نەتەوەیەک ناتۆی نەبێ شەڕی پارێزگاری بۆ بنوێنێ و (وارشۆ)یەکی نەبێ واژۆی هاوپەیمانێتی و گەلەکۆمەکێی پەرژینی مانەوەی بۆ بکات . خوا بە مامە ڕیشەیەکی پڕ لە ئازایەتی و شەهامەت قەرەبووی دەکاتەوە .
ئەمە حیکاتەکەیە و ئەمە داستانی مامە ریشە لە ویژدانی گەلی کورد و لە یادگەی یەکێتیدا بەرجەستە دەکات.
ناونیشانی مامە ریشە هەر کۆدی چەند نەبەردییەکی پێشمەرگانە ،لە وێنەی شەڕی حەمک، ناکاتەوە. بەڵکو ناونیشانە بۆ زۆر ڕەهەند.
باسکی بەهێزی پێشمەرگایەتی هەر خەباتی چەکداری و توند وتیژی شۆڕشگێڕی رەواودادپەروەرانە نییە، کە بڵێین ئەم باسکە بەهێزە مامەڕیشەی هەیە و فیسارە فەرماندەی ئازای لە کۆڕی خەبات پێگەیاندووە. باسکی بەهێز ئیرادەی دەستپێشخەری و جولاندنی کەیسی تازە و رۆژانەیە. یانی بە کورتی و کرمانجی کارێک بکەیت بزووتنەوەکەت لە چاوەڕوانی کرداری غافلگیری بەرامبەر و پەرچەکرداری شپرزەی تۆ نەبێت. خۆی بخوڵقێنێ و بکات .
شۆرش و بزوتنەوە لە شاخ و دۆڵ و دەڤەری ئازادکراو زۆنی عەسکەری فیرار نییە شوێنی تەناهی هەبێت . شۆرش و بزوتنەوەەی و پێشمەرگەی خۆی حەشار نەداوە و بێ ئیش نییە بۆ ئەوەی یاداشتی رۆژانە تۆمار بکاو فڵچەی بێتاقەتی بە تابلۆی رێکەوت و (بە تەمای خوای) دا بساوێ. ئەگەر ئەمەت کرد ئەوا چەندی بکەی و بکۆشی هەر لە قۆناغی پێکوتە و خەباتی سەلبیدا گیر دەخۆی.
شۆڕش هەر خۆی ناوێکی پارالێلە بۆ دەستپێشخەری و دەستکردنەوە.
ئەمە جەوهەری تێکۆشانی مامە ریشە و ئەمەش نهێنی نەمری ناو و جێگەیەتی لە یادەوەری شۆڕش و یەکێتیدا.
هەتا ئاتاج و پێویستی بۆ دەستپێشخەری و دەستوەشاندن و گورز نواندن هەبێ مامە ریشە بە ناو و وێنەو دیمەنی بە شکۆوە ئامادەیە.
چونکە بزوتنەوەی کوردستان تا دەگاتە دوا مەنزڵی مافی چارەنووس و خاوەندارێتی لەکەرکوک وەک زێدی مامە ریشە و وەک گرۆکی مەسەلەی کورد لە عێراق ،هەر مەحکومە بە جولە و دەستکردنەوەی ئازایانە.
شەرت نییە لە کایەی وەک کایەی پێشمەرگایەتی کە مامە ریشە قارەمانەکەی بوو، بەڵکو لە زۆر کایەی تریشدا. لەوانەش مامەریشە ئاسامان گەرەکە.
ئێمە ئەندامی نەتەوەی بندەستین و ناتۆ و ڤانتۆم هێزی ئامادەمان هیمەتی (مامەریشانەیە)
لە ململانێی دیموکراسی تا کەینووبەینی ڕاڕەوەکانی پشتەوەی سیاسەتیش.
بۆیە بەخێر بێتەوە یادی شەهید مامەریشە و یادەکەی بەخێر
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP