سێ جۆر خنكان لە هەولێر

کوردستان
17:43 - 2024-09-18



جەماوەری هەولێر و گەڕەكە رەسەن و ستەملێکراوەکانی هەولێر دەیانەوێت خۆیان  لە سێ جۆری خنكان رزگار بکەن . چاوەڕێن لە هەڵبژاردنی ئەمجارەدا بەشێوەیەكی دیموكراتیانە و مەدەنیانە  و  لەرێی راستکردنەوەی رێڕەوی حكومڕانی  خۆیان لەو سێ جۆر لە خنكانە رزگار بكەن، كە بۆ ماوەی دەیان ساڵە بە دەست ئەو سێ مەترسییەوە دەناڵێنن و گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی كە حزبی دەسەڵاتداری هەولێر لە ماوەی دەیان ساڵی رابردوودا نەیانتوانیوە  ئەو كێشەیە چارەسەر بكەن. بەدڵنیاییەوە ناشتوانێت لەماوەی  دەیان ساڵی داهاتووشدا  كێشەکە چارەسەر بكات. بۆیە بە دوای بەدیلێكی دیکەدا دەگەڕێن ئەو بەدیلەش تاقیكردنەوەی ئەزموونی شاری سلێمانییە و حکومڕانی سەرکەوتووی یەکێتییە.

ئەو سێ جۆرە خنكانەی كە دەیان ساڵە خەڵكی هەولێری قەڵا و منارە بە دەستییەوە دەناڵێنن بریتییە لە:

١ـ لە وەرزی هاوینان، خنكان بە دەست بێ ئاوییەوە كە زیاتر لە (30) ساڵە حزبی دەسەڵاتداری هەولێر نەیتوانیوە كێشەی بێ ئاوی لە شارەکە چارەسەر بكات و ساڵ لە دوای ساڵیش  كێشەی ئاوی خواردنەوەی شارەکە لەهەڵکشاندایە .   هەرچەندە   هەموو جارێ لەگەڵ نزیکبوونەوەی بانگەشەی هەڵبژاردن ،  بەمەبەستی چەواشەکردنی هاوڵاتیان  بەردی بناغەی پرۆژەی چارەسەرکردنی کێشەی ئاوی شارەکە  دادەنێن . بەڵام لە دوای دانانی بەردی بناغە و بڵاوكردنەوەی هەواڵەكە هیچ هەنگاوێكی كردەیی بەدوایدا نەهاتووە.

٢ـ خنکان  لە وەرزی زستان،  بەهۆی لافاوەوە، لە شاری هەولێر، هەر لەگەڵ یەكەم شەپۆلی بارانبارینەوە، هاووڵاتیانی ئەو شارە دەكەونە ئینزارەوە و سەرباری زیانێكی زۆری مادی ژیانی چەندین هاووڵاتی دەكەوێتە مەترسییەوە و ئەم كێشەیەش نەك لە توانای حزبی دەسەڵاتداری هەولێردا نییە كە چارەسەر بكرێت، بەڵكو ساڵ لە دوای ساڵ ئەم دیاردە مەترسیدارەش لە زیادبووندایە.

٣ـ خنكانی سێیەمیش، ئەو خنكانەیە كە هاووڵاتیانی هەولێر بەهۆی هەڵمژینی ژەهرەوە  گیانی خۆیان لەدەست دەدەن و دەبنە قوربانی  . ئەو ژەهرەش بەهۆی دوكەڵی پاڵاوتگەكانەوەیە کە ئاسمانی پایتەختی هەرێمی كوردستان دادەپۆشێت و ئەم دیاردەیەش بەهۆی بڕیارە نایاساییەكانی ئیدارەی هەولێرەوە تەشەنەی كردووە و پێویستی بە چارەسەركردن هەیە .

 بۆیە خەڵكی هەولێر چاوەڕوانی ئەوە دەكەن لەم هەڵبژاردنەدا خۆیان نەجات بدەن و بەدەنگی خۆیان کۆتایی بەو خنکانەبێنن .

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP