به‌ره‌و کۆنگره‌ی پێنجه‌م و چه‌ند سه‌ره‌قه‌ڵه‌مێک

حه‌یده‌ر مه‌نتک
16:46 - 2023-08-27


سه‌ره‌تا جێگەی ده‌ستخۆشی و دڵخۆشیه‌ که‌ له‌ دوا کۆبوونه‌وه‌ی مه‌کته‌بی سیاسی یه‌کێتیی نیشتمانیی کوردستان له‌شاری که‌رکوک بڕیاری ده‌ستنیشانکردنی ڕۆژی 27/9/2023 درا بۆبه‌ستنی پێنجه‌مین کۆنگره‌ی یه‌کێتیی نیشتمانیی کوردستان.
به‌بێگومان بڕیاردان بۆبه‌ستنی کۆنگره‌ له‌م قۆناغه‌ هه‌ستیاره‌ی عیراق و کوردستان به‌تایبه‌تی خۆی له‌خۆیدا بوێریه‌، دواتریش درک کردنه‌ به‌ کۆمه‌لێک به‌رپرسیاریه‌تی ئۆرگانیی و ده‌ست بردن بۆکه‌یسی حکومه‌ت له‌ رێگای نوێنه‌رانی حزب بۆباشترکردنی بژێوی خه‌ڵکی سڤیل. له‌ئێستادا به‌هۆی حکومڕانیه‌کی خراپ و مه‌به‌ستدار بۆبه‌رژه‌وه‌ندیی حزبی و تاکلایه‌نی و به‌تاڵان بردنی سه‌روه‌ت و سامانی خه‌ڵک بۆبانکه‌کانی ده‌ره‌وه‌و ناشه‌فافی داهاته‌ نه‌وتی و نانه‌وتیه‌کان، گومان که‌وتۆته‌ سه‌ر کۆی پرۆسه‌ی حکومداری له‌م هه‌رێمه‌، بۆیه‌ یه‌کێتیی نیشتمانی کوردستان له‌م کۆنگره‌یه‌ حه‌قه‌ به‌بایه‌خه‌وه‌ له‌م که‌یسه‌ بڕوانێت و هه‌ڵوه‌سته‌ی جددی له‌سه‌ر بکات..
کۆنگره‌ بۆچی؟
سه‌ره‌تا ده‌بێت ئه‌وه‌ بزانین بۆچی کۆنگره‌ ده‌که‌ین؟  نابێت کۆنگره‌ له‌ پێناو کۆنگره‌ ببه‌سترێت یان چوار ساڵ ماوه‌که‌ی ته‌واو بووه‌ بۆیه‌ کۆنگره‌ ببه‌ستین، به‌ڵکو ده‌بێت نه‌خشەڕێگاکانی کۆنگره‌ بۆباشترکردن و رێڕه‌وه‌کانی ئۆرگانیزم وه‌ک خۆی جێبه‌جێ بکرێت، تا ئاسۆی حزب،  بنه‌ماکانی، ڕێکاره‌کانی، مه‌به‌سته‌کانی، داخوازیه‌کانی، په‌یامه‌کانی به‌ئه‌نجام بگات، سیمایه‌کی جوان له‌ناخ، له‌ ده‌روون به‌دیار بخات و هه‌موو ئه‌م ته‌وەرانه‌ به‌ره‌و که‌ناری ئارام ببات...

چۆن په‌یام و بنه‌ماکانی کۆنگره‌ وه‌ک خۆی ده‌گاته‌ که‌ناری ئارام ؟

ـئه‌و بڕگه‌و مادانه‌ی له‌ په‌یڕەو ‌و پرۆگرام که‌ له‌ناو کۆنگره‌ چەسپا، وه‌ک خۆی جێبه‌جێ بێت.. هه‌رکه‌سێک له‌هه‌ر پله‌و پایه‌یەک بوو (لایدا) یان په‌یڕه‌وی پێشل کرد وه‌ک (ترافیک) گڵۆپی سووری بۆهه‌ڵبکرێ و سزا بدرێت..
ــ ده‌بێت په‌یڕه‌و پرۆگرام ئه‌ندامانی کۆنگره‌ له‌ناو هۆڵی کۆنگره‌ بڕیاری کۆتایی لێبده‌ن نه‌ک به‌ لێژنه‌و لێژنه‌کاری بسپێرن یان له‌ دوای کۆنگره‌ بیده‌نه‌ ده‌ست ئه‌نجومه‌نی سه‌رکردایه‌تی نوێ.
 ـ ده‌سه‌ڵاته‌کانی سه‌رۆک یان سکرتێر، یان ئه‌نجومه‌نی سه‌رکردایه‌تی، یان مه‌کته‌به‌کان و مه‌ڵبه‌نده‌کان، چ له‌په‌یره‌و پرۆگرام بڕیاری لێ بدرێت، دوای کۆنگره‌ هه‌ر‌که‌سێک لادانی کرد، به‌پێی په‌یڕه‌و نه‌گاته‌ (48) سه‌عات رێوشوێنی یاسایی له‌به‌رامبه‌ر بگرنه‌ به‌رو له‌ کۆبونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی سه‌رکردایه‌تی بڕیاری سزاو لادانه‌که‌ی بخوێنرێته‌وه‌ ...

ـ گرنگی دان به‌ سزاو پاداشت..

به‌ڕای من نوێوبونه‌وه، گه‌شه‌، ئه‌کتیڤبوونی حزب و ئۆرگانه‌کانی، په‌یوه‌ستن به‌ سزاو پاداشت، گرنگه‌ کۆنگره‌ی پێنجه‌می یه‌کێتیی نیشتمانیی کوردستان هه‌ڵوه‌سته‌ له‌ سه‌ر بڕگه‌ی (سزاو پاداشت ) بکاته‌وه‌ .. تا کاربه‌ سزاو پاداشت نه‌کرێت پێشبڕکێ دروست نابێت له‌سه‌ر کاروچالاکی، گه‌ڕانه‌وه‌ی سزاو پاداشت وەك كاری جێگیر دسپلینی حزبی، ئاکاره‌ جوانه‌کان، رێزو ڕاستگۆیی، ده‌ست پاکی  ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ ....

ـ باکۆنگره‌ی پێنجه‌م (جیاواز و نه‌وعی) بێت.. 

مادام به‌ستنی کۆنگره‌ بۆچه‌ند ئەركێکی دیاریکراوه‌ بۆباشترکردن و خۆڕێکخستنه‌وه‌یه،‌ باهه‌موومان گیانی لێبووردن و لێک قبوڵکردن و لێک تێگه‌یشتنمان هه‌بێت بۆئه‌ندام بوون له‌م کۆنگره‌یه‌...
ئه‌گه‌ر ده‌زانی هاوڕێکه‌ت له‌ڕووی ئۆرگانیه‌وه‌ ئه‌زمونێکی هه‌یه‌ و ده‌توانێت زیاتر له‌ تۆ په‌یامه‌که‌ی تۆ و براده‌رانی تر بگه‌یەنێت بڵێ سه‌دجار پیرۆزه‌ تۆ خۆت کاندید بکه‌ خۆ کۆتایی ژیان نیه.
به‌ڕای من ڕێژه‌ی زۆری ئه‌ندامانی کۆنگره‌ خۆی له‌ خۆیدا کۆنگره‌یه‌کی (سه‌لیم) و پڕبه‌رهه‌م نابێ، کۆنگره‌ بۆزۆر ته‌وه‌ر پێویست به‌خه‌ڵکی تایبه‌تمه‌ندو شاره‌زاو ئه‌زمووندار ده‌کات له‌ناو حزبی نوێخوازو سه‌رده‌می که‌واته‌ باهۆڵی کۆنگره‌ پرنه‌که‌ین له‌ خه‌ڵکی نه‌شاره‌زاو ده‌وره‌به‌ری به‌رپرسه‌کان..

- باکۆنگره‌ی ئه‌مجاره‌ له‌ (501) که‌س زیاتر نه‌بێ...

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌نیم‌ خه‌ڵک به‌ تەزکیه‌ بێته‌ ناو هۆڵی کۆنگره‌.. بۆچی؟
 دیاره‌ ڕوون و ئاشکرایه‌ حزبایه‌تی ئاره‌زوومه‌ندانه‌یه‌، په‌رۆشیه‌، مەهامه‌، تێگه‌یشتنه‌ بۆ په‌یامێک له‌ڕێگای حزب خزمه‌ت به‌ خه‌ڵک و هاونیشتمانیانی خۆت بکه‌ی، ئه‌ی که‌سانێکی زۆر له‌ ڕابردوو بێگه‌ڕانه‌وه‌ بۆ حزب له‌ جیاتی به‌ فلته‌ری ئۆرگانی ناوی هاتبێ بۆ وه‌رگرتنی پۆستی حکومی و هەندێك جار پله‌ی حزبی (ناو) له‌ گیرفانی مه‌سئوله‌کان ده‌رچووه‌ که‌چی ئێستا بێ هه‌ڵبژاردن ده‌بێته‌ ئه‌ندامی کۆنگره‌، کاره‌ساته‌که‌ ئه‌وه‌یه‌ ئاگای ‌له‌ حزب نەماوه‌، كەواتە  هێنانی کادیر به‌ ته‌زکیه‌ ته‌نها بۆ (پێوه‌دانه‌)‌ 

ـ داواکاریم له‌ کاک (بافڵ) سه‌رۆکی یه‌کێتی ئه‌وه‌یه‌ 

پێشنیاز.....
ڕه‌چاوی:
- تەزکیه‌و ڕێژه‌و ژماره‌ی ئه‌ندامانی کۆنگره‌ له‌به‌رچاو بگرێت.
 ئه‌گه‌ر به‌رپرسانی ئاماده‌کاری کۆنگره‌ مه‌به‌ستیانه‌ بۆ گه‌یشتن به‌ کۆنگره‌یه‌کی ناوازه‌و شیاو کۆنگره‌ ده‌به‌ستن‌ با له‌سه‌ر ڕێژه‌ی ده‌نگهێنانی دوا هه‌ڵبژاردن بکه‌ن له‌شاره‌کان نه‌ک ڕێژه‌ی ئه‌ندامانی ڕێکخستنی مه‌ڵبه‌نده‌کان ..
- مه‌رجه‌کانی بوون به‌ سه‌رکردایه‌تی : 
ــ به‌هیچ شێوه‌یه‌ک پله‌ی پێشوو مه‌رج نه‌بێت به‌ڵکو تایبه‌تمه‌ندیی، شاره‌زابوون له‌ بوارێک که‌بتوانێت مه‌کته‌بێک، مه‌ڵبه‌ندێک، ئۆرگانێک به‌ڕێوه‌ببات.
ــ حه‌قه‌ ڕه‌چاوی ئه‌وه‌بکرێت ئه‌وانه‌ی خۆیان کاندید ده‌که‌ن بۆ ئه‌نجومه‌نی سه‌رکردایه‌تی به‌مه‌رج ئه‌م که‌سانه‌ی تیا بێت له‌ڕووی ئه‌کادیمی و شاره‌زابوون (ئیداره‌و دارایی، یاسایی، په‌یوه‌ندییه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌کان و دبلۆماسی، ئه‌ته‌کێتی گشتی، مێژووناسی، له‌بواری ژینگه‌و گه‌شت وکاڵ، هونه‌ری هه‌ڵبژاردن، حزب ناسی، وه‌رزش وهونه‌ری، ....... هتد .....)
ـ ئاستی ڕۆشنبیری و ڕه‌وانبێژی و ده‌ربڕینی جیاواز بێت.
ـ که‌سێکی دڵسۆزو پاک و به‌هەیبه‌ت بێت له‌ڕووی کۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه.
ـ  له‌ڕووی ده‌روونیه‌وه‌ تێکنه‌شکابێت.
ـ  که‌یسی دەستپاكیی له‌سه‌ر نه‌بێ .
ـ خیانه‌تی له‌ گه‌ل و نیشتمان و حزب نه‌کردبێ .

 ‌
* بۆ ژماره‌ی ئه‌ندامانی سه‌رکردایه‌تیش حه‌قه‌ به‌پێی ژماره‌ی
 1ـ مه‌کته‌به‌کان 2ـ مه‌ڵبه‌نده‌کان 3ـ  پێنج کارگێڕ  4 ـ یه‌ک سکرتێر یان سه‌رۆک  5ـ سێ ئه‌ندامی یه‌ده‌ک هه‌بێت
ــ له‌م قۆناغه‌ و له‌ کۆنگره‌ی پێنجه‌می یه‌کێتیی نیشتمانی کوردستان به‌م شێوه‌یه‌ بێت
ـ 10 ئه‌ندامی سه‌رکردایه‌تی بۆ لێپرسراوی مه‌کته‌به‌کان
ـ 19  ئه‌ندامی سه‌رکردایه‌تی بۆ لێپرسراوی مه‌ڵبه‌نده‌کان
ـ 5  ئه‌ندامی سه‌رکردایه‌تی بۆ ده‌سته‌ی کارگێر
ـ 4 ئه‌ندامی سه‌رکردایه‌تیش بۆ تیمی حکومه‌ت ئه‌وانه‌ی ده‌بنه‌ سه‌رۆک کۆمار، سه‌رۆک په‌رله‌مانی کوردستان، یان ستافی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران
ـ  3  ئه‌ندامی سه‌رکردایه‌تی  یه‌ده‌ک
ـ که‌واته‌ کۆنگره‌ی پینجه‌م (41) ئه‌ندامی سه‌رکردایه‌تی هه‌بێ زیاده‌ که‌م نیه‌.
  

- ده‌کرێت!!!

مکانیزمی به‌شداریکردنی ئه‌ندامانی کۆنگره‌ به‌هه‌ڵبژاردن بێت نه‌ک مه‌رکه‌زی به‌ڵام له‌ ئه‌نجومه‌نی مه‌کتەبه‌کان و ئه‌نجومه‌نی مه‌ڵبه‌ند و بۆردی حکومه‌ت خۆیان یه‌کلابکه‌نه‌وه‌ به‌سیسته‌می هه‌ڵبژاردن ..
ـ هه‌رمه‌ڵبه‌ندێک (23) کادیر ده‌کاته‌ :   437  ئه‌ندامی کۆنگره‌
ـ هه‌رمه‌کته‌بێک  (3)  جێگر  ده‌کاته‌ :   30  ئه‌ندامی  کۆنگره‌
ـ تیمی حکومه‌ت له‌سنوری هه‌رمه‌ڵبه‌ندێک(2) که‌س ده‌کاته (28) ئه‌ندامی کۆنگره
ـ پێشمه‌رگه‌کانی ساڵی 1976 :  6 که‌س ببێته‌ نوێنه‌ریان و پێشنیازو  ڕاو سەرنجه‌کانیان به‌هەند وه‌ربگێرێ .
ــ کۆی گشتی ده‌کاته‌ : 501 که‌س وەك ئه‌ندامانی کۆنگره
ــ هه‌رچه‌نده‌ من له‌گه‌ڵ ته‌زکیه‌ نیم بۆهیچ که‌سێک، ئه‌ندامانی سه‌رکردایه‌تی له‌ ئێستادا بهێنرێنه‌ ناو کۆنگره‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م پێشنیازه‌ی من ده‌گاته‌ زیاتر له‌ (600) ئه‌ندامی کۆنگره‌.. 
ـ ده‌شکرێ ئه‌ندامی کۆنگره‌ له‌ ئۆرگانه‌کانی تر که‌م بکرێنه‌وه‌ تا به‌ ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی سه‌رکردایه‌تی بگاته‌ (501) ئه‌ندام..
ــــ  زۆری و بۆری له‌ناوهۆڵی کۆنگره‌ چاره‌سه‌ری کێشه‌کان ناکات به‌ڵکو  کۆنگره‌یه‌کی پوخت و به‌ڕێژه‌یه‌کی که‌می ئه‌ندام زیاتر لێکتێگه‌یشتنه‌کان نزیک ده‌کاته‌وه‌ و ده‌توانرێ په‌نجه‌ بخرێته‌ سه‌ر زۆر کێشه‌و ئاریشه‌ی ئۆرگانی و حکومی و یاسایی و .....هتد.
به‌هیواین کۆنگره‌ به‌ئه‌ندامانی ئه‌‌زمووندارو خاوه‌ن پێگه‌و که‌سانی دڵسۆزو پاک بسپێردرێت، دووربێت له‌ که‌سانی به‌رژه‌وه‌ندخواز....

*نووسەری بەرگەكانی كتێبی ئینسکلۆپیدیای شەهیدان و پێشمەرگەی دێرین ـ لەسنوری پارێزگای هەولێر.

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP