانیدا بێت 

 تا ئەبەد یادی دەمێنێ چونکە قەرارە تا ئەبەد کورد بمێنێ. تا ئەبەد ئاگری لە دڵدا خامۆش نابێ چونکە هیچ تۆژینەوەیەکی جیولۆجی،  با زۆریش بەدبین و رەشبین بێت ،زاتی نەکردووە بڵێ ئاگرەکەی کەرکوک خامۆش دەبێ و ناوی باوەگوڕگوڕ لە ناوا نامێنێ . 
جارێ ژیان وەک بیرە نەوتەکەکانی ئەڵقەی خێر و بێری خێر لە خۆنەدیوی  کەرکوکن ، قوڵپ ئەدەن  و چەندی بۆ ئایندە سەریان  قەپات بکەیت هێشتا فوارەی دێ و ڵێورێژە لە سامان و هەرمان و هەر ژیان.

بەدیلی نییە ئەم سامانە ژێر زەوییە  مەگەر دوڕڕ و مەرجانی سامانی سەر ئاوەدانییەکەی نەبێت. مەگەر ئینسانە هەنییە بەرزەکانی ناو کوچە و کۆڵانەکانی نەبێت .مەگەر ئازادەکەی کە هەورامانی فێنک و سەختی بۆ گەرمەسێری تەختی کەرکوک بەجێهێشت ،نەبێت.
یادی هەر بوژاوەیە ئازاد هەورامی مادامەکی خەم و خولیای کەرکوک ئەزەلییە و داناسەکنێ.
یادی ماوە ئازادەکەی کەرکوک وەختێک گیتار لە جێی خاوەنەکەی هێشتا هەروا سرود دەچڕێ و هەروا (جێناهێڵین ) وێردی سەرزمان و وێردی درود و رازی دڵیەتی.

ئاب هەر مانگی ئابڕوچوونی نیشتمان و هەر مانگی گەرمی بێ مانای کەشوهەواکەی نییە. ئاب مانگی گوڵی خوێناوی شەهادەتی شانازی ئازاد هەورامییشە  و  ئەو سەروەرییە هەر سەروەری بیرئانینی هەمیشەیی دەبێت.
ئاب مانگی باڵابەرزی هەڵوێستەکان و مانگی مەنگی دەریای سەبری شۆڕشگێری کوڕە ئازا و ئازادەکەی پایتەختی ویلایەتی شارەزوورە.
ئەی تەقویمی رۆژان و ئەی موفەکەرەی گیرفانی چەپی سەر دڵی زەمان پێی بێژە تۆ هەر لە یادی تا ئەو رۆژەی یاد و بۆنە و رێوڕەسمی شەهیدبوون دەکرێتەوە کە ئەم میللەتە شەهیدپەروەرەش قەت مەراسیمی شەهیدی لێ نابڕێ.
ئەی دەفتەری ناو باوڵی قەدیمی شاری گڕ  بە ئازاد هەورامی بێژە تۆ هەر سندوقی رازی چیرۆکەکانی داپیرەی وەختێک مێژوو بۆ دوارۆژی دەگێڕێتەوە. وەختێک گۆرانیبێژانی میللی بۆ یەکتری دەسێننەوە و دەمێک پۆستی نامەبەر نەوە لە دوای نەوە  ئەمانەتەکە بە یەکتری دەسپێرن.

ئەی گشت ئەسبابی بیرکەوتنەوە و خەیاڵکردن بە ئاشقەکەی دەنگی فەیروز بڵێن باعیسی مەژغەڵەتی دونیاپەرستی نییە کە جاروبار  ئابی کارەساتەکان سەرقاڵی باسوخواسی ترە و سوارچاکەکەی ئارابخا ناهێنێتە زمان ،دەنا هەر دێڕێکی چیرۆکی مارف بەرزنجی بە خاڵ و نوقتە و فاریزەی تۆوە مانا پەیدا دەکا و هەر فەسڵێکی رۆمانی (هەڵکشان بەرەو لوتکە)ی عەبدوڵلا سەراج بە ئەدگاری باسی تۆوە ستاتیکای جوانی دەنوێنێ  و  هەر بەیتێکی غەزەلی شێخ رەزا بە موعەمای رازی تۆوە لە هەجوەوە وەک  فەلسەفەی ژین و دین دەدرەوشێتەوە.
لە قاموسی ئەعلامی مێژوو  کە محامی دیفاعی نەتەوە ، مام جەلال ، لە مورافەعەکەی  کەرکوک بڕگەی لێ ئەزبەر کردبوو،  لە چاپی تازەیدا ناچارە بۆ پەیداکردنی مسداقیەت لە ناوەرۆک و لە پێرست و لە فەرهەنگکۆکەکەی پشتەوەشی ناوت بێنێ و خەریتەی ئیمبراتۆریای عوسمانی دڕاو و سواو و فەوتاو دەبێ ئەگەر نەخشەی ماڵی تۆی تیا نەبێ.
بێی بێژە، بەو ئازادە بێژە  تەعریب چەند بخایەنێ زۆران لە هەورامانی تۆ ناباتەوە و تەهریب چەند دیاردە بێت لە نەمری و هەرمانی تۆ ناباتەوە. تەرحیل و تەئجیل و تەئویل چەند ئاسمانی رەشی کەرکوک داگیر بکات قەد دەرەقەتی جاویدانی مێژین نایەت کە تۆماری زیندەگانی بێ بڕانەوەیە.
ناوەکەت و نازناوەکەت و نازەکەت تا ئەبەد لە ئاوەز و ئەندێشەیە، چونکە ماکی چارەسەری کێشەیە و چونکە رۆحی یەدەک و زیندووی سەرفرازییە.
تا ئەبەد سامانی زێڕین و نەبڕاوەی کەرکوکە، تا دواچۆڕ نەوتی بیرەکانی شۆڕشی نوێیە و تاسەر گازی سروشتی کوردایەتییە.
ئەمە باقییە ، چونکە ئەمە خوداییە، ئەمە گەنجی سەربەمۆرە و ئەمە سەروەتی راستەقینەی کۆرمۆرە . 
ئەم یادگارە شیرینەی رێی خەبات وەک نەوتەکەی جاران ماشێن و مەکینەی نەگەرەکە و بە سەتڵ و بێڵیش و عەرەبانەی گوێزانەوەش ماڵی هەژاران روناک دەکاتەوە.
تا ئەبەدی ناوت هەیە و تا ئەبەد کەرکوک ئازادئابادە.

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP