گومانی تێدانییە یەكێك له پایه سەرەكییەکانی دیموکراسی هەڵبژاردنه، بەجۆرێك ناتوانين قسە لەسەر ديموكراسيبونى هیچ وڵات و سیستمێکی سیاسی بکەین بەبێ ئەنجامدانی پرۆسەی هەڵبژاردن تیایدا. چونکه دیموکراسی له کورترین پێناسەيدا بريتيه له حوكمڕانى گەل بۆ خۆی، بۆیه دەبێت ئەو گەله بەلای کەمەوه هەر چوار ساڵ جارێك بوارى بۆ بڕەخسێندرێت نوێنەری خۆى بۆ ئەو حوکمداریەی هەڵبژێرێت.
هەڵبژاردنیش بۆ ئەوەی راستەقینەو کاریگەربێت پێویستی بە یاسای گونجاو و وشیاری هەیە، یاساکان پێمان دەڵێن هەڵبژاردنی نوێنەران دەبێت بۆ ماوەیەکی دیاریکراو بێت و بەشێوازێکی پاک و بێگەرد بەڕێوەبچێت و دوربێت لە ساختەکردن و گزیکردن لە ئیرادە و ویستی دەنگدەران و هەرچی وشیاریشە بەو مانایە دێت گەلی سیاسی لە رێگاو کەناڵی جیاوازەوە بتوانێت رەفتارە باش و خراپەکانی لایەنە سیاسییەکان و کاندیدەکانی نوێنەرایەتیکردنی بزانێت، ئەوەش بەوەدەبێت کە دەرفەتی یەکسان بۆ بەکارهێنانی راگەیاندن بدرێت بە لایەن و کاندیدەکان، نەک لایەنێک بودجەیەکی گەورە و زەبەلاح بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردنەکان تەرخان بکات بەتایبەتیش بودجەیەک کە سەرچاوەکەی دیار نەبێت یاخود پارەی نەوت و ماڵی گشتی بێت، هەربۆیە هەڵبژاردن لە وڵاتانی دیموکراسی ئامانجی خۆی بە باشی دەپێکێت بەڵام لە وڵاتانی دیکەدا ئەو ئامانجە زۆر بەباشی ناپێکێت و کەس و لایەنی نەشیاو دەگەنە شوێنی بەرپرسیارێتی و نوێنەرایەتیکردن.
وابڕیارە لە کۆتایی ئەمساڵدا هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق و لەسەرەتای ساڵی داهاتوشدا هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت، ئەم دوو هەڵبژاردنە ئەگەر بە شێوازێکی پاک و دروست بەڕێوەبچێت دەبێتە هۆی گۆڕانکارییەکی گرنگ لە نەخشەی سیاسی و ئیداریدا لە هەرێمی کوردستان و پارێزگا ناڕێکخراوەکان لە هەرێمێکدا.
لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق ئەگەرچی دەبوایە کورد بە یەک لیست بەشداری هەڵبژاردن بکات هەروەکو (ی.ن.ک) داوایدەکرد بۆئەوەی هەم هەڵمەتی هەڵبژاردن دژ بە یەکتری نەکەن و نەیارەکانی پێ سودمەند و دڵخۆش نەکەن و هەمیش بۆئەوەی دەنگەکانی کورد پەرتەوازە و بەفیڕۆنەچێت، بەڵام بەداخەوە ناکۆکییە سیاسییە کوردستانییەکان رێگربوون لە بەدیهێنانی ئەو یەک لیستییە، لەگەڵ ئەو پێدراوە نەخوازراوەشدا لەئێستادا پێویستە لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان بەرژەوەندی باڵای کوردستانی بە ستراتیج بگرن و هەوڵبدەن بە شێوازێکی گونجاو و شارستانییانە هەڵمەتی هەڵبژاردن بەرامبەر یەکتر ئەنجام بدەن و بزانن دۆست و نەیارە راستەقینەکانیان کێن بۆیەوەی جارێکی دیکە لە کەرکوکی قودسی کوردان بتوانن زۆرترین کورسی بەدەستبهێنن و پۆستی پارێزگاری کەرکوک وەربگرنەوە و لە پارێزگاکانی دیکەشدا وەک (موسڵ و دیالە و سەڵاحەدین) بتوانن سەرکەوتنی بەرچاو تۆمار بکەن و کورسی پێویست بۆ نوێنەرایەتیکردنێکی بەهێزی کوردانی ئەو ناوچە کوردستانییە جێناکۆکانە بەدەستبهێنن، چونکە کێشەی کورد لەو ناوچانە کێشەیەکی نەتەوەییە نەوەک حزبی.
سەبارەت بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیش، بەهۆی تەواوبوونی وادەی خولی پێنجەمی پەرلەمان لەئێستادا بە بڕیاری دادگای فیدراڵی هەڵوەشاوەتەوە و هەرێمی کوردستان لە غیابی ئەو دامەزراوە گرنگەدایە و دەتوانین بە راشکاوی بڵێین هەرێم بێ دەسەڵاتی یاسادانانە، بۆیە پێویستدەکات بە زویی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمان ئەنجامبدرێت، بەڵام هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد و بەپێی یاسایەک زۆرینەی لایەنە سیاسییە بنەڕەتییەکانی هەرێم کۆک بن لەسەری و چیدیکە لە داهاتووشدا بە پاساوی جۆراوجۆر تەمەنی پەرلەمان درێژنەکرێتەوە، چونکە هەروەکو یاساناس و سەرکردەی نەتەوەی کورد (مام جەلال) دەیوت "خەڵک بۆ ماوەیەکی دیاریکراو دەنگ دەدات بە نوێنەرەکانی و هیچ رەوانییە ئەو ماوەیە درێژ بکرێتەوە".
جێی خۆیەتی ئەوەش بڵێین کە ناکۆکۆی نێوان لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان لەسەر هەندێک پرس کە دواتر بووە هۆی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان و پاش هەڵوەشاندنەوەی خودی پەرلەمانەکە لەلایەن دادگای باڵای فیدراڵییەوە و ناکۆکییەکانی ناو حکومەت و پاشەکشێی ئازادی رادەربڕین لە هەرێم بەتایبەتی دوای دۆسیەی زیندانیکردنی چالاکوانانی بادینان بووەتە هۆی لاوازبوونی پێگەی هەرێمی کوردستان لە ئێستادا، هەموو ئەمانە وادەخوازێت کە لایەنە کوردستانییەکان بۆ بەرژەوەندی گشتی ناکۆکییەکانیان وەلابنێن و جارێکی دیکە پێگەی هەرێمی کوردستان بەهێز بکەنەوە و بیخەنەوە سەر ئەو رێچکەیەی سەردەمی مام جەلال کە ببوە چەتری کۆکەرەوەی لایەنە ناکۆکەکان و بەهێزکردنی پێگەی کورد لە هەردوو ئاستی ناوخۆیی (هەرێم و عێراق) و ئاستی نێودەوڵەتیشدا.
سەروتاری گۆڤاری ناوەندی یاسایی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ژمارە حەوت.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP