سەرۆک بافڵ: ئامانجمان هێنانە کایەی حوکمڕانییەکی دادپەروەر و خزمەتگوزارە

کوردستان
21:34 - 2024-09-10

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان پێشوازیی لە ئەندرۆ بیزلی، کونسوڵی گشتیی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان کرد.

لەدیدارەکەدا گەشەپێدانی پەیوەندییەکان و فراوانکردنی هەماهەنگییەکانی نێوان هەردوولا لە چوارچێوەی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکان جەختیلێکرایەوە.

لەدرێژەی دیدارەکەدا دۆخی گشتیی هەرێمی کوردستان تاوتوێکرا و سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی سیاسەت و ستراتیژی یەکێتی بۆ کۆی پرسەکان خستەڕوو و ئاماژەی بەوەکرد، ئێمە بە بیرکردنەوەیەکی نیشتمانییانە و لەبەرچاوگرتنی پێداویستییەکانی دۆخەکە هەنگاودەنێین، ئامانجیشمان هێنانە کایەی حوکمڕانییەکی دادپەروەر و خزمەتگوزارە کە تێیدا هاوڵاتییان مافەکانیان پارێزراوبێت، ئەمەش خواستی هەموولایەکە و پێویستە کۆتایی بە جیاکاری لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری و تاکڕەوی لە بەڕێوەبردندا بهێنرێت.

چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و هەوڵەکان بۆ گەیشتن بە ئەنجامێکی ئەرێنی، تەوەرێکیتری دیدارەکە بوو و هەردوولا هاوڕابوون دەستوور و هاوبەشیی راستەقینە بنەمای چارەسەرکردنی کێشەکان بن و مافی هەموولایەک پارێزراوبێت.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP