بەڕاست و چەپا پانۆرامای رۆژانەی بەشێکە لە مێژوو، بەڵام لە تایتڵی گشتیدا رێگەی ئاوریشمینی کوردایەتییە و پارچەیەکە لە دیمەنی کوردەواری.
لە زەمانی خوداد عەلییەوە فشاری لەسەرە کە قینی لە کوردبوونی خۆی بێت و یادەوەری خۆماڵی دیلیت بکا و ببێتە خانەوێران، کەچی ئەم هەر وەتەن ئابادە، هەر خانەقییە و لە پەنای روباری ئەڵوەنەوە دڵنیایی بە گەرمەسێر و کرماشانیش دەدا.
نیشتەنی دڵگیری باخەکانی لیمۆ و هەنار و خورمایە، بەڵام خورمای خۆمانی وا کە وەک گوێز و گێوژ بە کوردی قسە ئەکا، شارێکە نوقمی شارستانی ، نزیکە بەغدایە و عەلمۆدەیە و لە هیچی کەم نییە، کەچی دەستبەرداری (کوردستان)نابێ. رێی ئاوەدانی قافلەی مسک و عەنبەر و دین و مەزهەبە، مێژووی ئەسڵی و قەدیم و عەتیق بە پێش زایین و پشتی چەرخی زانین بەناو کوچە و کۆڵانەکانیدا دێت و دەڕوا، کەچی ئەو شارە هەر بە دیار کورد بوونییەوە دانیشتووە و کراسی ڕەشی ڕەسەنایەتی پێ خۆشترە لە کراسی مۆدێلی تەماع و تێکەڵی.
لەڕێی خوا واز لە دەفتەر خدمەی نیشتمان ناهێنێ و یەک بینە یەکێتی و یەک ڕیزی و یەک چارەنووسی گەرەکە.
خۆی نەفتخانەیە و چاوی لە نەوتی کەرکوکیش نییە، بەڵام ئەو لیوایەکی قوربانی دا بۆ کەرکوک و لیوا حسێن مەنسوریشی کردە بانی.
بە ڕاست و چەپ خزمانی عەلی و حسێن لەم دیو سنوور و ئەو دیو سنوور بانگی کەمەندکێشی بەگوێدا دەدەن ، کەچی ئەم خانەقینە هەر خانەقینە و موڕاد خانی لەبەر ناکاتەوە.
شیعر و شانامە و شەعائیری خۆی هەیە و لەهی کەس ناچێ . بە کوردی زەمی یەزید ئەکا و بە کوردیش عەلی و وەلی ئەلاوێنێتەوە.
لە بیرمە هەفتەیەک بوو بەعس و سوپاکەی فەوتیان گشت خانەقی ئیمزای کرد بمانخەنە بان هەرێم تا بێینە سەر ڕێگاکەی جەبار فەرمان و (بانمیل) قیبلەنمای بێت، ئەوی حەجی بۆ بکا (کەلای) بێت و ئەوی لە حەجی بگەڕێتەوە وەک (مەشەیی)بیناسێنن.
چەند ساڵە قورقۆشمی ئۆکتۆبەری دوای ڕیفراندۆم ئەکەن بە قورگیا ئەم شارە هەر (ئەڵوەنەکەی) ئازاد خانەقینی ئەچڕێتەوە، زۆر هەبوون دەستنوێژیان شکاو سوێندیان کەفت و دروشمی زلیان خەفت. شاری نەفت هەر لەسەر عەهد و پەیمانی پێشین ماوە و چوون گیانبازەکانی حسێن لە واقیعەی کەربەلا ئێژێ (هيهات منا المذلة) . واتا (هەرگیز دای نانەوێنین). یانی بانگەوازێکە وەک بانگی کۆمەڵەكان و هەڵۆی سوور ؛
(کرێکارێکی هەژاری کوردم ، هیچ پەشیمان نیم لەوەی كە کردم)
خانقییە و لێی مەترسێن ، گەمارۆی دەدەن کەچی وەک سندوقی عاجباتی لەو سەرەوە کەوا و سەڵتەی باوە مەحموی لەبەرە، ستایلە و ناگۆڕێ و بەرگە و بە گۆشتەوە نووساوە.ئەمجارەش دەوریان داوە و نیەتیان بەند و داوە، کەچی (خانەقینەگەم) هەر خەرکی بێوەژن کۆشییە بۆ (کوردستان) و بە برژانگی چاو دەنگ بۆ حزبەکەی مام جەلال کۆ دەکاتەوە، ئابوونەی بۆ لیستی (١٢٠).
بەسەرهاتی خانەقی ڕۆمانێکی چڕی پڕ قارەمانە و زۆر کورت ناکرێتەوە، گەلێک جار ئیمپڕاتۆرەکانی رۆژگار و زەمان کەیفیان پێ هاتووە مروارییەکەی ئەڵوەنی بدزن و فێنکی باخەکانی زەوت بکەن ، کەچی هەر تیلەی چاوی لەوڵاتی مادەکان و قەدەری کوردەوارییە و وەک عەلی وەندی هەر ئەڵێ (
من بە تاڵی زوڵفی تۆ
هاوسێ وا زنجیرم کرام
من بەتیری عەشقی تۆ
گیانە دڵم پر لە زامە)
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP