خانەقی بەهەشتەکەی سەرزەمین و داگیرکەری نازداری دەروون و خۆشەویستەکەی بیر و هۆشم ، وەکو باوەگەزێکەی مەحاڵە بتوانم پەی بە گشت یادەوەرییەکانی ببەم، بەڵام هەر جارە و دووبارەی بەختی خۆم تاقیی دەکەمەوە رەنگە و لەوانەیە (عسى و لعل) بگەمە مرازی خۆم .
هەڵکەوتەی جوگرافی ئەم شارە گەرمەسێرە ،کوردستانی رۆژ هەڵات و کوردستانی باشور بە یەک دەبەستێتەوە .
خانەقی شارێکی پر خێر و بەرەکەتە لە رووی کانزایی و کشتوکاڵی و بازرگانی و پیشەسازی و گەشتوگوزارەوە.
بابەتی ئەمجارەی مشتوماڵی بیرەوەرییەکانم تایبەتە بە باخەکانی خانەقی کە وەکو پشتێنەیەکی سەوز کەمەری شارەکە دەڕازێنێتەوە ، لەو باوەڕەدانیم هیچ شارێکی تری کوردستان لە روویباخ و باخدارییەوە خۆی بدات لەشانی خانەقی
سەرچاوە مێژووکان ئاماژە بە جوانی و فراوانی و پر بەرەکەتیی باخەکانی خانەقی دەدەن.
خاوەنداریەتی بەشێک لە باخەکان دەگەڕێتەوە بۆ هەندێ جولەکەی نشتەجێبووی خانەقی .
رووباری ئەڵوەن سەرچاوەی سەرەکی دروستبوونی باخەکانە بەڵام نابێت لێرەدا باسی باڵەجوو نەکەین کە لەسەردەمی عەبدولکەریم قاسم لە رووباری سیروانەوە هێنایان بۆ ناو شاری خانەقی ، بێجگە لە باخەکان ، سودی باش بە دێهاتەکانی ئەو دەڤەرە بۆ کشتوکال و برنجی دەکە و بنکورە دەگەیەنێ . هەروەها جێی خۆیەتی باسی ئەو بەنداوە تازەیە بکەین کە بەفەرمانی عەبدولەتیف رەشید لە دوای روخانی بەعس لە سەروی خانەقی دروستکرا کە هەم بۆ رزگاربوون بوو لە لافاوی ئەڵوەن ، هەم بۆ رزگاربوون بوو لە وشکەساڵی ،بۆ باخەکان بێجگە لە خۆشکردنی ئاوهەوای ناوچەکە بەسوودن بۆ پەرەپێدانی گەشتوگوزار لە شارەکەدا.
ئای چەند خۆشحاڵ دەبووین لە کاتی گەڕانەوەمان لە بەغدادەوە بۆ خانەقی بە سەیارە کۆستەرەکەی خالو حەمید دارەوەگ و گەیشتنمان بە سەر تەپەکەی (گردەکەی) مەلکشای و دەرکەوتنی دەریاچەیکی پان وبرین لە باخەکانی خانەقی وەکو تابلۆیەکی یەکچار جوانی کەسک و دەستکردی رەنجدەرانی خەڵکی شارەکە و لەکاتی شۆڕبوونەوەماندا بۆ ناو شارە بێ وێنەکەی خانەقی ، یەکسەر هەستت بە فێنکی و بۆنی باخ و هاژی ئەڵوەن دەکرد .
لە دایکبوونم لە خانوەکەی خەلیفە سایەخان بووە کە پشتی بە جۆگەی عالیاوە و باخەکانەوە و لە بەرامبەری ئەڵوەنیش بووە ، وابزانم ئەمە وایکردووە کە ڕەگی دارخورماکان لە دڵ و دەروونمدا شین ببنەوە...!!بێجگە لەمە باوکم لە رێگای ماممەوە خەریکی باخ و باخداری بوو بۆ کەسابەت و پەیداکردنی رزق کە زۆر جار لەگەڵ سوعادی خۆشکم بە سەبەتە میوەکانمان دەخستە سەر سەرمان و دەمانبرد بۆ دوکانی باوکمان لە بازاڕ کە لە تەنشت خانەکەی فایەق ئەفەندییەوە بوو ، داخەکەم چەند شەڕم بە سوعادی خوشکم دەفرۆشت بە بێ هۆ تا دەگەیشتینە لای باوکمان.....!؟
هەر لە مناڵییەوە ئاشنای ئەم وشانەبووم: کوێچە باخ و تولە رێی (رێی باریک) و جەوە (جۆگە)ی ئاودانی درختەکان و خانەباخ (جێی حەوانەوەی باخەوان و کۆگای کەرەستەی باخداری و بەرهەمەکان) و توبێلە (ئامرازی سەرکەوتن بە سەر دارخورما) و سەرام (بڕینی خوشە خورمای دارەکان) و زگار (کۆکردنەوەی خورمای سەر ئەرز) و تەوش (میوەی زیاد گەییو سەر ئەرز) و خۆشە خورما (هێشوە خورمای پێگەیشتوو) سەعاف (گەڵای دارخورما) و کەراب (بنی سەعاف)خەستەخەڵال (خورمای نەگەییو) .
هەروەها شارەزابووم بە جۆرەکانی مار ، وەکو رەشەمار و مار ئاوی کە بێ ژەهر بوون و کڵوفتە مار کە سەری پان و کورت و ژەهردار بوو . بینینی چەقەڵ و رێوی و سەگی هار و جیاوازیم لە نێوان تەیرەکان و هێلانەکانیان دەکرد .
خەڵکی خانەقی بەگشتی و جەلەوە بەتایبەتی بایەخی زۆریان بە بەبولبولی خورما (خورما خورە) دەدا.
هەندێجار لەگەڵ حەمید ئەکبەری هاوڕێم دەچووین بۆ هێنانی بەچکە بولبولی ناو هێلانەکان چونکە حەمید خولیای بە خێوکردنی بولبول بوو لە قەفسدا، تائێستاش هەوڵی دایک و باوکی بەچکە بولبولەکە لە یادم دەرناچێ کە چۆن لە دەوروبەری سەرمان باڵە فڕە و زیکە زیکیان دەکرد و جاروباریش خویان دەدا بە زەویدا وەکو شیوەن جگەرسووتاوێک بۆ کۆرپەکەی .ئەم دیمەنە لەگەڵ تراجیدیای ئەو ژنەی لافاو مناڵە کۆرپەکەی برد لە کاتی لافاوەکەی پار ساڵی هەولێردا ، لەیادەوەریمدا تێکەڵ بوون و غەمباریانکردم و چاوەکانیمان پڕکرد لە ئەسرین .
راداری دیاریی کردنی شوێنی مار لە باخەکاندا بولبولەکان بوون ،کە بە پۆل لە دەوروبەری شوێنەکە دەفڕین و زیکەزیکیان دەکرد لەترسی ئەوەی مارەکە نزک نەبێتەوە لە هێلانەکەیان و هێلکە یان بەچکەکەیان قوتبدات ،بەمەش باخەوان و خەڵکی نزیک لەو شوێنە بە ئاگا دەهاتن و هەوڵی کوشتنی مارەکەیان دەدا.
باشترین مار کوژی ئەو سەردەمە لە جەلەوە عەباس مایخان بوو، بەردەوام بەدوای ماردا دەگەڕا و شارەزابوو، توفاقی مار کوشتنیشی هەبوو ،خۆشیان باخیان هەبوو .
مارەکانیش هەندێجار خەڵکیان دەگەزی و بە هەلاکەتیان دەبرد .
خاڵو یاوەر خەڵکی ئاغەوخەلیفە بوو پیاوێکی ئەسمەر، چاو رەش و تیژ ،نەباریک و نەقەڵەو نە باڵا بەرز و نە کورت ، دشداشەی کەمێک کورتی لە بەردەکرد و قایشی پانی لە کەمەری دەبەست و جامانەی لە سەر دەبەست ،قولابی باخەوانی لە کەمەر دادەنا ، کەمێک بە پەلە دەرۆشت ،خاوەن خێزان بوو .ئەم پیاوە باخەوان بوو. کێشەیەکی دەروونی هەبوو لە بەهاران و لە کاتی بەرهەمهێنانی پاقلەدا تێکدەچوو و دەهری دەبوو ، کەس نەیدەوێرا نزیکی بێتەوە و بەتەنها لە باخەکەی خۆی دەمایەوە ، خەڵکیش دەیانووت یاوەر دیسان شێتبووە و کەس لێی نزیکنەبێتەوە، ئە مەش بوو بە مایەی دەردەسەری بۆ خۆی و کەسوکاری .
خاڵو یاوەر لە باخەکەی خۆی مارێکی کوشندە پێوەیدەدات و دەست بەجێ دەیکوژێ و کۆتایی بە ژیانی دەهێنیت ، لەو حاڵەتەی رزگاری دەبێت کە نە لە شێت و نە لە عاقل دەچو ...!!
بۆ ئەوسەردەمە یەکەم کەس بوو لە خانەقی کوشتەی ژەهری مار بوو ...
دارخورمای نێر و مێی هەیە لە بەهاراندا ،دەبووایە باخەوانەکە تۆوی نێرەکە وەکو توخوم موتوربەی دارە مێیەکان بکات . هەندێ جار لە کاتی لابردنی سەعاف و کرابە وشکەکان وەکو تراشکردنی سەری دارخورماکان و موتوربەکردن و سەرامدا ،باخەوانەکان بە توبێڵە سەردەکەوتن بۆ سەری دارخورماکان و جاروبار دەکەوتنە خوارە و تووشی ناڕەحەتی سەخت دەبوون .
ساڵانە لە کاتی بڕینی بەرهەمی دارخورماکان (سەرام) ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی رۆژ هەڵاتی کوردستان دەهاتن بۆ کاری باخەوانی لە خانەقی لەگەڵ خەڵکدا بە هەرەوەزی خورمایان کۆدەکردەوە و بەشی خۆیان لە خورماکە دەبرد.
بەداخەوە لەم سەردەم و رۆژگارەدا باخەکانی خانەقی وەکو جاران نەماون و زۆربەیان بە شۆڤڵ و بلدۆزەر لە ڕەگەوە هەڵکنراون و تەختکراون. لە سەردەمی رژێمی گۆڕبەگۆڕدا بە بیانوی سەربازی و ئاسایشەوە یان وشکبوونەوە بە هۆی کەمیی ئاو یان سووتاون و یان دارخورماکان سەربڕاون بە هۆی چاو چنۆکی هەندێ ناکەس بەچەی شارەکە بۆ ئەوەی بیکەن بە عەرەسە و بیفرۆشن وەکو ئەرز بیکەن بە بینا، ئەمەش دەرئەنجامی بێ دەسەڵاتی و بێ باکی ئیدارەی شارەکە و بەربڵاویی گەندەڵییەلە دامودەزگاکاندا.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP