کورد بوون بۆ ئێمە تاڵییە، خەمێکی قوڵ بەرۆکی گرتووین رۆژگارێک بێ جیاوازی ژن و پیاو ،بچوک و گەورە تەنها لەبەر کوردبوون؛ حکومەتی فاشیستی بەعس بە دڕندانەترین شێوە هەزاران مرۆڤی سڤیلی لە بیابانەکانی باشور بەزیندوویی زیندە بەچاڵ کردن.
“ئازاری کوردبوون نەبڕاوەیەو بۆ کۆتایی دنیا درێژبۆتەوە”.
هاوار و ناڵەی دایک و کەس و کاری ئەنفالکراوان لە چەمچەماڵ دەگەیشتە کەشکەلانی فەلەک هەرئەوانن بەرگەی ئازارێکی قوڵی وەها دەگرن زۆریشیان لە چاوەروانی ئێسک و پروسکی ئازیزانیان یان بە هیوای گەرانەوەیان سەریان نایەوە؛ جل و بەرگە رەشەکان نیشانەی ئازارو خەمی هەموو رۆژێکی قوربانیانی ئەنفالە کەوەک شەهیدێکی زیندوو دەژین.
گەرانەوەی رووفاتی ١٧٢ ئینسانی بێتاوانی کورد بۆ زێدی خۆیان کەمێک سەبوریدا بە کەسوکاری قوربانیان.
بەڵام ئەوەی گرنگە بوترێت کە بەرپرسانی کورد لە عێراق زیاتر لە خەمی کەیسی ئەنفالدابن، لە ماوەی رابردوو خانمی یەکەمی عێراق خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، هەوڵ و تەقەلای زۆریدا بۆ گەرانەوەی ١٧٢ روفاتی ئەنفال کە لە ساڵی ٢٠١٩ لە بەغداد بوون و بێ لێپرسینەوە مابوونەوە.
ئیتر کاتییەتی ئەنفال وەک جینۆساید کاری جددی بۆ بکرێ و زیاتریش بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بناسێنرێت وەک تاوان و جینۆسایدی رژێمێکی سەرکوتکاری فاشیزم بەرامبەر بەگەلی کورد .
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP