حەسەن بێگەڵاسی
یەکێتی هەمیشە لەپێناو بەرژەوەندیی گشتی میللەت باجیداوە ، گەڕی ئەمجارەی دیدارو دەست پێشخەریەکانی بۆ چارەسەرکردنی کێشەو گرفتە هەنوکەییەکانی کۆمەڵگەیە ، یەکێکی ترە لەخیارەکانی کە لەکۆنگرەی پێنجەم بڕیاریدابوو ، بەڵێ یەکێتی ڕەگ و ڕیشەیەکی قوڵی بە ناخی زەویدا ڕۆچووەتە خوارەوە و ئاوێتەیە لەگەڵ سروشت و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان .
لەو ڕەهەندەوە یەکێتی و یەکێتیبوون لای جەماوەرو کادران و ئەندام و هەڤاڵان ئەوپەڕی سەربەرزی و شانازییە ، چونکە یەکێتی خاوەنی چەندین داستانی گەورەو سەروەرییە، لەو کڵاو ڕۆژنەیەوە ڕوبارێک خوێنی لەپێناو ئازادی و دیموکراسی و پاراستنی کەرامەت و شکۆی تاک و کۆمەڵگەدا بەخشیوە.
لەودیدگایەوە ستراتیژ و ئەجێندای یەکێتیی بە دەست پێشخەریکردنی بۆلای لایەنەسیاسیەکانی کوردستان و بەتایبەت پارتی دیموکراتی کوردستان ، دەرخەری ئەو ڕاستیەیە کە یەکێتی پێشەنگە لەڕووی سیاسی و دیبلۆماسی بۆ بنبڕکردنی کێشەکان و چارەسەرکردنی ئاڵنگاریە سیاسی و ئابوری و فەرهەنگی و کۆمەڵایەتیەکان .
وەلێ دەستپێشخەریەکانی یەکێتی نیازپاکی و خەمخۆری و پەرۆشی ئەو حزبە نوێخوازەی بۆ هاونیشتمانیان سەلماندوە ،کە یەکێتی دوای کۆنگرەی پێنجەمی بەبەرنامەیەکی ترو ستراتیژێکی فراوانترو عەقڵانیو گشتگیرتر هەنگاو بەهەنگاو بەرەو پێشەوە دەچێت و هەنگاو دەنێت، ئەو گەڕی دیدارو سەردانانەش جارێکی تر نەخشەو وێنایەکی تری بەجڤاک دایەوە .
ئەفسوس دەمێکە هاونیشتمانیان بەدەست ئەو قەیدو بەستەڵەکی دۆگماتیزمەوە دەناڵێنن ، ئەگەر کێشەکان و گرفتەکان لەگەڕی ئەمجارەی دیدارو سەردانەکان بەئێجگاریش چارەسەر نەکرێن و بنبڕنەکرێن، بێگومان لێک گەیشتن و نزیک بوونەوەو شەڕی ڕاگەیاندن لەتۆڕەکۆمەڵایەتیەکان ، تاڕادەیەک کۆتاییان پێدیت ، هەمدیسان گفتوگۆو دیالۆگەکان درێژەیان پێدەدرێت بۆ چارەسەرکردن و دۆزینەوەی دەرچەیەکی نوێ بۆ کۆتایی هاتنی قەیرانەکان.
لەو دیدگایەوە یەکێتی هەرگیز لەگەڵ ئەوبارودۆخە پارادۆکس و سادیزمە نییە ، چونکە یەکێتی هەڵقوڵاوی ناو جەماوەرە ، لەو دیدگایەوە هەرگیز خۆی جیاناکاتەوەو جیانەکردۆتەوە لەگەڵ ئازارو ناخۆشی و نەهامەتیەکانی خەڵک ، چونکە یەکێتیی خۆی بەبەرپرسیار دەزانێت لەبەرامبەر خزمەتکردنی یەکە بەیەکەی تاکەکانی ناو کۆمەڵگە.
بەڵێ یەکێتی سەلماندویەتی پێشەنگە تاکە فریاد ڕەس و پارێزەری وڵاتە بۆ خزمەتکردنی ڕۆڵەکانی نیشتمان ، ڕابردوش گەواهیدەری ئەو ڕاستیەیە ، بۆیە تاک و کۆمەڵگەش ڕۆژ بەڕۆژ هیواو ئومێدی زیاتر لەسەر جوڵەو هەنگاوەکانی یەکێتی و سەرۆک بافڵ هەڵچنیوە، بۆهاتنەدی خەونەکانیان لەسەر ئەرزی واقیعدا لەسەر دەستی یەکێتی بەسەرۆکایەتی سەرۆک بافڵ بۆ ئەوەی ئێستاو داهاتوویان کامەرانتر و پڕشنگداربێت.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP