ئێمه کوردین و کوردستانین
مەریوانی کریم ئاغای هەمەوەند
مێژوو ناسنامەی نەتەوەکانە ، مێژوو باسی شارستانی و کلتوری نەتەوەکان دەکات ، باسی ڕوداو و دەستکەوت و سەروەریی ڕابردووی نەتەوەکان دەکات و بەها و نرخیان بۆ دادەنێت و جیایان دەکاتەوە لەنەتەوەکانی تر . ئێمەی نەتەوەی کوردیش خاوەن مێژوویەکی تایبەت بەخۆمانین ، مێژووەکەمان شایەتی ئازایەتی و دلێری و گیانفیدایی کوردە بۆ خاکەکەی، لەئێستا و لە داهاتووش دەتوانین بە باسکردنی مێژووەکەمان سەرمان بەرز بکەینەوە و شانازی بەکوردبونمان بکەین لەهەر جێگەیەک و لەبەرامبەر هەر نەتەوەیەک دەنگ بڵند بکەین و بڵێین ئێمەش بوونمان هەیە و ئێمە کوردین و خاوەن کوردستانین.
ئەگەر باسی سەروەریەکانی کورد بکەین بەناو مێژودا تەنھا خۆفیداکردنی سەرکردەکانی کورد و ڕۆڵەکانی ئەم نیشتمانە لەژێر ناوەکانی شەهید و ئەنفال و زیندانی ئەمانه بەسن بۆ بیرخستنەوەی رابردووی کورد چونکە خۆبەختکردن ئەوپەڕی بەخشین و دڵسۆزیە لەپێناو بەدەستهێنانی مافەکانی کورد و دەربڕینی خۆشەویستیەکی ڕاستەقینە بۆ خاکی کوردستان .
نوسینی چەند ڕستەیەک مافی تەواو نادات بەڕابردووی مێژووی کورد بەڵام بۆ بیرخستنەوەی ئەو فیداکاریانە و زیندوو کردنەوەی ناوی ئەو کەسایەتیانەی کەڕۆڵی گەورەیان هەبوو لەهەموو بارودۆخەکانی ژیانی کورد تێپەڕبونیان بەچەندین ڕێگای سەخت و قوربانیدان و داگیرکاری و ئاڵودەبونی ئەوان بەخاکی کوردستان گرنگە.
لێرەدا من لق و پۆی زۆر لە وتەکانم ناکەمەوە بەکورتی و بەپوختی باسی زیندوبونەوەی هەستی نیشتمان پەروەری دەکەم لەناو نەتەوە و کۆمەڵگەی کوردی، ئەمە وەک بیرخستنەوە بەڵکو بتوانین چاو لە مێژووی خۆمان بکەین و سودی لێوەربگرین بۆ بنیاتنانەوە و دانانی پلانێک کەسودی بۆ ژیانی ئێستا و داهاتوشمان هەبێت، سەرەتا با چەپکە گوڵی ڕێز و خۆشەویستی لە دەرگای ئەو کەسایەتیانە بدەین کەلە ژیاندا نەماون ، ئەوان لەڕابردودا ڕۆڵی گەورەیان هەبوو لەپاراستنی خاکی کوردستان، بڵێین ماندوو نەبن ئێوە بوون تەمەن و تاقەت و هێز و توانا و خۆشەویستی خۆتان بەخی بەڕابردوی ئێمە و بەو مێژوەی کە ئێستا ئێمە شانازی پێوە دەکەین ، زۆرن ئەو کەسایەتیە بەئەزمونانەی کەلەئێستاشدا حەزی فیداکاری و هەمان خۆشەویستی ئەوسایان بۆ کوردستان ماوە، دەتوانین سەردانیان بکەین گفتوگۆیان لەگەڵ بکەین سود لەئامۆژگاری و پێشبینیەکانیان وەربگرین و وتەکانیان بکەین بە بەردی بناغەی ژینگەیەکی نوێ و تەندروستی لەسەر بنیاد بنێینەوە.
گرنگی و ڕۆڵی گەنج لە ئێستادا : .
گەنج بە سەرمایەی کۆمەڵگە دادەنرێت، دەتوانین سود لەو سەرمایەیە وەربگرین بۆ بنیادنانەوەی کۆمەڵگەیەکی نوێ و تەندروست.
خاڵی گرنگی ئەم بابەتە ئەوەیە چۆن بتوانین توێژی گەنج بهێنینەوە پێشەوە وەک ڕابردوو کەگەنج بە گڕوتینی شۆڕش دادەنرا، ڕۆڵی گرنگیان لەسەرخستن و پاراستنی خاکدا هەبوو گیانی خۆیان فیداکرد بۆ پاراستنی مافەکانیان، چونکە لەئێستادا توێژی گەنج پەراوێز خراون، دورخراونەتەوە لەهەموو جومگە سیاسیەکانی حوکمڕانی و کەمترین سود لە بیروڕاو بەرنامە و پلانی گەنج وەردەگیرێت لەکاتێکدا گەنج خاوەن بیرۆکەی نوێن لەبوارە جیاوازەکانی ژیان و پڕن لە تین و توانا و بەهرەو هیوا، کانگان بۆ بنیاتنانەوەی وڵاتێکی پڕ لەچالاکی و ڕۆشنبیری و ئەدەبی و هونەری گەشەسەندنی ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتی و دیموکراتی، ئەمەش بەوە دەبێت کەگرنگیەکی وا بەگەنج بدرێت کەهەست بەگرنگی و بونی بکات و ڕێز لەبەرنامەو پلانەکانی بگیرێت، ئەو گیروگرفتانەی ڕۆژانە دێنە بەردەمی بۆی چارەسەر بکرێت، ژینگەیەکی لەباری بۆ بڕەخسێنێت کەتێیدا هەست بە ئاسودەیی بکات بۆ ئەوەی تواناکانی تیایدا گەشە بکات، چونکە گەنج بەشورای پاراستنی نەتەوە دادەنرێت.
لە کۆتاییدا ڕەنگە بوترێت ئەم وتانە دووبارەن یاخود پێویست بەوە ناکات بەو جۆرە قوڵ ببینەوە لەناو بابەتی نیشتمان پەروەری هەموومان مێژووی خۆمان دەزانین ، بەڵام بەبۆچونی من دەبێت گرنگی زیاتر بەخاکی خۆمان بدەین و خۆشمان بوێت، دەستکەوتەکانی ناو مێژوی ڕابردوی خۆمان بڵێینەوە، ناوی فیداکاران وەک شەهید و پێشمەرگە و هەرکەسێک کەبەشداربووە لەپاراستنی خاکی کوردستان بەرز ڕابگرین، چونکە کوردستان هێشتا خاڵێکی بچوکە لەنێو نەخشەی جیهان، نەبوە بەدەوڵەتێکی سەربەخۆ، کورد بە کەمینە دادەنرێت لەنێوان وڵاتانی دراوسێ ، بەمەش بەردەوام لەژێر فشار و ترسدایە بۆداگیرکردن و لەناوچونی .
کورد زۆری بەخشی بەنیشتمان لەژێر ناوەکانی شەهید و ئەنفال و کیمیابارانکران، هەمیشە لەناو شەڕبوە بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ئەو هەوڵانەی دوژمن بۆ لەناوچون و سڕینەوەی کورد و خاکەکەی کە تاکو ئێستاش هەر ڕۆژە و بەبیانویەک بەردەوامن لە داگیرکاری لەناوچە نزیک دەستەکانی ناحەزانی کورد، بۆیە دەڵێم شتێکی ئاسایی لەناو کۆمەڵگەی کوردی جیاوازی لەزمان و کلتور و ئایین و حیزبدا هەبێت با ئەمە نەبێتە هۆی لێکترازانی متمانە و خۆشەویستی نێوان کۆمەڵگای کوردی بەهەموومان نەخشەی کوردستان دروست ئەکەین پێویستە جیاوازی نەهێڵین، بایەکگرتوبین، تاکو بەهێزبین با ژیانی ئێستامان بە جۆرێک ڕێک بخەین بۆ نوسینەوەی مێژوو لە ئەرشیفکردن و نوسینەوەی ژیانی ئێستامان لە نرخ و سەروەریەکانی ناو مێژووی کۆنمان کەم نەکەینەوە، هەمومان هەڵگری ناوی کوردین، ئێمە کوردین و کوردستانین.
*پارێزەر
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP