کەرکوک لە دیدگای سەرۆک مام جەلالدا
بورهان رەمەزان
کەرکوک لە دیدگای سەرۆک مام جەلال و یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان تایبەتمەندیی خۆی هەبووە، چونکە جەنابی مام جەلال هەمیشە کەرکوکی وەک قودسی کوردستان ناو هێناوە ئەمەش لەبەر ئەوەیە دەبێت برا عەرەبەکان لەوە تێبگەن قودس چەند بەلای ئەوانەوە گرنگە کەرکوکیش ئەوەندە بەلای کوردەوە گرنگە، قودس لای برا عەرەبەکان موساوەمەی لەسەر ناکرێت کەرکوکیش موساوەمەی لەسەر ناکرێت لەلایەن کوردەوە، کەرکوک و ناوچە دابڕێنراوەکان جەنابی مام جەلال هەمیشە پێداگری دەکرد لەوەی دوا سنوری کوردستان حەمرینە، جەنابی مام جەلال لە کۆبوونەوەیەکی ئەنجومەنی حوکم، بە نەخشەیەکی سەردەمی عوسمانیەکان کوردستان بوونی کەرکوکی سەلماند، فەخامەتی سەرۆک مام جەلال هەمیشە ئەوەی دووپات دەکردەوە کە خۆی وەک پارێزەرێکی سەرسەختی کەرکوک و تەواوی ناوچە دابڕێنراوەکان دەزانی هەمیشە باوەڕیی بە پێکەوە ژیان و ژیانێکی ئاشتیانە هەبوو لە ناوچەکاندا، چونکە جەنابی مام جەلال لەسەر بنەمای ڕێزگرتن و ئاشتی و پێکەوە ژیان دەیڕوانیە سەرجەم نەتەوەکان لەسەر خاکی پیرۆزی کوردستان، ئەو کاتەی مام جەلال سەرۆک کۆماری عیراق بوو کاتێک سەردانی کەرکوکی دەکرد چاوی بە هەموو پێکهاتەکان دەکەوت هەمیشە پێی دەگوتن ئێوە برای یەکن، ئەوە ڕۆڵە سیاسیەکەی مام جەلال بوو کەرکوکی بە هەموو فرەنەتەوەکان دەلاواندەوە، فرەنەتەوەکانیش وەک برا لەوشارە کوردستانیە ژیانیان دەکرد، ئەوە مام بوو خەمی کەرکوک و خەڵکەکەی بوو، دەیزانی کێشەی کەرکوک ئەوەندە ئاڵۆزە پێویستی بەسیاسەتێکی حەکیمانە هەیە دەیزانی ئەگەر کێشە سەر هەڵبدا چارەسەری وا ئاسان نابێت، جەنابی سەرۆک بافڵ و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەسەر هەمان سیاسەت و دیدگای سەرۆک مام جەلال دەڕوانێتە کێشەی کەرکوک ئەگەر خەڵکی بەشەرەفی کەرکوک ڕێز لەو سیاسەتەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بگرن دڵنیابن خەڵکە تێکۆشەرەکەی کەرکوک دەگەنە کەناری ئارام، ئەگەریش دوای هەڵایەکی بێبنەما و سیاسەتێکی کورتبین بکەون ئەوە بۆ ئەبەد خێر و خۆشی لەخۆیان نابینن و مەرامی نەیارانی کەرکوک جێبەجێ دەکەن، ئەبێت خەڵکی کەرکوک چۆن لە ڕابردوو سیاسەتەکانی سەرۆک مام جەلالیان پەسەند کردەوە ئەبێت لەسەر هەمان شاڕێگا هەنگاو بنێن بەرەو ئاسۆیەکی گەش، دەست لەناو دەست بەرەو ژیانێکی باشتر و خۆشگوزەرانتر هەنگاو بنێن، داهاتووی نەوەکانیان مسۆگەر بکەنەوە، چونکە دوژمنانی گەلەکەمان و نۆکەرانی بێگانە هەمیشە لە کەمیندان بۆ ئەوەی دۆخی کەرکوک تێکبدەن خەڵکە ڕەسەنەکەی کەرکوک، کەرکوک جێبهێڵن مەرامە گڵاوەکانی خۆیان لەناو کەرکوک جێبەجێ بکەن، بەڵام خەیاڵیان خاوە ئەوە تاڵەبانی کوڕ جەنابی سەرۆک بافڵ بە دەستێکی پۆڵایین و لەسەر هەمان سیاسەتی مامی گەورەمان بەرەنگاری هەموو پیلانە گڵاوەکان دەبێتەوە و موساوەمە لەسەر بستێک خاکی ناوچە دابڕێنراوەکان ناکات و خۆی بە خزمەتکاری تەواوی خەڵکی کەرکوک و تەواوی ناوچە دابڕێنراوەکان دەزانێت، تا ئەو ناوچانە بە شێوەیەکی یاسایی دەگەڕێنەوە باوەشی نیشتمان و کوردستان دەگەیەنێتە کەناری ئارام ناوەستێت و بەردەوامە نەسرەوتن تا سەرکەوتن بە سیاسەتێکی حەکیمانە.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP