٣١ ى ئاب و پەڵە رەشەکەی مێژوو

زانیار جەوهەر
17:58 - 2023-08-30

دوو رووىی و دوفاقی لە سیاسەتکردن نەهجی زۆر ڕێکخراو و حزبە لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست، ڕاستە حزبێک هەبوو بەناو بەعس لە پەیڕە و پرۆگرامیدا زۆر خاڵ ڕیزبەند کرابوو، کە لە بەرژەوەندىی خەڵک و گەلى عیراقدا بوو، بەڵام لە کرداردا فاشیەتی و توندرەوی و تۆتالیتاری لە هەڵس و کەوت و ئەنجامدانى کارەسات و بە زەلالەتى میلەتەکەى ئەرکى هەمیشەیی و لە پێشینەیان بو، 31 ئاب بە جێماوى کاریگەرى بیرۆکەى بەعسیزم و دەرهاویشتەى ئەو نەهجەى بەعسە، کە بیرۆکە و بیردۆزى باڵی بەسەر ناوچەکەدا کێشابوو، ئەوەى پارتى لە سەرەتای دروستبونیەوە بانگەشەى بۆ کردوە خۆى بە حزبی قەومى و نەتەوە پەرستى داناوە، لە کرداردا بۆ بەرژەوەندىی تەسکى حزبی نەیارى نەتەوەکەى پێی پەسەند تربووە، ئەمەش ئەو نەهجەیە کە دەرهاویشتەى لەهەناوى حزبی بەعسەوە هاتۆتە دەرەوە، 31ى ئاب لە مێژوى گەلى کورد پەڵەیەکى رەشە بۆ نێو چاوانى پارتى دیموکراتى کوردستان، دوای ئەنجامدانی ئەنفالی کوردان بە هەشت قۆناغ و کیمیاباران کردن و ڕاگواستن و وێرانکرنی دێهات و کوشت و بڕکردنی میللەتی کورد لەلایەن بەعسەوە، ئینجا دەستی ئاشتی و برایەتی درێژکردن بۆ سەدامی دکتاتۆر و هێنانی تانک و زرێپۆشی بۆ سەر هاوزمان و نەتەوەکەی، گوێ نەدان بە ئازاری جەرگ سوتاوی کەس و کاری شەهیدان کە هێشتا قەتماقەی خوێنیان وشک نەبووبوو، کە خوێنی ئاڵی کەسوکاریان لای حزبێک وەکو پارتی دیموکراتی کوردستان بە هەدەر درا، ئەمە ئەو نەهجەیە، کە پارتی لێی نەهاتۆتە دەرو هێشتا مومارەسەی دەکات تا هەنوکە چەندینی تری وەکوخیانەتی 31 ئاب بەسەر ئەم گەلە ستەم دیدەیەی هێناو دەهێنێت، بۆیە پارتی حزێکی بنەماڵە و خێڵەکیە لەو فۆرمەی بەعس نایەتە دەرەوە، ئەکەر دونیاش چەند دیمکراسی بێت و ئازادی رادەربڕین و کرانەوە ی دونیای تەکنەلۆجیا باڵی بەسەر دنیاشدا کێشابێت، ئەم نەهج وبیرۆکەیە لە ڕەگ و ریشەوە لەسەر بەرژەوەندیی حزبی و خێڵەکی پەرست بونیاد نراوە، هەرکاتێک باری کەوتە لێژی ئامادەی دەست بردنە بۆ هەموو پیرۆزیەکانی نەتەوەکەی بۆ بەرژەوەندیی خۆی دایدورێت و تۆمارێکی تر ی خیانەتکاری لە نێو چاومان و مێژووی پارتی تۆماربکرێت ئاسانە و سانایە لای سەرانی بنەماڵەی بارزانی، گرنگ ئەوەیە بە مانەوەی خۆیان کۆتایی بێت و چیش بەسەرخاک و نەتەوە دێت کەیفی خۆیەتی، 31 ئاب بۆتە رەمزی خیانەتکاری و فرۆشتنی نەتەوە و خاک بەنێو چاوانی پارتیەوە ،لای خۆشیان شانازیەکی بێ هاوتایە.

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP