ئامۆزاکانی (تاجیکستان)

ستران عەبدولڵا
18:59 - 2024-03-22

لە چەند جێ ناوی تاجیکستان -م بیستووە و ناوێکە خۆش دێتە گوێ. کۆنترینیان ئەوەیە لە(مەم وزین)ی ئەحمەدی خانیدا لە باسی بندەستی و بەدبەختی کورددا وەک نەتەوەیەکی شەرقی ناوی ریز دەکرێ کە گوایە کوردەکە وەک وان سەردەست و سەرفراز نییە. دوایی ناوی شاعیرێکی ئاوارەی کرماشانی، ئەبو قام لاهوتی، لەگەڵ باسوخواسی تاجیکستان دێت. ئەم شاعیر و مونەوەر و مێژوونووسە کە لە نیوەی یەکەمی سەدەی بیستەمدا نفوزدار و دەردەداری رووداوەکانی مەشروتە و سەفەری جەنگاوەر سەتار خان بۆ تاران دەبێت، بەسەرهاتی زۆرە. کاک لاهوتی ئێران و قەرەباڵەغی رووداوەکانی جێدێلێ و دەچێتە تاجیکستانی سۆڤێتی. لەوێ تۆژینەوەیەکی مێژوویی بەناوی کورد و کوردستان لەروانگەیەکی مارکسیانە دەنووسێ کە دوایی دکتۆر جەبار قادر بە تەرجەمەیەکی تێر و تەسەلەوە بڵاویدەکاتەوە.
تاجیکستان وەک مەفتەنی خەونەکانی ئەبو قام لاهوتی لێ دێت .هاوڕەگی و هاوزمانی تاجیک و فارس سەرەڕای جیایی ئەلفابێتای نووسین رێگە لەبەردەم ئەم کوردە کرماشانەیە تەخت دەکات ، گەشە لەدوای گەشە دەگاتە پلەی وەکیل وەزیری رۆشنبیری کۆماری تاجیکستانی سۆڤێتی . مامۆستا ئەنوەر سوڵتانی لەسەر سەرگوزەشتەی لاهوتی و شیعر و ئەدەبیاتەکانی بە زۆری فارسی و کەمی کوردییەوە. کتێبێکی هەمەلایەنە چاپدەکات. دەگوترێ لاهوتی تەنانەت نووسەری دەقی سرودی رەسمی کۆمارەکە بووە.بەواتا جێی متمانەی هەموان لە دوشەنبە تا مۆسکۆ.
جارێکی تر ناوی تاجیکستان لەگەڵ ناوی شاعیر و منەوەر سەدرەدین عەینی درەوشایەوە. عەینی بەشێکە لە دونیای ئەدەبیاتی سۆڤێتی کە زوو زوو خانەی داروغا و دارو لتەقدمی مۆسکۆ بەرهەمەکانیانی بەعەرەبی چاپدەکرد. بەم چاپ و پەخشانە وڵاتی سۆڤێت گەرەکی بوو بڵێ میللەتانی موسڵمانی (ستانستانەکان) ، لە ئۆزبەکستان تا تەتەرستان و کازاخستان ، داغستان تا تورکمانستان و تاجیکستان، خۆش دەژین و گەشاوەن و چێژ لە سۆشیالیستەکەی رەفیق لەنین دەبینن و گوایە برای گیانی بە گیانی تۆلستۆی و دیستۆفسکی و گۆرکی و شۆلۆخۆفن ، ئەوەتا رەسول حەمزەتۆف و سەدرەدین عەینی و جەنگیز ئیتماتۆف شیعر و رۆمان و داستان دەنووسن و بەسەد زمان و زاراوە ، با گشتی بە حەرفی روسی (گریلکی ) برا گەورە بنووسرێت ، چاپ دەبێت و لێی دەرژێ . مامۆستای بەهەشتی عەزیز گەردی کە لە هەشتاکان (داغستانی من) ی حەمزەتۆف کردە کوردییەکی وا شیرین هەبوون سوێندیان خوارد کاکم کوردە و بە ئاوارەیی کەوتۆتە کۆماری ئۆتۆنۆمی داغستانەوە.
لە نەوەدەکانیش هات( سەدرەدین عەینی، چەند لاپەڕەیەك لە سەربوردەی خۆم)ی لە ئینگلیزییەوە وەرگێرا. قوربان وەهەقت وا جوان لێی دواوە دەڵێی باسی مەلایەکی بەحرکە دەکات ، نەک شاعیرێکی بوخارا و تاجیکی دوورە دەست.
بەم دوایەش لە باسی نەورۆز و ئاهەنگی بەهاردا زوو زوو کەنیشکی تاجیکی ،بە جلی ئاڵوواڵای مۆدێرنەوە ،گۆرانی دەڵێن و (دیگەمسۆ )ی خۆمانی بەسەردا دەکەن.
وا دوو رۆژە کاک بۆکان جافی بەهرەمەندی هەڵەبجەیی لە گۆگۆڵ و دەستەخوشکەکانی داوامان لێ دەکات ئالای تاجیکستانی سەربەخۆی دوای دەورانی سۆڤێتی بگەشێنینەوە تا ئاڵای کوردستان حەڵال و زوڵاڵ بکەین.
تاجیکی دوورن و نیازیان خراپ نییە و زیانیان بۆ ئێمە نییە، ئەگەر نزیکەکان هانیان نەدەن بە بیانووی حەقی موڵکیەی فیکرییەوە شکاتمان لێ بکات . ئێوە دەڵێن چی؟

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP