ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق: بە یاسای لێبووردنی گشتی نزیکەی 28 هەزار زیندانی ئازادکراون

عێراق
11:06 - 2025-07-10


ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق رایگەیاند، بەهۆی یاسای لێبووردنی گشتییەوە نزیکەی 28 هەزار زیندانیی ئازادکراون.
بەگوێرەی راگەیەندراوی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق، تاوەکو ئێستا کۆی ئەو زیندانییانەی یاسای لێبووردنی گشتی دەیانگرێتەوە و ئازادکراون گەیشتووەتە 27 هەزار و 974 کەس.
ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق دەشڵێت، ئەو تۆمەتبارانەی بانگێشتانامەی دادگایان بۆ دەرچووە، یاخود فەرمانی دەستگیرکردن و ئەوانەشی بە بێ ئامادەبوون حوکم دراون، گەیشتووەتە 119 هەزار و 315 کەس.
ئەنجوومەنەکە دەڵێت، بەهۆی ئازادکردنی ئەو ژمارە زۆرەی زیندانییان بڕی پارەی خەرجکراو بۆیان کە دەگەڕێتەوە، زیاترە لە 22 ملیار و 374 ملیۆن دینار.
ئەوەش لەکاتێکدایە، یاسای لێبووردنی گشتی عێراق لەچوارچێوەی سێ یاسا مشتومڕاوییەکە لە دانیشتنی 21ـی کانوونی دووەمی 2025، لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەنگی لەسەردرا.
یاسای لێبووردنی گشتی، هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە، بەوپێیەی لەساڵی 2023ـەوە پرۆژەیاسایەک لە ئەنجوومەنی وەزیران بۆ پرسی لێبووردنی گشتی ئامادەکراوە و چاوەڕوانی دەستپێکی دانیشتنەکانی پەرلەمانی کوردستانە بۆ دەنگدان لەسەری و پەسەندکردنی.



بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP