ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكانی دیكەی كوردستان، تەنها پرۆسەیەكی دیموكراتی نیە، كە هێز و لایەنە سیاسیەكان كێبڕكێ بكەن لەپێناو بەدەستهێنانی زۆرترین دەنگ، زۆرترین كورسی و وەرگرتنی پشك و ئیستحقاقی هەڵبژاردن لە ئیدارە خۆجێیەكانی دەڤەرەکەدا. بەڵكو ئەم هەڵبژاردنە بۆ گەلی كوردستان بەرپرسیاریەتییەكی گەورەی (نیشتمانی، نەتەوەیی، مێژوویی، ئەخلاقی)یە، هەروەك پرۆسەیەكی چارەنووسسازە، چونکەئەنجامی هەڵبژاردنەكان كۆمەڵێك پرسی گرنگ بە ئەرێنی یان نەرێنی یەكلادەكاتەوە.
ئەنجامەکە دەبێتە پێوەری سەرەكی بۆ مانەوە، یان كۆتایهێنان بە دەسەڵاتی خۆسەپێنی پارێزگاری ناشەرعی لەكەركوك. ئەنجامی هەڵبژاردنەكان دەبێتە هۆی جێبەجێكردن یان جێبەجێنەكردنی ماددەی (140) ی دەستوری عیراقی. دەبێتە پێوەر بۆ نەهێشتنی دۆخی ناسەقامگیری ئێستای كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكانی دیكەی كوردستان كە بەهۆی لێكەوتەكانی ریفراندۆمەوە دۆخێكی ناسەقامگیری (ئەمنی، سیاسی، خزمەتگوزاری، ژینگەیی، ئیداریی، ئابووری) باڵی بەسەر ناوچەكەدا كێشاوە، یان دەبێتە هۆی مانەوەی دۆخەکە.
ئەنجامەکە دەبێتە فاکتەری بەدیهێنانی ئیداریەكی هاوسەنگ و دادپەروەری پرلە خزمەتگوزار كە هەموو پێكهاتەكانی كەركوك بەبێ جیاوازی بەئیدارەی خۆیان بزانن، یانیش وەکو ئیدارەیەکی گەندەڵی ناهاوسەنگ دەمێنێتەوە.
- ئەنجامی هەڵبژاردنەكان دەبێتە پێوەر كە جارێكی دیكە ناسنامەی كوردستانی بوونی( كەركوك، دوزخورماتوو، خانەقین و گەرمەسێر بە گشتی، مەخمور، دەشتی نەینەوا، شنگال) بسەلمێنن، یان مەترسی لەسەر پاراستنی ئەو ناسنامەیە دروست دەكات.
- ئەنجامی هەڵبژاردنەكە دەتوانێت كۆتایی بە كێشەی جوتیارانی كورد و توركمانی ناوچەكە بهێنێت، یان دەبێتە هۆی زیاتركردنی گوشار و مەترسییەكان.
ئەنجامی هەڵبژاردنەكان كۆتایی بە بیری توندڕەوی و شۆفینییەت دێنێت، یان دەبێتە هۆی بەردەوامبوونی ئەو مەترسییە.
لەم روانگەیەوە ئەم هەڵبژاردنە بەرپرسیارەتیەكی گەورە دەخاتە سەر شانی هەموو هێز و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان، هەروەك بەرپرسیارەتیەكی مێژوویی دەخاتە سەر شانی هەموو هاوڵاتیانی كورد لە ناوچە دابڕێنراوەكان.
بۆیە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان چ وەكو هێزێكی سیاسی كە هەمیشە خۆی بە بەرپرسیار دەزانێت بەرامبەر پرسە نیشتمانی و نەتەوەییەکان، چ وەكو هاوپەیمانی كەركوك هێز و ئیرادەمانە نەك هەر هەست بەو بەرپرسیارەتیە دەكات، بەڵكو بە پلانێكی گونجاوخۆی ئامادەكردووە، بۆ ئەوەی بە پشتیوانی دەنگدەرانی كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكان ئەو بەرپرسیارەتییە جێبەجێ بكات و بتوانێت زۆرترین دەنگ بە دەست بێنین و ئەنجامی هەڵبژاردنەكان ببێتە هۆی كۆتایهێنان بە هەموو ئەو كێشە و مەترسییانەی كە لە سەرەوە باسمان كردووە. بۆ ئەو مەبەستە، وەكو هەنگاوی سەرەتایی و كردەیی بە هێزەوە دەستمان بە بانگەشەی هەڵبژاردن كرد و دەخوازین بە دەنگی دەنگداران وبە ئیرادەیەكی بەرزیشەوە بتوانین ببەینەوەو بگەینە ئامانجی سەرەکیمان.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP