هەندێک بیرۆکەی ڕێکخراوەیی (1) باخ و باخەوان

ستران عەبدولڵا
15:31 - 2024-02-04


باخەوانی باش ئەوەیە کە چاوی لە باخچەو گوڵەکانی بێت. جگە لە ئاودێری، چاودێریشیان بکات.دەوترا ئەو گوڵە بۆ وا جوان و گەشاوەیە ؟ دەڵێن باخەوانەکەی مەرد و ڕەندە باخەوانی باش (باشباخەوان)ە و لەسەرێتی لەسەریەک و بە بەرنامە ئەم ئەرکە جێبەجێ بکات. بەڵێ نەمامی گوڵ وایە کە ڕەنگە پەین و کیمیا و دەرمان بخوازێ، بەڵام ئەوە بەس نییە، چاودێری و پەروەردە و نازکێشانیشی گەرەکە.
وشەی ( چاودێری) هەم مانایە بۆ لالێکردنەوە و ئاگادریش دەگەیەنێ و هەم ئامۆژگاری و رێکخستنەوە و ئاراستەکردنیش. لە رێکخستن و خەباتیشدا، وەک باقی کایەکانی تر، هەمان ئەم ئەزموونە خۆی دەنوێنێ. ئەندام و کادێر ناونیشانی حەریف، یان باخەوانی باخچەی پشتەوە و دەوروبەرن. گوڵەکان و نەمامەکان لایەنگر و هەوادار و دۆستی حزب و رێکخستن و بزوتنەوە سیاسییەکەن.
هەڤاڵ و کادێری حەریف ئیشێتی ئەم گوڵە لایەنگرانە ئاو بدات. جاران کە هەڵبژاردن و پێشبڕکێی حکومڕانی نەبوو، لایەنگران وەک ماسی و ژینگەی پاک بوون و دەگوترا کە ماسییەکان ( ئەندام و پێشمەرگە) بێ ئەوان ناژین و ئەخنکێن. بەڵام لایەنگرانی دەورانی دیموکراسی دەنگدەرەکانن کە دەبێ رێکخستن و حزب و بزووتنەوەکە دایمەی خوا بەسەریان بکاتەوە، لایان لێبکاتەوە و لایان بێت. باخەوانی حەریف کارێتی گوڵ و نەمامەکان چاودێری بکات ئاویان بدات و بیانگەشێنێتەوە، چاودێریان بکات نەوەک سیس بن و زیزبن و نەوەک بۆ بوژانەوە باخەوانی تر خۆیان لە مەلاسی دابێ لە غەفڵەتا بۆی بێنە پێشەوە.
حزب و رێکخستن دەبێ ئەندام و کادیری حەریف بکاتە (مەلای سەردەمی نوێ) گوندا و گوند و دەڤەرەکان بگەڕێ، مژدە بەخش و مژدەبەر بێت، لە لایەنگر و خەڵک (گوڵەکان و نەمامەکان) دانەبڕێ و سەریان لێ نەبڕێ.
وەختێ کادیر و ئەندامی حەریف هەر لە حزب و بارەگاکانی گیر بخوا و نەگەڕێ و نەبینێ و نەبیستێ، خەڵکی تر ئەم بۆشاییە پڕدەکەنەوە و دین و مەزهەبی تر جێی دەگرێتەوە. ئەمە بنەمایەکی فیزیاییە پێش ئەوەی بنەمایەکی ڕێکخراوەیی بێت. هەوای پاک نەمێنێ هەوای (دیکە) جێی دەکرێتەوە و کایەکە پڕدەکاتەوە.
وەختێ کادیر و ئەندامی حەریف (مەلای سەردەم) هەر خەریکی عەبەسەوە تەوەللا بێت و هەنجەتی نەچوونی بۆ مزگەوتی دێ و بنکەی شارۆچکە و ناو جەماوەر و کۆمەڵانی خەڵک ئەوەبێ کە گوایە ڕووی مەجلیسی نییە، گوایە هیچی پێ نییە بیداتە خەڵک، پەینی پێ نییە گوڵی پێ ئاو بدات و تەداروکی نییە تا موشوری نەمامەکان بخوا، ئەوا دیارە قسەی تازە و مژدەی پێ نییە، دەنا مەرج نییە هەموو گوڵ و نەمامێک پارە و تەداروکی ماددی بخوازێت تا بگەشێتەوە. دەشت و دەری وڵات پڕن لە گوڵە کێوی جوان و نەمامی کەم خەرجی کە تەنها سەردان و ئاودێری و ئاوەدانی گەرەکە و هیچی تر.
نابێ لە چاوی گوڵی سیسی مەجلیسی ساردوسڕ و گوڵی لاستیکی بارەگاکان چاو لە گوڵ و نەمامی میللی بکەین. گەرەکە ئێمە باخەوانی مەرد و ڕەند بین و باخچەکان بێ ئاو نەکەین.

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP