واده‌ی وه‌رگرتنی گه‌نمی جوتیاران له‌هه‌رێم كۆتاییهات

کوردستان
12:30 - 2024-07-21

وەزیری بازرگانی‌ و پیشەسازیی هەرێم رایدەگەیەنێت پرۆسەی وەرگرتنی گەنم لەجوتیاران بەڕادەیەکی زۆرباش سەرکەوتوبوە.
كەمال موسلیم وەزیری پیشەسازیی‌ و بازرگانی حكومەتی هەرێم ڕایگه‌یاند هیچ بڕیارێك نییە بۆ درێژكردنەوەی وەرگرتنی گەنم لەجوتیاران ‌و دوێنێش دوا ڕۆژی وەرزی وەرگرتنی گەنم بوو لەهەرێم، ئەو (700) هەزار تۆنەی بۆ شارەكانی هەرێم دیاریكراوە ڕوبەڕوی هیچ كێشەیەك نەبوەتەوە.
هاوکات ئاماژەی بەوەشدا: ئەو بڕە گەنمەی بۆ هەرێم دیاریكراوە، وەرگیراوە و بەغداش تەنها پارەی ئەو بڕە ڕەوانەی هەرێم دەكات، ڕێژەی وەرگرتنی گەنمیش لەهەرێم بەگوێره‌ی شارەكان دیاریكراوە.
وەزیری پیشەسازی و  بازرگانی  هەرێم باسیلەوەشکرد: ئەو پارەیه‌ی كە بۆ وەرگرتنی (700) هەزار تۆن گەنم لەهەرێم دیاریكراوە لە(590) ملیار دینار پێكهاتوە كە تائێستا (74) ملیارو (500) ملیۆن دینار بۆ جوتیاران خەرجكراوە، لە هەولێر (17) ملیار دینارو لە  دهۆك (29.5) ملیار دینارو لە سلێمانیش (28) ملیار دینارە.
وەزیری بازرگانی ‌و پیشەسازیی هەرێم ئەوەشی ئاشکراکرد: پرۆسەی وەرگرتنی گەنم لەجوتیاران بۆ ئەمساڵ بەڕادەیەکی زۆرباش سەرکەوتوبوەو کەمترین گلەییان بۆ چوەتەوە، هەروەها سەعات 12ی شەو پڕۆسەكە کۆتاییهات‌و وادەی وەرگرتنی گەنم درێژناکرێتەوە.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP