ئەمڕۆ پزیشكیان دەگەڕێتەوە بۆ تاران

کوردستان
14:47 - 2024-09-13


پاش سەردانە سێ رۆژییەكەی بۆ عیراق و هەرێمی كوردستان  ، بڕیارە ئەمڕۆ سەرۆك كۆماری ئێران بگەڕێتەوە بۆ تاران.
رۆژی چوارشەممە مەسعود پزیشكیان، سەرۆك كۆماری ئێران گەیشتە بەغداو  چەند كۆبوونەوەیەكی لەگەڵ سەرۆك كۆمارو سەرۆك وەزیران و هێز و لایەنە سیاسییەكانی عێراق ئەنجامدا.
لە دووەم رۆژی سەردانەكەشیدا پزیشكیان گەیشتە هەولێرو كۆبوونەوەیەكی هاوبەشی لەگەڵ هەردوو سەرۆكایەتیی هەرێم و حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەنجامدا.
نیوەڕۆی هەمان رۆژ سەرۆك كۆماری ئێران لە سەردانێكی مێژوویدا گەیشتە سلێمانی و لەلایەن بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی (ی.ن.ک)ەوە پێشوازی لێكرا، پاشان بەرەو مەزاری سەرۆك مام جەلال بەڕێكەوت و تیایدا سەرەڕای دانانی تاجەگوڵینەی رێز و وەفا، لە دەفتەری یاداشتەكانیدا ئاماژەی بە رۆڵ و تێكۆشان و كاریگەریییەكانی سەرۆك كۆماری كۆچكردووی عێراق لە شۆڕش و پاش شۆڕشدا كرد.
پاشان لە دەباشان هەریەك لە بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی و مەسعود پزیشكیان، سەرۆكی ئێران بە ئامادەبوونی وەفدی هەردوولا كۆبوونەوەیەكیان ئەنجامدا.
دوای ئەو كۆبوونەوەیەش پزیشكیان كۆتایی بە سەردانەكەی بۆ هەرێمی كوردستان هێنا و بەرەو ناوەڕاست و باشووری عێراق بەمەبەستی بەسەركردنەوەی پارێزگاكانی نەجەف و كەربەلا گەڕایەوە.
بڕیارە ئەمڕۆش لە دواهەمین رۆژی سەردانەكەیدا سەرۆك كۆماری ئێران سەردانی بەسڕە بكات و دواتریش بە یاوەری وەفدی هاوەڵی بەرەو تاران بگەڕێتەوە.


بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP