دەزگای ئاسایشی هەرێم دەستدەگرێت بەسەر ژمارەیەک تابلۆ کە ماددەی هۆشبەریان تێدا شارداربوەوە

کوردستان
10:57 - 2024-07-21

دەزگای ئاسایشی هەرێم لە راگەیەندراوێکدا کە وێنەیەکی بۆ کەناڵی کەرکوک نێردراوە رایدەگەیەنێت: بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێم، لەسەربنەمای زانیاری پێشوەخت، پاش بەدواداچوون و چاودێری وورد لە ڕۆژی ٢٠٢٤/٧/٢٠ توانیان دەستبگرن بەسەر (چوار) تابلۆ کە ماددەی هۆشبەری تێدا شاردرابونەوە، لەدەرەوە هەرێمی کوردستان هێنرابویە پارێزگای سلێمانی و تۆمەتباران بەنیازی گواستنەوەی بوون بۆ دەرەوەی ووڵات، بەڵام بەهەوڵی هێزەکانی ئاسایش و لەسەر فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوە توانرا بڕی زیاتر لە( ٢ )کیلۆگرام ماددە کریستاڵ دەستی بەسەردابگیرێت و تۆمەتبارێکیش دەستگیربکرێت.
هەر لە راگەیەندراوەکەدا دەزگای ئاسایشی هەرێم دڵنیایی دەداتە هاوڵاتیان و ئاماژە بەوەدەکات:  لەپێناو کۆمەڵگەیەکی تەندروست لەهەوڵەکانیان بەردەوامن بۆ دەستگیرکردنی بازرگانانی ماددەی هۆشبەر و بەچاوکراوەیەیی و لێهاتوویی کارمەندانی ئاسایش ڕێگری دەکەن لە بەکارهێنانی هەر تەکنیکێکی نوێ بۆ شاردنەوەو بازرگانیکردن بەو ماددانە.
ئەوەش ئاشکراکراوە: لەئێستادا تۆمەتبار  بە ماددەی (٢٦)لەیاسای بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە ئەقڵیەکان ڕاگیراوەو لێکۆڵینەوە لەدۆسیەکەی بەردەوامە.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP