د.به‌رهه‌م ساڵح: تیرۆر و گەندەڵیی دوو دیوی یەک دراون

عێراق
13:49 - 2022-05-24

سەرۆک بەرهەم ساڵح لەمیانی پێشوازیکردنی لە شاندێکی پەرلەمانی ئەوروپا، جەختیکردەوە لەگرنگی ریشەکێشکردنی تیرۆر و پێکهێنانی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتیی بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی

د. بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق ئەمڕۆ سێشەممە 24ی ئایاری 2022 لەکۆشکی سەلام لەبەغدا پێشوازیکرد لە شاندێکی پەرلەمانی ئەوروپا بەسەرۆکایەتی خاتوو ناتالی لۆیزۆ، سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری.

لە دیدارەکەدا سەرۆک بەرهەم، پتەوکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان عێراق و یەکێتی ئەوروپا وەک هاوبەشێکی سەرەکی لەبوارە جیاجیاکان دووپاتكرده‌وه‌، بەتایبەتی لە بەگژاچوونەوەی تیرۆر و توندڕەوی و رووبەڕووبوونەوەی شانە نووستووەکانی داعش و پەرەپێدانی توانای ھێزە ئەمنییەکانی عێراق لەرێگەی سوود وەرگرتن لە شارەزایی ئەوروپا بۆ ئەو مەبەستە.

ھەر لەدیدارەکەدا سەرۆک کۆمار ئەوەشی خستەڕوو کە پێویستە هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی پێکبهێنرێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی هاوشێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە تیرۆر، چونکە گەندەڵی ئابووری سیاسی توندوتیژی و تیرۆرە، بۆیە بەبێ وشککردنی سەرچاوەکانی گەندەڵی ناتوانرێت تیرۆر لە ناوببرێت، ھەروەھا ئاماژەی بەوەشدا تیرۆر و گەندەڵی دوو دیوی یەک دراون و تەواوکەری یەکدی و خزمەت بەیەکتر دەکەن و بەردەوامی بە یەکتر دەدەن.

لە تەوەرێکی دیکەی دیدارەکەدا سەرۆک بەرھەم باسی لەوەکرد کە ھێزە ئەمنییەکانی عێراق بەردەوامن لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان بۆ ریشەکێشکردنی شانە نووستووەکانی تیرۆر کە مەترسیان لەسەر ئاسایشی عێراق و ناوچەکە دروستکردووە، ھەروەھا جەختیکردەوە لە پێویستی کۆتایی ھێنان بە ململانێ و قەیرانەکانی ناوچەکە و جیھان و چەسپاندنی ئاشتی و ئاسایش وەک بنەمایەکی گرنگی ریشەکێشکردنی تیرۆر.

لەلای خۆیەوە خاتوو ناتالی لۆیزۆ رایگەیاند یەکێتی ئەوروپا پابەندە بە پشتیوانیکردن لە ئاسایش و سەقامگیری عێراق و بەهێزکردنی توانای هێزە ئەمنییەکانی عێراق بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر، ھاوکات ئاماژەی بە رۆڵی گرنگی عێراق کرد بۆ بەگژاچوونەوەی داعش و هەوڵەکانی بۆ بەرقەرارکردنی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکەدا.

 

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP