سلێمانی لە ئازادیی رۆژنامەگەریدا سیمبولی هەموو عیراقە

کوردستان
17:28 - 2024-09-18



پارێزەرانی حەقیقەت مۆنۆمێنتی هەموو ئەو رۆژنامەنووسە شەهیدانەیە کە لە هەر 19 پارێزگاکەی عیراق لە پێناو گەیاندنی راستی و زانیاری و پیشەی میدیاییدا گیانی خۆیان بەختکردووەو مۆنۆمێنتەکەش لە شاری سلێمانییە، دروستکردنی ئه‌و مۆنۆمێنته‌ش لە شاری سلێمانی دووپاتکردنەوەی ئەو راستیەیە کە شارەکە پشتیوانی را و بۆچوونی ئازادە، ئاماری رێکخراوەکانی داکۆکیکار لە مافەکانی رۆژنامەنووسانیش ئەوە دەردەخات کە پێشێلکاری بەرامبەر رۆژنامەنووسان لە کەمترین ئاستیدایە، بەمەش شارەکە لە بواری رۆژنامەوانیی و زۆر بواری دیکەدا بووەتە سیمبولی عیراق.

مۆنۆمێنتەکە بۆ رێزگرتنە لە رۆحی رۆژنامەنووسان
رۆژی 14ـی 9ـی 2024 پەردە لەسەر مۆنۆمێنتی پارێزەرانی حەقیقەت لە شاری سلێمانی لادرا کە لە مۆنۆمێنتەکەدا ناوی سەرجەم ئەو شەهیدە رۆژنامەنووسانە تۆمارکراون کە لەماوەی 20 ساڵی رابردوودا بەهۆی پیشەکەیانەوە شەهیدبوون.

شوێنی مۆنۆمێنتەکە نزیک سەکۆی ئازادییە لە پارکی ئازادی شاری سلێمانی، هەروەها ئەم مۆنۆمێنتە بۆ رێزگرتنە لە یادی 551 رۆژنامەنووس، کە لە ساڵی 2003ـوە تا ئێستا لە عیراق و هەرێمی کوردستان شەهید کراون.

لە 20ساڵی رابردوودا لە هەرێم 20 رۆژنامەنوس شەهید بوون
ژمارەی شەهیدەكان لە 20ساڵی رابردوو دا تا ساڵی 2024، لە هەرێمی كوردستان 20 رۆژنامەنوسە كە لەو ژمارەیە 12 رۆژنامەنوسیان لەهەولێر شەهید بوون و كەمترینیشیان لەپارێزگای هەڵەبجەیە كە 1 رۆژنامەنوس شەهید بووە، 5 رۆژنامەنوسیشیان لەپارێزگای سلێمانین كە نوێترینیان ئەو دوو كچە رۆژنامەنوسەبوون كە لە هێرشی درۆنی توركیا لەنزیكی سەیدسادق كرانە ئامانج، هەروەها لە دهۆكیش 2 رۆژنامەنوس شەهید بوون.

"یەکەمجارە ژمارەی شەهیدەکان دەستنیشان بکرێت"
کاروان ئەنوەر سکرتێری لقی سلێمانی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان بە وێبسایتی رەسمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان PUKMEDIA ی راگەیاندووه‌: "یەکەم جارە ژمارەی شەهیدانی رۆژنامەنووس لە عیراق و هەرێمی کوردستان دەستنیشان بکرێت، دیاریکردنی شوێنی دانانی مۆنۆمێنتەکەش کە تا دوێنێ سەربازگە بووەو لە تەنیشت سەکۆی ئازادی لە پارکی ئازادی کە شوێنی هەموو بانگەشە و رەخنەگرتن و بانگەوازێکە کارێکی گرنگە، ئەم دەستپێشخەرییە لە ئێمەی کوردەوەیە، چونکە عیراق تا ئێستا خاوەنی نزیکەی 530 شەهیدە، بەڵام هیچ مۆنۆمێنتێکیان دروست نەکردووە".

"سلێمانی خاکی ئازادیخوازانە و ئەو شوێنەیە کە ئازادی رەخنە و ئازادی خۆپیشاندان و رۆژنامەنووسی و هەموو ئازادییەکان بەرقەرارە، تەنانەت پارچەکانی دیکەی کوردستان دێن لە سلێمانی رای خۆیان دەڵێن و رەخنە دەگرن، لەبەرئەوە سلێمانی پایتەختی رۆشنبیری و خاکی ئازادییە"، کاروان ئەنوەر وای وت.

سکرتێری لقی سلێمانی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان ئاماژەی بەوەشدا: "پارکی ئازادی پێشتر سەدان کەسی تێدا ئەشکەنجەدراوە و رەمی کراون، بەڵام ئێستاکە بووەتە شوێنێک بۆ ئازادی رادەربڕین، ئەمە هەڵبژاردنێکی زۆر گونجاوە".

"بەراورد بەهەموو عیراق سلێمانی ترۆپکی ئازادی رادەربڕینە"
ئازادی رادەربڕین لە سلێمانی بەراورد بەهەموو عیراق زۆر زیاترە نەک تەنها لە هەرێمی کوردستان، ئەو وێبسایتەشی بۆ مۆنۆمێنتی پارێزەرانی حەقیقەت دروستکراوە دەتوانرێت لەوێوە بەرهەم و ژیاننامەی رۆژنامەنووسە شەهیدەکان بزانرێت.

هۆزان قادر لێپرسراوی رێكخراوی په‌یامنێران بۆ ماف و گه‌شه‌پێدانی رۆژنامه‌نوسان بە PUKMEDIA ی راگەیاندووه‌: "هەبوونی مۆنۆمێنتی پارێزەرانی حەقیقەت ئەوە نیشان دەدات کە ئازادی رادەربڕین لە سلێمانی بەراورد بەهەموو عیراق زۆر زیاترە نەک تەنها لە هەرێمی کوردستان ، لە راپۆرتەکانی رێکخراوی پەیامنێرانیشدا ئەوە دەردەکەوێت کە لە سلێمانی پێشێلکاری بەرامبەر رۆژنامەنووسان رێژەیەکی زۆر کەمە".

"کردنەوەی ئەم مۆنۆمێنتە پەیامێکی گرنگە بۆ عیراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە ناوی 551 رۆژنامەنووسی تێدایە، ئەمە سەلمێنەری ئەوەیە سلێمانی لەسەر ئاستی عیراق لە پلەی یەکەمدایە لە ئازادی رادەربڕیندا"، هۆزان قادر وای وت.

ئاماژەی بەوەشدا: "هەبوونی ئەو وێبسایتە کە بۆ بەرهەم و ژیاننامەی رۆژنامەنووسە شەهیدەکان دروستکراوە زۆر گرنگە، لەبەرئەوەی ئەگەر کەسێک بیەوێت لەسەر ژیانی رۆژنامەنووسێک زانیاری وەربگرێت، گەڕانێک لە وێبسایتەکە بکات دەتوانێت بەرهەم و هەموو ئەو شوێنانە بزانێت کە رۆژنامەنووسەکە کاری لێکردووە".

"قوباد تاڵەبانی پشتیوانی رۆژنامەنووسانە"
دروستکردنی مۆنۆمێنتی پارێزەرانی حەقیقەت ئەوە نیشان دەدات کە قوباد تاڵەبانی پشتیوانی رۆژنامەنووسانە و  ئەمەش وای کردووە کە رۆژنامەنووسانی عیراقیش ئاسودەبن بەو بارودۆخە رۆژنامەوانییەی کە لە شارەکەدا هەیە.
 
رۆژنامەنووس زانا حەسەن سەبارەت بە دروستکردنی مۆنۆمێنتەکە بە وێبسایتی رەسمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان PUKMEDIA ی راگەیاندووه‌: "ئەمە درێژەپێدەری رێبازی سەرۆک مام جەلال-ە بۆ گرنگیدان بە رۆژنامەنووسان و بیروڕای ئازاد، هەروەها سەرۆک مام جەلال لە پارکی ئازادی لەگەڵ گەورە نووسەر و شاعیرانی کورد کۆبووەوە و وتی، من لێرە سەکۆیەک دروست دەکەم و دەتوانن هەر رەخنەیەک هەیە لە منی بگرن و ئێرە مینبەری ئازادییە و هەموو تەلەفزیۆنەکانیشی راسپارد کە پڕبن لە رەخنە و رەخنەلەخۆگرتن".

"قوباد تاڵەبانی درێژەپێدەری رێبازی سەرۆک مام جەلال-ە و پشتیوانی رۆژنامەنووسان و ئازادی رادەربڕینە کە ئەمەش پایەیەکی گرنگی دیموکراسییە، هەر لەو روانگەیەشەوە ئەم مۆنۆمێنتە دروستکراوە بۆ ئەوەی ئازادی رۆژنامەگەری هەبێت و هیچ کەسێک لەسەر قەڵەم و نووسین شەهیدنەکرێت و ئازار نەدرێت، ئەمە پەیامی قوباد تاڵەبانییە بۆ هەموو لایەک کە پشتیوانی رۆژنامەنووسانە"، زانا حەسەن وای وت.

ئاماژەی بەوەشدا: "سلێمانی لە زۆر بواردا پێشەنگی عیراقە، لە ئازادی رۆژنامەگەریشدا بە هەمان شێوە، بۆیە سیمبولی هەموو عیراقە، رۆژنامەنووسە گەورەکانی عیراقیش هەمیشە باس لەوە دەکەن زۆر ئاسودەن بەو بارودۆخەی سلێمانی".

دروستکردنی مۆنۆمێنتی پارێزەرانی حەقیقەت لە شاری سلێمانی دووپاتکردنەوەی ئەو راستیەیە کە شارەکە پشتیوانی را و بۆچوونی ئازادە، ئاماری رێکخراوەکانی داکۆکیکار لە مافەکانی رۆژنامەنووسانیش ئەوە دەردەخات کە پێشێلکاری بەرامبەر رۆژنامەنووسان لە کەمترین ئاستیدایە، بەمەش شارەکە لە بواری رۆژنامەوانی و زۆر بواری دیکەدا بووەتە سیمبولی عیراق.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP