پارتی بەدیلی یەکێتی دۆزیوەتەوە ؟
هەموان دەزانن پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان دوو حیزبی سەربازی ، بازرگانی ، جەماوەری ، سیاسی کوردستانن ئەم دوو حیزبە کوردستانیان دوولەتکردووە و باڵادەستی خۆیان بەسەرناوچەکانی خۆیان سەپاندووە ، بەدرێژایی مێژووی دەیان ساڵەش چەندین شەڕی ناوخۆی بۆ کۆتایی هێنان بەیەکتر بەرپاکردووە بەڵام لەئەنجامدا بۆهەردوولا دەرکەوت بەشەڕ کۆتایی بەیەک ناهێنن بۆیە گەڕانەوە سەرمێزی گفتوگۆ و لەسەرەتایی سەدەی نوێ هەردوولاحکومەتی یەکگرتووی کوردستانیان پێکهێنا و تاڕادەیەکیش خەڵکی کوردستان توانیان بەئارامی و هێمنی و خۆشگوزەرانی بژین .
بەڵام لەدەساڵی ڕابردوو شەڕی ساردی نێوان هەردوولا دەستیپێکردووە من لێرەدا نامەوێت ببمە پارێزەری یەکێتی نیشتیمانی کوردستان دژ بە پارتی دیموکراتی کوردستان چوونکە هەردوولا هێندە پارێزەر و سیاسی وبازرگان و خەڵکیان هەیە تا داکۆکی لەحیزبی خۆیان بکەن بەڵام چەند ڕاستیەک هەن کەپارتی شەڕ بەیەکێتی دەفڕۆشێت و دەستپێشخەربووە لەشەڕی سارد نموونەکان زۆرن بۆیە چەند دانەیەکیان لێرەدا دەخەینە ڕوو :-
- جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان :-
سەرەتای شەڕی سارد لەسەر دانانی کاک کۆسڕەت ڕەسوڵ عەلی بەجێگری کاک مەسعود بارزانی بوو ئەوەبوو چەندینجار داوایان لەیەکێتی و مام جەلال کرد کاندید بگۆڕن چوونکە ناڕازین وتێبینیان لەسەر کاک کۆسرەت هەیە بێ ئەوەی بیرکەنەوە کاتێک پۆستێک بەرپارتێک دەکەوێت ئەوپارتە سیاسیە مافی خۆیەتی چی کەسایەتیەک دیاری بکات بۆ بەڕێوەبردنی ئەو پۆستە .
-سەرۆک کۆماری عێراق :-
لەدوای نەخۆشکەوتنی ڕەوانشاد مام جەلال بابەتی سەرۆک کۆمار هاتە ئاراوە لەوێشدا هەرزوو پارتی داوای چەند ناوێکی لەیەکێتی کرد و کاتێکیش یەکێتی ناوی دکتۆر بەرهەمی خستە بەردەم برادەرانی پارتی هەرزوو ووتیان ناڕازین و دەبێت کاندیدی دیکە بخەنە ڕوو .
- دانانی وەزیرەکانی حکومەتی هەرێم :-
لەکاتی پڕکردنەوەی پۆستە وزارییەکانی حکومەتی هەرێم دیسانەوە پارتی چەندین ناوی دیکەی یەکێتی ڕەتکردەوە بۆ بوون بەوەزیر لەکابینەی کاک مەسرور بارزانی .
-درووستکردنی یەک لیستی لەکەرکوک:-
لەچەندین پڕۆسەی هەڵبژاردندا پارتی داوای گۆڕینی سەرۆک لیستی کردووە تاوەکو بێنە ناو هاوپەیمانیەکەوە کە کوردانی کەرکوک لەیەک لیستدا کۆببنەوە بەڵا بە ڕەچاوکردنی دەنگی زۆرینە و پێگەی جەماوەریی یەکێتی لەکەرکوک داواکاری لەوجۆرە خۆی لەخۆیدا شەڕپێفڕۆشتنە .
-دانانی پارێزگاری کەرکوک :-
لەدوای پڕۆسەی ئازادی عێراقەوە هەمیشە یەکێتی لەدەستنیشانکردنی کاندید بۆ پارێزگاری کەرکوک ڕووبەڕووی ڤیتۆی پارتی بۆتەوە بێ ئەوەی پارتی بیرکاتەوە ئەگەر پێگەی بەهێزی یەکێتی نەبێت کورد لەکەرکوک قائمقامێکی بەرناکەوێت ئەوە یەکێتیە لەهەڵبژاردن دەنگی یەکەم دێنێت بەوهۆیەشەوە دەنگی کورد بەرز و سەنگین دەبێت .
دەبێت پارتی لەو ڕاستیە تێبگات کەرکوک تاپۆی ڕەشی یەکێتیە و ئاوتکردنی یەکێتیش لەپڕۆسەی حوکمڕانی ناکرێت و نابێت .
هەڵوێستی یەکێتی بەرامبەر ئەوکارانەی پارتی چیبووە ؟
خوێنەر دەتوانێت سێرچێک بەناو کێشەکانی بیست ساڵی ڕابردوو بکات بەرامبەر بەوهەموو گێچەڵ وشەڕپێفڕۆشتنە یەکێتی چی کردووە ؟ کاردانەوەیان چی بووە ؟
وەڵام ئاسانە گەڕاوەتەوە سەرمێزی گفتووگۆ و هەوڵیداوە بەگفتوگۆ جارەسەریان بکات ڕاستە لەهەموو بابەتەکان یەکێتی نەرمی نواند بەڵام یەکێتیش لەزاری سەرۆک مام جەلال و سەرۆک بافڵ و چەندین سەرکردەی دیکەیەوە بەئاشکرا و نهێنی شەڕی ناوخۆیان حەرامــــــکردووە وهیچ کاتێکیش ئامادەی شەڕی ناوخۆنابنەوە نەوەک لەترس و لەوەی پێیان نەکرێت بەڵام سەرکردایەتی یەکێتی گەیشتۆتە ئەو باوەڕی هیچ سوودێک لە بەکوشتنی کوڕی خۆی و پارتیش نیە جگە لەماڵوێرانی دیکە بۆ هەموو کوردێک ، ئەم هەڵوێستە یەکێتی ڕاستە زۆرجار بەزەعیفی ولاوازی بەرامبەر پارتی دەردەکەوێت بەڵام هەڵوێستێکە دەبێت هەموو سەرکردایەتی وئەندام ولایەنگرێکی ینک شانازی پێوەبکات چوونکە هەزار سەعات گفتوگۆ لەیەک دەقیقەی شەڕی براکوژی چاکتر وباشتر و شکومەندترە .
کەواتە پارتی بۆ وادەکات ؟
بەخوێندەوەمان بۆ بابەتەکانی ئێستا و پاش ئەوەی پارتی بۆی دەرکەوتووە کەناتوانێت یەکێتی بەشەڕی چەکداری و شەڕی ساردیش کۆتایی پێبێنت ئێستا دەگەینە ئەوقەناعەتەی پارتی لەئێستادا بەخوێندنەوەی خۆی بەدیلی یەکێتی دەستکەوتوە و پارتی پێی وایە لەهەڵبژرادنی ئەمجارە و جارانی پێشوو دەتوانێت حکومەت بێ یەکێتی دروستبکات بۆیە هێندە تەگەرەو کێشە و شەڕی بۆ دەدۆزێتەوە .
بەڵام برادەرانی پارتی دەبێت تێبگەن سەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لەهاوینە هەواری سەڵاحەدین ووتی یەکێتی هێزە ،یەکێتی مێژووە ، یەکێتی خوێنی شەهیدە .
ئەم پەیامە کەمتر لەسی چرکەبوو بەڵام پەیامێکە دەبێت بگات ڕاستە یەکێتی مەجالی داوە ئۆپۆزسێون لەزۆنەکەی هەبێت ، دەنگی ئازاد ، کەناڵی دژ بەیەکێتیش هەبێت بەڵام حکومەت پێکیش بێت بێ یەکێتی ئەو حکومەتە حوکمڕانی دووشار دەکات و سلێمانی وهەڵەبجە و کەرکوکیش لەدەرەوەی ئەو حکومەتە دەبن کەواتە بەدیلی یەکێتی بۆپارتی نیە ، بەدیلی پارتیش بۆیەکێتی نیە.
یەکێتی وهاوپەیمانە نوێیەکانی :-
کاتێک تۆ ڤیتۆت لەسەر هەموو کەسایەتیەکانی یەکێتی دەبێت .
کاتێک تۆ بەرکەوتەی هەڵبژاردن بەیەکێتی ڕەوانابینی .
کاتێک گرێبەستە نەوتیەکان بەنهێنی دەهێڵێیتەوە .
کاتێک شایستە داراییەکانی زۆنی سەوز خەرج ناکەیت .
کاتێک پارە بۆدهۆک وهەولێر هەیە و بۆسلێمانی بڤە بێت ناو پارە بێنێت .
چاوەڕوانی چیدەکەیت ، تۆ بۆچوونێکت داوە بەهاوبەشەکەت لەحکومڕانی کە وەک هاوبەش سەیری ناکەیت وپرس وڕاوێژی پێ ناکەیت و کارەکانی کۆمسیۆن و ئەنجوومەنی دادوەری و ئەنجوومەنی ئاسایش بەتاک ڕەویی ئەنجام دەدەیت و کەسە سەربازییەکانی ئەو حیزبە دادگایی دەکەیت دەتەوێت یەکێتی چیبکات ، کاتێک تۆ ڕێگری چوونە هەولێر لەگەورەی هەولێرییەکان کاک کۆسرەت دەکەیت و محمود سەنگاوی دەگەڕێنێتەوە دەتەوێت یەکێتی چیبکات ؟ تاکەی چاوەڕوانی بەخۆداچوونەوەت لێبکات ، تۆ بەمشێوەیە مامەڵەی لەگەڵدابکەیت یەکێتیش مافی خۆیەتی هاوپەیمانی نوێ ببەستێت ودرێژە بەسیاسەتی خۆیبدات .
پێم وایە گەورەترین هەڵەی پارتی ئەوەیە یەکێتی پێ هەزم ناکرێت وەک حیزێکی خاوەن بیروبۆچونێکی جیاواز لەخۆی دەی ئەوەش هەڵەکەیەئەگەر یەکێتی وپارتی خاوەن یەک بۆچوون و ڕەفتاربن بۆ دووحیزبن دەبنە یەک بناغەی هەمووهاوپەیمانیەک قبوڵکردنی بۆچوون وجیاوازی ڕەفتارە ئەگەر یەک بۆچوون ویەک بیر وهزربن ئەوکات نابوونە دووحیزب.
چارەسەر :-
خەڵکی کوردستان خەڵکێکی ماندووە خەڵکێکی تێکۆشەرە خەڵکێکی خاک وویستە دەبێت پارتی لەوەتێبگات بەبێ یەکێتی ژیانی خەڵکی تێکدەچێت دەبێت پارتی هێندە تەسک بیرنەکاتەوە دانانی پارێزگارێک یان وەزیرێک نەبێتە ڕێگر و بەربەست لەبەردەم کارە ستراتیژییەکانی نێوان هەردوولا چوونکە یەکێتی وپارتی بەشەڕی چەکدار و شەڕی سارد یەکتر لەنەخشە ناسڕنەوە .
ئەزهەر سەمەد /کەرکوک
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP