مام له‌ شام

عەلی شەمدین
18:52 - 2023-10-25

مام جەلال وەكو سەرۆكی كۆنگرەی ئۆپۆزسیۆنی عیراق لە بەیروت

(٤٠)

عه‌لی شه‌مدین

دوای ئەو سەركێشییە دڕندانەیی سەدام حسێن كردی بە داگیركردنی كوێت لە 2/8/1990دا، كە پێشتریش مام جەلال پێشبینی كردبوو، هەروەها دوای هاتنی هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەسەرۆكایەتی ئەمریكا بۆ ئازادكردنی كوێت و وەدەرنانی سوپای عیراق لەو وڵاتە بەزەبری هێز، لە گەرمەی ئەو پێشهات و رووداوە یەك لەدوا یەكانە، مام جەلال رۆڵێكی سەرەكی بینی لەناو ئۆپۆزسیۆنی عیراقیدا بە ئینتما جیاجیاكانییەوە لەنەتەوەیی تا ئاینیی، بەتایبەت ئەو هێزانەی شامیان كردبوو بە سەنتەری كاری سیاسیی و خەباتیان بۆ روخاندنی سەدام و رژێمە  خوێناوییەكەی دەكرد، بەتایبەت هێزەكانی ناو لیژنەی كاری هاوبەش، مام جەلال لەو رووەوە و لە كتێبی «دیداری تەمەن» دەڵێت: «رۆژێكیان عەبدولحەلیم خەدام نامەیەكی شەفەهیی بۆ ناردم تێیدا هاتبوو كە سەرۆك سڵاوی بۆت هەیە و داوا دەكات هەوڵەكانت بخەێتەگەڕ بۆ یەكخستنی ئۆپۆزسیۆنی عیراق و كۆكردنەوەیان لەكۆنگرەیەكدا، هەروەها هاتبوو، پەیوەندییەكانی تۆ لەگەڵ هەموو لایەنەكاندا باشەو تەنها تۆ دەتوانیت ئەو ئەركە بەجێبهێنیت»، هەرواش دەرچوو هەوڵەكانی مام جەلال سەركەوتوو بو لە بەستنی كۆنگرەیەكی فراوانی ئۆپۆزسیۆنی عیراق، بەسەرۆكایەتی خۆی لە بەیروت و لە  10/3/1991دا.
دواكەوتنی كۆنگرە بەهۆی دانوستانەكان لەگەڵ ئەنقەرە
لەكاتی كردنەوەی كۆنگرە، مام جەلال بۆ چەند سەعاتێك دواكەوت، ئەوەش  بووە هۆی دواكەوتنی كۆنگرەكە و نەبەستنی لەكاتی خۆیدا، ئەوەش دڵەڕاوكێ و مقۆمۆی لەناو هۆڵی كۆنگرە دروستكرد و باس لە شكستی كۆنگرە دەكرا، كەسیش لەئامادەبووان نەیاندەزانی مام جەلال بەسەردانێكی نهێنی لە ئەنقەرەیە و گفتوگۆی مێژوویی دەكات لەگەڵ حكومەتی توركیا بە هاوڕێیەتی محسن دزەیی كە نوێنەرایەتی مەسعودی بازرانی دەكرد، دواجار دانوستانەكە رێی خۆشكرد بۆ دیدار لەگەڵ تۆرگۆت ئۆزالی سەرۆكی توركیا لە كۆشكی كۆماری لە 14/6/1991، جەنگیز چاندار ئەو دانوستانەی بە «شكێنەری موحەرەمات» وەسفكرد، هەروەها كامەران قەرەداغی سەبارەت بە گرنگی ئەو دانوستانانە و لە بابەتێكی خۆیدا كە لە پێگەی «دراج» بڵاویكردەوە دەڵێت: «دانوستانەكان بەسەركەوتوویی كۆتایی هات و لایەنی كوردیش بەباش وەسفیكرد، بەتایبەت بۆ یەكەمجار بوو كورد پەیوەندی راستەوخۆ لەگەڵ وڵاتێكی دراوسێ لەرووی سیاسییەوە ببەستێت، نەك وەكو پێشتر كە لەرێگای دەزگا ئەمنی و هەواڵگرییەكانی ئەو وڵاتانەوە دەبەسترا». 
گەڕانەوەی مام جەلال بۆ دیمەشق
دوای گەیشتنی مام جەلال لە ئەنقەرەوە بۆ بەیروت لەرێگەی شامەوە، رۆژی دواتر كارەكانی كۆنگرە دەستیپێكرد و دانیشتنەكانی بەسەركەوتوویی ئەنجامدا، لەگەڵ ئەوەی هەڵسوكەوتی شۆفێنی لەناو هۆڵی كۆنگرەدا هەبوو، مام جەلال لە دیداری تەمەن و لەرووەوە دەڵێت: «بەهەر حاڵ لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆنمان كۆكردەوەو كۆنگرەمان بەست، لەو بڕوایەشدام ئەگەر ئەو رۆڵ و هەوڵەی ئێمە نەبوایە لەناو كۆنگرەكەدا، ئاسان نەبوو بتوانین هێزە راستڕەو و چەپڕەوەكان لەناو یەك هۆڵدا كۆبكەینەوە»، كامەران قەرەداغیش كە ئامادەی كۆنگرەكە بوو وەكو پەیامنێری رۆژنامەی ئەلحەیاتی لەندەنی، لە بابەتێكدا رووداوێكی دەگێڕێتەوە كە دەرخەری عەقڵیەتی شۆفێنی هەندێ لایەنی ئۆپۆزسیۆنە بەتایبەت ئیسلامییەكان بەرامبەر بە كورد،  دەڵێت پیاوێكی عەمامەبەسەر لەنێو ئامادەبواندا هەبوو كە»جەلالەدین سەغیر»ە، خۆی بەوتەبێژی گروپە ئیسلامییەكانی بەشداربووی كۆنگرەكە راگەیاندبوو، لەكاتێ پشووی نێوان دانیشتنەكانی كۆنگرەكەدا لەكۆتایی هۆڵەكە دەستیدەكرد بە خوێندنەوەی بەیاننامە سەبارەت بەو پرۆسانەی وا ئیدیعای دەكرد «هێزە ئیسلامییەكان» دژ بە سوپای عیراق لە باشوور و كوردستان دەیكەن، ئەوەش بووە هۆی توڕەبوونی ئەندامە كوردە بەشداربووەكانی كۆنگرە،  هەرچەندیش ئاگادارییان دەكردەوە، لەوەی راپەڕینی كوردستان هێچ هێزێكی ئیسلامی سەركردایەتی ناكات، بەڵكو پێشمەرگە سەركردایەتی دەكات، بەڵام ئەوە بێ سوود بوو، جەلالەدین سەغیریش بەردەوام بوو لە جوڵەكەی و پشتگوێخستنی ناوهێنانی پێشمەرگە، قەرەداغی دەڵێت: دواجار و كاتێك سەغیر بەیاننامەیەكی نوێی دەخوێندەوە سەبارەت بە پرۆسەی هێزە ئیسلامییەكان لە كوردستان، شێركۆ بێكەسی شاعیر خۆی پێنەگیراو هێرشی كردە سەر و    كراسەكەی توند راكێشا و هاواری كرد بە سەریا و وتی: لە كوردستان هیچ هێزێكی ئیسلامی نییە، تەنها پێشمەرگە هەیە، لەوە بەدوا سەغیر وازی لە ناوهێنانی هێزی ئیسلامی هێنا و تەنها پێشمەرگەی بەكاردەهێنا، وەكو تەنها هێزی دژ بە بەعس لە كوردستان.
ئامادەكاری بۆ گەڕانەوە
لە كۆنگرەكەدا لە یەكێتی نیشتمانیی كوردستان هەریەك لە «ئەحمەد بامەڕنی و عومەر دەبابە و دارۆی شێخ نوری و شازاد سائیب و لەتیف رەشید و محەمەد سابیر و محەمەد تۆفیق رەحیم و سەڵاح رەشید..» بەشداریان كرد، دوای كۆتایی هاتنی كۆنگرەكەش، هەمووان لەگەڵ مام جەلال گەڕانەوە بۆ شام و ئامادەكارییان دەستپێكرد بۆ گەڕانەوە بۆ كوردستان و پەیوەندی كردن بە راپەڕینی كوردەوە، سەبارەت بەوە ئەحمەد بامەڕنی لە كتێبەكەیدا (باقە من الذكریات مع مام جلال) دەڵێت: هەموان داوایان كرد لەگەڵ مام جەلالدا بگەڕێنەوە بۆ كوردستان، بەڵام ئەو وتی، با تەنها ئەحمەد لەگەڵمدا بگەڕێتەوە».
باران بە لێزمە دەباری كاتێك مام جەلال شامی لەبەرەیانی رۆژی نەورۆزی 21/3/1991 دا بەجێهێشت بەرەو قامیشلۆ، بە هاوڕێیەتی دكتۆر ئەحمەد بامەڕنی، دوای گەیشتنیان بەقامیشلۆش لە ئوتێلی «مدینە الشباب» دابەزین، باران بارینیش بەردەوام بوو تا سێ شەو و سێ رۆژ، ئەحمەد بامەڕنی لەو رووەوە دەڵێـت: خەڵكی لەقامیشلۆ بەردەوام سەردانی مام جەلالیان دەكرد و دەیانووت: ئەم باران بارینە بەرەكەتی هاتنی تۆیە، سوپاس بۆ خودا. 

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP