سه‌رۆك بافڵ: یەکێتی جارێکیتر رێگە بە جیاکاری و تاکڕەوی لە بەڕێوەبردندا نادات

کوردستان
19:22 - 2024-09-02


بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بارەگای مەکتەبی سیاسی لە هەولێر لەگەڵ لێپرسراوی بازنەکانی سنووری پارێزگای هەولێر کۆبووەوە.

لەکۆبوونەوەکەدا کە هەڤاڵان رەفعەت عەبدوڵا، دەرباز کۆسرەت رەسوڵ، ئاسۆ مامەند و رێواز فایەق، ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و سەعدی ئەحمەد پیرە، وتەبێژی یەکێتی ئامادەبوون، سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی سوپاس و پێزانینی ئاڕاستەی هەولێرییە سەربەرزەکان کرد کە ماندوونەناسانە هەوڵ بۆ بەدیهێنانی گۆڕانکاری و راستکردنەوەی رێڕەوی چەوتی حوکمڕانی دەدەن. ئاماژەی بەوەشکرد، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وەک هەمیشە لەگەڵ هەولێرییە خۆڕاگرەکان دەمێنێتەوە و ئەمجارە پێکەوە لە هەولێری پایتەختەوە مژدەی بونیادنانی حوکمڕانییەک رادەگەیەنین کە خزمەتکاری هاوڵاتییان بێت نەک یاری بە ژیان و چارەنووسییانەوە بکات.

لەبارەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن و گۆڕانکاریی لە دەسەڵاتدا، سەرۆک بافڵ رایگەیاند، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان جارێکیتر و لەژێر هیچ ناوێکدا رێگە بە جیاکاری و تاکڕەوی لە بەڕێوەبردندا نادات، ئەوەی دەمانەوێت و هەر دەبێت رووبدات، هێنانەکایەی قۆناغێکی نوێی حوکمڕانییە کە وەڵامدەرەوەی خواست و داواکاریی هاوڵاتییان بێت و توانای چارەسەرکردنی کێشەی مووچە و قووتی خەڵکی هەبێت و ژیان و گوزەرانی خەڵکەکەی نەکاتە قوربانیی ململانێ سیاسی و ناڕەواکان. بۆیە هەڵبژاردنی ئەمجارە دەرفەتێکی گرنگ و چارەنووسسازە تاوەکو هەموومان پێکەوە بە رۆ‌حێکی نیشتمانی و بەرپرسیارانەوە هەنگاو بۆ داهاتوویەکی سەقامگیرتر بنێین و داهاتوویەکی خۆشگوزەرانتر بۆ نەوەکانمان بونیادبنێین.

لەکۆتایی کۆبوونەوەکەشدا سەرۆکی یەکێتی رووی لە هەولێرییە سەربەرزەکان کرد و رایگەیاند، لە رابردوودا بە پشتیوانیی خوای گەورە و خەڵکە دڵسۆزەکەمان، هەنگاوی گەورە و کاریگەرمان ناوە، دڵنیام لە داهاتووشدا بە رۆحێکی کۆڵنەدەرانەی یەکێتییانە و کوردانەوە سەرکەوتنی گەورە تۆمار دەکەین. هەولێر خاکی پیرۆزی کوردستانە و موڵکی هەموو ئەوانەیە کە بە دڵ کوردستانیان خۆشدەوێت نەک ئەوانەی لەپێناو بەرژەوەندیی تەسکی ‌حزبی و کەسیدا بەکاریدەهێنن.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP