لەتیف نێروەیی
چەند ڕۆژێکە بەبێ ڕەچاوکردنی مانگی رەمەزانی پیرۆز کەمانگی خێرو ئاشتی و لێبوردەییە ،هەروەها بەبێ رەچاوکردنی جەژنی نەورۆز کە جەژنی نەتەوەیی و هێمای یەکڕیزی وتەبایی گەلی کوردستانە ،هەروەک بەبێ رەچاوکردنی ئەو هەل و مەرجە هەستیارەی کە هەرێمی کوردستانی پیایدا تێدەپەڕێت، هەڵمەتێکی توندی ناڕەواو بێ ماناو بەزمانێکی زبر لەدژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەستی پێکردووە ، لەسەر ئەو هەڵمەتە ئێمە بە گیانێکی بەرزی بەرپرسیارانەوە خۆمان لەوەڵامدانەوەی ئەو جۆرە پەیامانە دورەپەرێز دەگرین و وەڵامیان نادەینەوە . چونکە لەلایەکەوە قۆناغە پێویستی بەیەک ریزی و تەبایی و رێکخستنی ناو ماڵی کورد هەیە بۆئەوەی پێکەوە رووبەرووی ئاڵنگاریەکان ببینەوە ،لەلایەکی دیکەوە ئەوانەی هەڵمەتەکەیان دەستێکردووە، لەو تیپە وەرزشییە دەچن کە دڵنیان لەوەی ناتوانن یاریەکە ببەنەوە و ئەنجامی یارییەکە بەشكستی خۆیان کۆتایی پێ دێت ،بۆیە هەوڵی تێکدانی یارییەکە دەدەن ، بۆ ئەو مەبەستە گێچەڵ بە حەکەم و چاودێرانی یارییەکە دەکەن و هەوڵیش دەدەن شەربە کابتن و یاریزانانی تیپەکەی بەرامبەر بفرۆشن تاوەکو یارییەکە تێکبدەن . بۆیە ئێمە وەکو میدیای یەکێتی دانبەخۆماندا دەگرین و وناکەوینە ژێرکاریگەری ئەو جۆرە پەیامانە و بێ دەنگی هەڵدەبژێرین .
جگە لەوە ئەوەی بەلای ئێمەوە گرنگە تەنها دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاک وبێگەردە لەکاتی دیاریکراوی خۆیدا بۆئەوەی کۆتایی بەو مەترسی و ئاڵنگاریانە بێنێت کە رووبەرووی هەرێمی کۆرستان بونەتەوە ، نەک سەرقاڵکردن و بێزارکردنی هاوڵاتیانی هەرێم بەپەیامی زبری بێ مانا .چونکە هاوڵاتیانیش چاویان لە وەرگرتنی مووچەی خۆیانە ،نەک لە پەیامی توندو شەری راگەیاندن .
بەسەرچوونی زمانی زبرو چەواشەکارانە
. راستییەکی دیکەش هەیە کە سەردەمی زمانی زبرو پەیامی ناراست و چەواشەکاری بەسەرچووەو هاوڵاتیان ناکەونە ژێرکاریگەری ئەو جۆرە پایامانە ،بەڵگەش بۆ ئەو راستییە ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوکە. چونکە ئەگەر بەپەیامی زبرو ناوزراندن بووایە ئەوا لەهەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عيراقدا ، دەبووایە لایەنێکی سیاسی کوردستانی هەموو کورسییەکانی پارێزگای کەرکوک وناوچەدابرێراوەکانی دیکەی ببردایەتەوە، یان ئەگەر بەبڵاوکردنەوەی پەیام و هەواڵی ناراست و چەواشەکاری بووایە ئەوا دەبووایە لایەنێکی دیکەی کوردستانی هەموو کورسییەکانی کەرکوکی بۆخۆی مسۆگەربکردایە ،بەڵام ئەنجامەکان دەریانخست کە جەماوەری کوردستان وشیارەو نەک ناکەوێتە ژێرکاریگەری ئەو جۆرە پەیامانەوە ،بەڵکو بێزاربووە لەو جۆرە پەیامانە و باکارهێنانی کارتی زمانی زبرو ناوزراندن ،یان بەردەوامبوون لەسەر بڵاوکردنەوەی پەیامە ناراست و چەواشەکارییەکان لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستاندا دوو کارتی خەوش و سوتاو دەبن .
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP