نوزە نەمابوو .. یەکێتی وزەی پێداینەوە، بۆیە دەنگمان بۆ یەکێتییە

ستران عەبدولڵا
13:47 - 2023-11-23


نوزە لەم میللەتە بڕابوو، بێدەنگی باڵی بەسەر وڵاتەکەدا کێشابوو، دەنگی دەربەست بەرز بۆوە و گوتی ئەوی دەکرێ خراپە و ئەوی ئێمە دەمانەوێ ڕاماڵینی ئەم خراپی و ستەم و تەعریبەیە.
بۆ یەکەمجار لە مێژووی کورددا حزبێک لەتاو سەختی و ئازاری تەعریب پەلە لە شۆڕشەکەی دەکات و ئەمەشی لە بەیاننامەی دامەزراندن، رازی یەکەم درکاندن، بەیان کردووە.
حزبێکە خەم و خولیای ڕاماڵینی تەعریب و تەرحیل و تەسفیر بێت هەر دەبێ چەقی خەباتەکەی ناوچە دابڕێنراوەکان و پایتەختی ویلایەتی شارەزوور بێت.
ئیرادە ئیفلیج و ئیدارە داڕزابوو، شار خامۆش و دێ فەرامۆش و خەبات بڕنەوێکی ورەبەرزی گەرەک بوو بیهێنێتە جۆش، ئەو بڕنەوە یەکێتی و ئەو تەقەیەش شۆڕشی نوێ کردی وەختێک وتی لە شەرارەوە بریسکەی ڕاپەڕین دێت.
ساڵەکەی حوزەیران بوو، ڕاپەڕینەکەی کەوتە بەهار و تێهەڵچینەوەی تازەشی کەوتۆتە پایزی کەرکوک لەم ساڵە یەکلاکەرەوەی عیراقدا. ئێستا ئەم کەرکوکە سەرزەمینی مژدە و گۆڕەپانی ناسنامە و ساغکردنەوەی خاوەندارێتی نەتەوەو نیشتمانە لەژێر پەردەی نازی خزمەتگوزاری و لەنجەی دیموکراسیدا. فەقەت گشتی دەزانێ یاری شیرین بۆ خەمبار و پەژارەدارە. کورتە چیرۆکەکانیش بە تەنیشت یەکەوە ریزیان بکەیت رۆمانێکی لێکدانەبڕاوە و داستانێکی مێژووکردە کە تۆماری وێستگەی جیاوازیان هەیە.
هەر لە تۆماری کەرکوکدا شەهید عەلی عەسکەری لە ئیحسای پەنجا و حەوت گشتمانی ژمارد و لە ناوەڕاستی شەستەکاندا ئەفسەری بەعسی لەبەر خاتری کورد فەلاقە دەکرد و لە تێهەڵچونەوەی تازەشدا شایەتی گیانبازی بوو، شەهید سیروان تاڵەبانی و ئینجا شەهید حەمە غەفور ئاغجەلەری ئاڵاکەیان هەروا بە دەستەوە ما نەوەک دڵی شەهید مارف بەرزنجی بڕەنجێ و گەرد بیگرێ.
ئەم تۆماری ناوی شەهادەتە وەک ئاماری ٥٧ ورد و دەقیقە و ناوی گشتی تیایە، شەهید مامە ڕیشە و ڕەفیقە ئازاکانی لە کەرتی چواری جەباری وەک غەزای فەلەستین لە حەمک تا کەرکوک کێوماڵ دەکەن و دەشتی داستان هەر ئاوی تری دەوێ وهەر تێرناخوات .تیپی ٢١ ی کەرکوک بەناو و ناونیشانەوە لیستی داخراوی چالاکی و نەبەردی گەورەن و کاندیدەکانی بە خوێن و خوێ و فرمێسک هەڵمەتی ماڵ بە ماڵ دەکەن بۆ دەنگ بەرزکردنەوە لە کەرکوک. ئەو کاتە ئەم سرودە خۆشانەی وەک ئێستا نەبوو، هەبوو نەبوو تەنها گیتارەکەی شەهید ئازاد هەورامی و ڕێی خەبات و جێناهێڵین لە (ئێزگەکە) سەدا و سەودایان هەبوو . جار جارە (ئەی بەبدیخانە) و (دوانزە سوارەکەی قازان) کە (کاک ئەنوەر بوو پێشڕەویان) کێبڕکێیان لەگەڵ مەرگ و موقاوەمە دەکرد،
تۆمار درێژە و ئەم ڕێرەوە داناسەکنێ تا شەهید عەبدولڕەزاق و شەهید حاجی هەڵمەت لە ڕاپەڕینی ڕزگاری کەرکوکدا مۆری خوێنیان لێدا.
تۆمار پاشکۆ و دووتوێی تریشی تیایە ، هەمان نۆڤلێتی شەهیدانی (کۆمیتەی ئاگر )ە و عەینەن گیانبازەکانی وەک شەهید مەلا محێدێن و شەهید مامۆستا قادر و شەهید ئاکۆ سوور و شەهیدان جەبار جەباری و شێرزاد جەباریان ئەپدەیتکردەوە.
لە دەورانی پرۆسەی ئازادی و بۆ بەرگرتن لە پاشەکشێی کوردایەتی و مەردایەتی شەهید لیوا شێرکۆ ناونیشانی قۆناغێکی تر بوو.
فەرماندەکان لە هەموو قوژبنێکەوە دەهاتن تا کورد غەمبار و پەژارە نەبێ، شەهید لیوا حسێن مەنسور، شەهید لیوا کەمال و شەهید لیوا سەلاح دیلمانی گشتی بۆنی مێخەکبوون بە ملوانکەی شۆرشی نوێ لە کەرکوکی دێریندا. هەوێنی ئەم تۆمارە و تامی ئەم گێلاسە خوێناوییە دەرد و ئەڤینی سەرۆک ماجەلالە کە خۆی چەند جار گوتویەتی دەمرم و خەفەتی حەتتای کەرکوک لە دڵمایە.
دەچینەوە سەرەتا، باوەڕ بفەرموون نوزە لەم میللەتە نەجیبە بڕابوو ، یەکێتی هات قوڕگی پاککردەوە و (ئحمێکی) کوردانەی کرد کە تا دەهات گەورە دەبوو و دەنگ و ڕەنگی نەعرەتەی وەرگرت .ئێستا لەم تەختانی و جادەی پانەدا زۆر کەسی پیاکەوتوو ئاخاوتن دەفەرموون و هەقیشیانە لە دیموکراسی بە خوێن ئاودراوی یەکێتی دەخۆن، هەقیشیانە بە کۆستەر لە شوێنی تروە دێن و ئحمی درەنگ وەخت و نابەجێ دەبزوێنن. ئاخر دیموکراسی خۆی وایە، فەقیر و لاشەڕ و هەموو کەس پێی وێراوە. نوزە لە کوردستان نەمابوو یەکێتیی بلوێری شوانی ژەنی و نازدارانی هێنایە هەڵپەڕین و تێفکرین. بۆیە لەم وەرزی پایزەدا هەقمانە چاومان لە بەهاری چنینەوەی دەنگ بێت.
تیپی ٢١ی کەرکوک و تیپی ٥٧ی سەگرمە ئیشی خۆیان کرد و ئینجا نۆرەی تیپی ١٤٢ هێز و ئیرادەیە تا ئیشی بە جێ بکەن.
نوزە بووە وزە و زە بۆتە ورە و وێران و ئازایەتی بۆیە گشت کورد دەوێرێ دەنگ بدات تا دەنگی هاوپەیمانی کەرکوک هێز و ئیرادەمانە زوڵاڵ و زەلال، رەوا و رەوان بێت. دەنگێ چییە لە سینەدا گلی بدەینەوە و لە سندوقی ڕا نەکەین؟

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP