مرۆڤ لێرە چی ھەیــە؟

شارۆ شیروان محمد
20:50 - 2023-09-21

ئـەم رۆژانە درەنگتر لە ئێمە تێدەپەڕن، قورستر ھەناسە دەگاتە گەرو، لێرە مرۆڤ شتێکی نیە زیاتربێت لە ھیوای ئازادیی، سەیرە نیە مرۆڤ لەم دونیا پانوو بەرینەدا بەدوای ئازادیدا وێڵبێت!!؟؟ مرۆڤ لێرە لە ھەموو شت زیاتر دڵتەنگی درەخت و داروبەردی شارەکەیەتی، زیاتر لە ھەموو شت دڵتەنگی رۆڵەکانیەتی، لێرە مرۆڤ بیری ھەناسەیەکی تەنیاتر لەم تەنیاییە دەکات، مرۆڤ لەم ھەرێمە قوفڵ دراوەدا وێڵی کلیلێکە کە چوار دەرگای بەسەردا بکاتەوە، لێرە رۆژ ئەژمێرین تا تاڵیەکان سەختر لە رۆحماندا دەربچن. بەمەزەندەی خەیاڵی من ئێمە بە فارسی نان دەخۆین و بەتورکی دەژین بەعەرەبی ئەدوێین و بەرگێکی ئینگلزی لەبەردەکەین، بەڵام بە کوردی بیردەکەینەوە و بەکوردی دەکوژرێین. میلەتی کورد ھەمیشە دژی شەڕ بوە ھەمیشە لە گۆشەیەکدا چاوی لە مافەکانی بوە زەوتنەکرێن، چونکە ھەمیشە دوكەڵی داگیرکەری بەسەر ئاسمانەکەیدا چڕ بۆتەوە، ئەم مەخلوقەی خودا کە کوردە تۆزێک نیشتمان و لەتێک نان و دەریایەک خۆشەویستی ھێشتویەتیەوە، ئێمە لەجێی بۆنی شانێڵ بۆنی خوێنمان لێدێت لە جێی مەستی مەی و بادە مەستی ئازاری رۆڵەکانمانین لە جێی ئاھەنگ لە چلەی شەھیدەکانمانین تۆ سەیرکە بەیانیەک بەدەنگی تۆپێکی تورکی و ئێوارەیەک بەدەنگی گڤە گڤی فرۆکەیەکی تارانی و نیوەشەوێک بە دەبابەیەکی شکاوی عیراقی رائەچڵەکین، گەر بمانەوێت لەم نیشتمانەدا ھەنگاو بنێین دەبێت ھێواش پێدابنێین، نەکا رۆبچێتە سینەی شەھیدێکەوە..
‎ئەرێ کەسێک نیە ھاوارێک بە گوێی ئەم مەملەکەتانەدا بکات و بڵێ ئەرێ پەیمانی لۆزانێکی ترە؟؟ ئەرێ بۆنێکی سێوی تر ھێرۆشیمایەکی تر کۆڕەوێکی ترتان ھەیە خۆمانی بۆ ئامادەبکەین ؟؟
‎بەداخەوە کورد ھەمیشە لە خەیاڵدایە کەی ئاگرێکی تر دامێنی ئەسوتێنێت؟ مرۆڤی ئەم نیشتمانە زۆری ناوێت تەنھا لێی بگەڕێن ئازاد بێت لێی بگەڕێن بە خەیاڵەکانیدا رۆبچێت واقیعیان بەبەردا بکات، مرۆڤ لێرە چی ھەیە لە ژیان زیاتر؟ تاکە چارەسەر مانەوەیە لەسەر رۆحیەتی پاکی نیشتمان پەروەریی و بڕینی زمانی چاسوسی و دەستی خیانەت..
‎وەک شێرکۆ بێکەسی شاعیر دەڵێت:
‎(ئێوە ئەتوانن شیعرمان دەربەدەر کەن
‎گوڵدانەکانی چێرۆکمان وردوخاش کەن
‎ماڵەکانمان بدەن بە کۆڵی دووکەڵ و دەبابەدا و بە کۆمەڵ بیانگوێزنەوە
‎کێ نایزانێ؟! ئێوە ئەتوانن ئازارمان، لە پێکەنینی خۆتانا بتوێننەوە.

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP