دەرئەنجامەکانی دواین هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، پەیوەست بە سەرکەوتنی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان و چەند سەرنجێک:
* زیادبوونی دەنگی یەکێتی، زیادبوونێکی ئاسۆییە، دەنگەکانی لە شوێنێک و پارێزگایەک زیادی نەکردووەو، لە شوێنێک و پارێزگایەکیتر کەم بکات،
بەڵکو لە تەواوی سنوری کوردستان لەچوار پارێزگای جیاواز کورسی بەدەستهێناوە،
بە پێچەوانەی ڕکابەڕەکانی،
ئەمەش ئاماژەیەکی گرنگ و خاڵێکی پۆزەتیڤە،
کە یەکێتی بەشێوەیەکی ئاسۆیی لە گەشەکردن و هەستانەوەدایە، ئەمەش خەسڵەتی هێزێکی تەواو کوردستانیە،
کە بە یەک ئەندازە لە هەموو ناوچەکان ئامادەیی کارای هەیە و دەکرێت ئەم دەرئەنجام و دەرکەوتە نوێیەی یەکێتی، ڕەنگدانەوەی تەواو ئیجابی هەبێت بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان.
* بێگومان گەر یەکێتی توانیبێتی شکستی سیاسەتی هێزە ڕکابەرەکانی لە ناوچە کوردستانیەکان بقۆزێتەوە، ئەوا باشتر دەتوانێت شکستی سیاسەتی ناوخۆی کوردستان بقۆزێتەوە، بە پێوەری ئەوەی شکستی سیاسەتی حیزبی یەکەمی حوکمڕان، پشکی شێری میحنەت و کێشەکانی بەر هاوڵاتیانی هەرێم کەوتووە و پرۆسەی سیاسیشی ڕووبەڕووی پەکستن و ئیفلیجی کردۆتەوە.
ئێستا کاتێکی زێڕینە کە یەکێتی ئەو توانا و هەڵکەوتووییەی خۆی بخاتە گەڕ و هەنگاو بۆ یەکەمبوون بنێت لە هاوکێشەی سیاسی کوردستاندا.
* خاڵێکیتر، هەستانەوەی یەکێتی، هاوشانە بە پوکانەوەو کەمکردنی دەنگی هێز و حیزبە ناوچەییەکانی زۆنی سەوز، ئەمەش ئاماژەیە بەوەی کە یەکێتی گەڕاوەتەوە سەر میراتی بەشێکی دەنگدەرکانی و ڕاستە شەقامی ئاشتکردنەوەی بنکە جەماوەرییەکەی،
وە لەلایەکیتریشەوە ئاماژەیە بەوەی لە غیابی یەکێتیدا، بەدیلی ڕاستەقینە درووست نەبوو، بۆیە ئەزموون سەلماندی، کە تەنیا یەکێتی خۆی بەدیلی خۆیەتی.
* ئامادەیی کارای ژنان و گەنجان، لە هەڵبژاردن و کاندیدبوونیان، یەکێکە لە خاڵە هەرە گەشەکانی هەڵبژاردنی ئەمجارە، ئەسڵەن یەکێتی ئێستا، یەکێتیەکی تەواو گەنجانەیە و قۆناغی کلاسیک و کۆنبوونی تا ڕادەیەکی باش تێپەڕاندووە، ئەمەش ڕەنگدانەوەی درووشمی دواین کۆنگرەی یەکێتی بوو، کە بەتەواوی پەیڕەو کرا، تەنانەت لە ئۆرگانە حیزبیەکانیشدا، ئەم ستراتیژە لەبەرچاو گیراوە و زۆرترین خوێنی گەنجانە چۆتە ناو دەمارەکانی ئەم حیزبەوە.
* یەکێتی ئەمجارە، تەنیا یەکێتی کوردی سونەی موسوڵمان نیە، بەڵکو یەکێتی ئێزدیی و مەسیحی و یارسانی وتەواوی پێکهاتەکان و کەمایەتیەکانی کوردستانە. زۆر گرنگە ئەم ئەجێندایە لە پەڕلەمانی کوردستانیشدا ڕەنگبداتەوەو قۆرخکردنی کورسی کەمایەتیەکانی پەڕلەمانی کوردستان لەژێر هەیمەنەی سیاسەتی تاک حیزبی ڕزگار بکرێت.
* ناکرێت لێرەدا ئاماژە بە دەرکەوتەیەکی گرنگی یەکێتی نەکرێت، ئەویش دەستبردنە بۆ کاندیدکردنی خەڵکانی بەتوانا و بەهێز و خاوەن کەسایەتی زانستی، سەرەڕای ئەوەی کە ئەم کەسانە، هیچ پێشینەیەکی حیزبیبوونیان نیەو، بەشێک نین لە ئەندام و هەڵسوڕاوی ئۆرگانەکانی ئەم حیزبە.
ئەم ستراتیژە گەر لە هەڵبژاردنەکانی داهاتووش لەبەرچاو بگیرێت، پێمان دەڵێت بۆ ئایندەیەکی نزیک، هیچ یەکێتی دەبێتە خاوەنی هەرە چالاکترین و باشترین نوێنەرایەتیەکانی لە ئەنجوومەنە خۆجێییەکان و پەڕلەمانەکانی عێراق و هەرێم، یەکێتیش لە حیزبێکی بیرتەسکی بچووکەوە، دەبێتە حیزبێکی جەماوەری و نیمچە بەرەیی، کە توانای لە خۆگرتنی هەموو ئەو هێزانەشی هەیە، کە خۆیان بە ڕکابەری یەکێتی دەزانن. بەمشێوەیە، یەکێتی سەرەتای دامەزراندنی و یەکێتی نیمچە بەرەیی زیندوو دەبێتەوە و هەنگاوێکی گرنگیشە بۆ دروستکردنی هاوپەیمانێتی بۆ گۆڕینی هاوکێشەی سیاسی لە هەرێم و قوتارکردنی جوومگەکانی حوکمڕانی هەرێم لە قۆرخکاری و داگیرکردن.
یەکێتی، بە حوکمی فەلسەفەی ئیشکردن و ستراتیژی تازەی کە گرتوویەتیە بەر، بە حوکمی ئەو پاشخانە مێژووییەی کە لە ئەزموونی حیزبی نیمچە بەرەیی هەیەتی، توانا و ئامادەیی ئەوەی هەیە ببێتە هێزێکی کوردستانی و، زیاد لە توانای سنووری حیزبی بوونی، ڕۆڵ ببینێت و سیاسەت بکات.
دەرئەنجام/ بەهەموو پێوەرێک، ئێمە لەبەردەم یەکێتیەکی نوێداین، نوێ لە ستراتیژ و سیاسەتکردن، نوێ لە تازەکردنەوەی ئۆرگانەکانی بە خوێنی گەنجانە، نوێ لە دەستنیشانکردنی کەسانی بەتوانا و خاوەن کەسایەتی بەرز. نوێ لە دیدگا و ڕوئیای تازە بۆ کاری حیزبایەتی...
هەموو ئەمانە ئاماژەیەو پێمان دەڵێن، کە نەریتی حوکمڕانی لە کوردستانیشدا گۆڕانکاری ڕیشەیی بەسەردا دێت و لە چەقبەستوویی و دەستەوسانی بەرامبەر قەیرانەکان ڕزگاری دەبێت. ئەوەی گرنگە یەکێتی بیزانێت ئەوەیە، ئومێدی گەورەی تەواوی خەڵکی کوردستانە، بە هێزەکانی دەرەوەی یەکێتیشەوە. وە پێویستە یەکێتی بە ڕۆحێکی گەورەی کوردستانیەوە ئەم ستراتیژە تازەیەی پەیڕەو بکات و، کوردستان و خەڵکەکەی لە لێواری داڕووخان و بێئوومێدی ڕزگار بکات.
لە ڕوانگەیەکی دیکەش ناکرێت ڕۆڵی سەرەکی سەرۆک و یەک دەستەی سەرکردایەتی نوێی(ی.ن.ک) لە بەرچاو نەگیرێت لە کۆی پێشهاتەکان.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP