سه‌رۆك بافڵ: هاوسەنگی هێزو حوکمڕانییەکی دەربەست بکەینە واقیع

کوردستان
16:20 - 2024-09-02


بەسەرپەرشتی سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و تاوتوێی دواین گۆڕانکارییە سیاسییەکانی لەسەر ئاستی هەرێم و عیراق و ناوچەکە کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لەسەر وتاری سەنگین و ڕاشکاویی یەکێتی سەبارەت بە راستکردنەوەی رێڕەوی حکومڕانی و گۆڕینی هاوسەنگی هێز لە کوردستان کرا.

سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرەتا رووناکی خستەسەر رەوشی سیاسیی کوردستان و عیراق وە سیاسەتی یەکێتی لەبارەیانەوە، بەتایبەتیش ئەنجامی پەیوەندییە دیپلۆماسییە روو لە گەشەکردووەکانمان لە ئاستی عیراق و هەرێم و نێودەوڵەتیدا کە بۆتە مایەی دەسکەوتی گرنگ بۆ گەلەکەمان.

سەرۆکی یەکێتی روونیکردەوە سەرکەوتنی یەکێتییەکەمان و گەلی کوردستان، بەدەستهێنانی پۆستی پارێزگاری پێکەوەژیان و خزمەتگوزاری ئاوەدانی کەرکوک و بەشداری و شەراکەتمان لە ئیدارەی موسڵ سەرکەوتنێکی گەورەیە کە دەبێ کارێک بکەین ئەم رۆحی سەرکەوتنە سەرتاسەری کوردستان و عیراق بگرێتەوە. هەروەک جەختیکردەوە ئەم سەرکەوتنانە بەرهەمی یەکبڕیاری و یەکڕیزیمانە، پێویستە بە قازانجی گەلەکەمان و چاککردنی ژیان و گوزەرانیان بیخەینەگەڕ.

لەم بارەیەوە سەرۆک بافڵ موژدەی بە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان دا کە سیاسەتی ڕاستکردنەوەی رێڕەو، هاوسەنگی هێزو هێنانەکایەی حوکمڕانییەکی دەربەست بکەینە واقیعی بەرجەستە.

کۆبوونەوەی سەرکردایەتی هەروا گفتوگۆی وردی دۆخی ئێستای کوردستانی کرد، بەتایبەتی دواکەوتنی مووچە کە کاریگەری زۆری کردۆتەسەر ژیان و گوزەرانی هاووڵاتیان. کۆبوونەوە پەرۆشی خۆی بۆ چارەسەری ئەم کێشەیە دەربڕی و جەختی لە هاتنەسەرخەتی تیمی دانوستاندنی حکومەتی هەرێم و حکومەتی ئیتحادی کردەوە بۆ پابەندبوون بە بڕیاری دادگای فیدراڵی دەربارەی ئەولەویەتی مووچەو تێکەڵنەکردنی لەگەڵ ململانێی سیاسییدا.

کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی کە لە بارەگای مەکتەبی سیاسیی لە هەولێر بەرێوەچوو، جەختی لە دابینکردنی کەشوهەوایەکی هێمن و مەدەنیانە کردەوە بۆ هەڵبژاردن کە هەموو لایەک بتوانێت بەرنامە و پەیامی سیاسی خۆی بگەیەنێتە جەماوەر، بەتایبەتی لاوانی دەنگدەری تازە.

لەم بارەیەوە کۆبوونەوەکە پشتیوانی خۆی بۆ گیانی بەرزی یەکێتییانەی هاوڵاتیان لە هەولێر و لە هەموو کوردستان دەربڕی کە وەک هەمیشە ژیرانە و بەجۆش و خرۆشی حزبەکەی سەرۆک مام جەلال ئەم نەبەردییە دیموکراتییە بەرپا دەکەن بۆ کۆتاییهێنان بە قۆرخکاری دەسەڵات و نوێکردنەوەی حوکمڕانی کە لەبەرژەوەندی کۆمەڵانی خەڵکدا بێت بەبێ جیاوازی. ئاماژەشی بەوەکرد کە یەکێتی چاوی لە ململانێیەکی دیموکراسییە و لەم پێناوەشدا ئامادەی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەردە و هەرگیزیش رێگا بە دەستبردن بۆ پیرۆزییەکانی یەکێتی نادات و بە هێڵی سووری دەزانێ.

کۆبوونەوە بە ویستی سەوزەوە هانی جەماوەری دا کە پێکەوە بەرەو سەرکەوتنی گەورەی یەکێتی لە کوردستان بڕۆین و متمانەی گەلەکەمان بەدەستبێنینەوە.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP